* نەوژین
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رەدی دەکاتەوە بە هیچ شێوەیەک لەنێو چاکسازیەکانی ژنان لەشفرۆشی کرابێت و دەڵێت: گەر بەوشێوەیە بێت، دەستلەکاردەکێشمەوە.
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەمڕۆ شەممە (٢٣ـی کانونی یەکەم) کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسی لەبارەی لێدوانی داواکاری گشتی پێشوی سلێمانی کە وتبوی: ژنان لە چاکسازیەکان براون بۆ کاری لەشفۆرشی ئەنجام دا و لەمیانی کۆنگرەکە دا رایگەیاند: رەدی دەکەمەوە روداوی لەم شێوەیە لە ماوەی چوارساڵی کارکردنی من دا رویدابێت و گەر بسەلمێندرێت کە شتێکی لەم شێوەیە رویداوە، دەستلەکاردەکێشمەوە.
ئەو هەروەها لە درێژەی قسەکانی دا وتیشی: ئەم جۆرە لێدوانانە تەشهیرن و ئاشتی کۆمەڵایەتی تێکدەدەن.
هەفتەی رابردو ناز نوری، سەرۆکی پێشوی داواکاری گشتی سلێمانی، لە چاوپێکەوتنێکی دا لەگەڵ ماڵپەڕی (درەو) رایگەیاند: ژنێک کە بەهۆی کاری لەشفرۆشی دەستگیرکرابو لەنێو چاکسازی گەوران پێی راگەیاندم: ئێمە زۆر بێزاربوین، شەوان دەمانبەنە دەرەوە و کاری لەشفرۆشیمان پێدەکەن.
وتبوشی: ئەمەی باسی دەکەم ساڵانی (١٩٩٩) و (٢٠٠٠) بوە، لەنێو سجنەکان ئێستا زیاتر لەوە رودەدات.