* نەوژین
ژنێکی کوردی دانیشتوی شاری هەڵەبجە هاوشێوەی سێ ژنی دیکە بوە براوەی خەڵاتی پاڵەوانی مافەکانی ژینگە، لەبارەیەوە دەڵێت: وەرگرتنی ئەم خەڵاتە مانای وایە توانیومانە کارێکی بچوک بکەین بۆ ژینگە.
هێرۆ وەکیل، خانمە چالاک و بەڕێوەبەری رێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان، هاوشێوەی سێ ژنی دیکە بو بە براوەی خەڵاتی (ژنانی پاڵەوانی مافەکانی ژینگە بۆ ساڵی ٢٠٢٣).
خەڵاتەکە ساڵانە لەلایەن سەنتەری جنێف بۆ مافەکانی مرۆڤ، دەبەخشرێتە ئەو ژنانەی لەبواری ژینگە کاردەکەن، ئەوەش لەپای هەوڵ و ماندوبونەکانیان بۆ پاراستنی ژینگە.
لەبارەی وەرگرتنی خاڵاتەکە، ئەو خانمە چالاکە بە نەوژینی وت: زۆر دڵ خۆشم، وەرگرتنی ئەم خەڵاتە مانای ئەوەیە ئێمە بە کار و چالاکیەکانمان توانیومانە کارێکی بچوک بکەین بۆ ژینگە، وەرگرتنی خەڵاتەکە هۆکار دەبێت بۆ بەردەوامبونم.
وتیشی: کێبڕکێیەکی قورس بۆ بون بە براوەی خەڵاتەکە هەبو، دڵخۆشم توانیم لەو کێبڕکێیە براوەبم.
هێرۆ وەکیل، ٣٨ ساڵ، دانیشتوی شاری هەڵەبجەیە، ماوەی چەند ساڵێکە لەڕێگەی رێکخراوی نوێ وە لە بواری ژینگە کاردەکات.