فلۆرانس.. دامەزرێنەری پیشەی پەرستاری مۆدێرن

2025/05/12    49 جار بینراوە


* نەوژین

رۆژی جیهانی پەرستاران لە رۆژی لەدایکبونی یەکەم پەرستاری مۆدێرنەوە وەرگیراوە، کە ئەویش ژنێکە بەناوی فلۆرانس کە هاوکات داهێنەری پیشەکەیە.

فلۆرانس نایتنگەیل، رۆژی ١٢ـی ئایاری ١٨٢٠ لە شاری فلۆرانس لە ئیتاڵیا لەدایکبوە، دوای ساڵێک خێزانەکەی بەرەو وڵاتی بەریتانیا رۆشتون و لەوێ نیشتەجێبون، پیشەی سەرەکی بەردەستیکردنی پزیشکان بوە، بەڵام لەدوای دەستپێکردنی شەڕی کریمە واتا شەڕی نێوان بەریتانیا و فەرەنسا لەگەڵ روسیا لەساڵی ١٨٥٤، نازناوی پیشەکەی گۆڕا، ئەمەش بەهۆی ئەو گرنگیپێدانە زۆرەی بە بریندارەکانی دەدا.

نازناوی ‘خانمی چرا’ـی پێبەخشرا بو، چونکە شەوان بە چرایەکەوە بەنێو بریندارەکان دەسوڕایەوە و برینەکانی بۆ تیماردەکردن.لە شەڕەکە دا و دوای ماوەیەک کرا بە بەڕێوەبەری هاوپیشەکانی کە ژمارەیان بەپێی سەرچاوە مێژوییەکان ٢٩ ژن بوە.

لەدوای کۆتایی هاتنی شەڕ ساڵی ١٨٦٠، فلۆرانس نەخۆشخانەی تۆماس و قوتابخانەی راهێنانی نایتنگەیل ـی بۆ پەرستاران دامەزراند و لەڕێگەیەوە چەندین کەس پەرستاریان کرد بە پیشە، ئەوەش لەکاتێک دا بەر لەو کاتە، زۆرینەی خەڵک لە ماڵەوە لەلایەن ئەندامانی خێزانەوە چاودێری دەکران. 

فلۆرانس، ساڵی ١٩١٠ لە تەمەنی ٩٠ ساڵی، شەوێک لە خەودا لەنێو ماڵەکەی کۆچی دوایی کردوە.

بەهۆی خزمەتە زۆرەکەی لە بوارەکە، کونسوڵی گشتی پەرستاران لەساڵی ١٩٧٤ـەوە رۆژی لەدایکبونی ئەم خانمەی کردوەتە رۆژی جیهانی پەرستاران و لەو رۆژە دا پەرستاران لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان ئاهەنگ دەگێڕن و داواکارییەکانیان بۆ لایەنی پەیوەندیدار بەرزدەکەنەوە.
 
بە پێی ئاماری سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٥٠ هەزار کارمەندی تەندروستی هەن، لەم نێوانەش دا ژمارەی پەرستاران ٢٩ هەزار کەسە. واتا رێژەی ٥٨%ـی کۆی کارمەندانی تەندروستی پێکدەهێنن.
 



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,491,132     ژمارەی میوان 1457

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە