جیاوازی چینایەتی و پەیوەندی بە زیادبونی توندوتیژیەوە

2023/11/28    542 جار بینراوە

 

بەهار مونزیر

مێژوی سەرهەڵدانی وەستانەوە بەرامبەر توندوتیژی، مێژویەکە لەگەڵ هۆشیاری زیاتر سەر هەڵدەدات لەسەر ئاستی جیهاندا لە بەرگ، شێواز و ناوەندی جیاوازدا. لە هەر وڵاتێك چەند لەیەكچون هەبێت ئەوەندەش جیاوازی هەیە لە جۆرەکانی توندوتیژی و چۆنیەتی بەرەنگاربونەوەی. 

با لێرەدا تیشك بخەینە سەر ناوچەی خۆمان (هەرێمی کوردستان). لەگەڵ سەرهەڵدان و دروستبونی رێکخراو و بەتایبەتی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، یەکێك لە سیاسەتە گرنگەکانیان پرسی توندوتیژییە، ئەمەش رونە کە هەر دەزگا و رێکخراو یان حزبێك، سیاسەتی خۆی دادەڕێژێت، تا ئاستێك وا باو بوە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەتایبەتی رێکخراوی ژنان کارییان تەنها بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بێت.

با لێرەدا بوەستین لەسەر ئەوەی کە لە هەرێـمی کوردستان دا سەرەتای دروستبونی رێکخراوە حزبیەکان و رێکخراوە سەربەخۆکان پێش دروستبونی رێکخراوە ناحکومیەکان کە تەنها لە چوارچێوەی حزبدا باس دەکرا، ئەگەر حزبێك وەك ئەوەلیەتی خۆی سەیری کردبێت ئەوا دەیخستیتە ناو پەیڕەو و ئەجێندای خۆیەوە، هەروەها زۆرێك لە حزبەکانی کوردستان سیاسەتێکی رون و راستەوخۆیان نەبوە بۆ بەرەنگاربونەوە و وەستانەوە بەرامبەر توندوتیژی، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی رێکخراوە ناحکومیەکان بە پشتیوانی نەتەوە یەکگرتوەکان و وڵاتانی رۆژئاوا، ژمارە و بونی رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی زیادی کرد لە نێویاندا رێکخراوەکانی ژنان و ئەو رێکخراوانەی گرنگی بە پرسی ژنان دەدەن. 

چەمکی توندوتیژی بە فراوانی لەدوای راپەڕینەوە بە چەند ساڵێک هاتە سەر زاری  هاوڵاتیان و میدیاکان، ناوەندە جیاوازەکان بەکاریان دەهێنا، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پێش ئەو مێژوە، توندوتیژی بەم شێوەیەی ئێستا چەمکێکی باو نەبو، وەستانەوە بەرامبەری بەڕێکخراویی نەدەبینرا، بەڵام لەگەڵ ناسینەوەی توندوتیژی و پێناسەی جیاواز و خوێندن لە زانکۆکان، ئەم چەمکە بوە چەمێكی باو و پاڵی بە زۆر بابەت و داخوازی تری ژنانەوە نا کە بونیان و ناو هێنانیان بۆ کۆی بزوتنەوەی ژنان گرنگی خۆی هەیە، یاخود بگاتە ئەو قۆناغەی کە کەمتر باس لە قۆناغی پێش توندوتیژی بکرێت کە جیاکارییە لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی، واتە جیاکاری دواتر توندوتیژی، لەهەمان کاتدا جیاکاری چینایەتی، جیاکاری بە هۆکاری ئاینی و نەتەوەیی هتد، کە رەگێکی سەرەکی دروست بون و گەشەکردنی توندوتیژییە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا.

توندوتیژی دژ بە ژنان بە درێژایی مێژو قبوڵکراوە و تەنانەت بەئاسانیش قبوڵکراوە، زیاتر لە دو هەزار ساڵ لەمەوبەر، یاسای رۆمانی دەسەڵاتی ژیان و مردنی بە پیاوێک دا بەسەر ژنەکەیدا. لە سەدەی هەژدەهەمدا، یاسای گشتی ئینگلیزی رێگەی بە پیاوێک دا کە ژنەکەی و مناڵەکانی بە دارێک یان چەقۆیەک کە لە پەنجەی گەورەتر نەبێت، سزا بدات. ئەم "فەرمانڕەوایی پەنجەیە" لە ئینگلتەرا و ئەمریکا بەردەوام بو تا کۆتایی سەدەی ۱۹. 

زۆرێک لە فێمێنیستەکان دەڵێن توندوتیژی دژ بە ژنان دەرئەنجامی کلتورێکی قوڵی پیاوسالارییە کە هاندەرە و پاداشت دەدات بە زاڵبونی پیاوان، ئەوان دەڵێن کە لە کلتوری پیاوسالاریدا پیاوان ئەگەری زیاتریان هەیە توندوتیژی بەکاربهێنن بۆ ئەوەی پێگەی زاڵیان بپارێزن (Origins of Violence Against Women).
ئەو ژنانەی لە ماڵە خراپەکانەوەن ئەو ماڵانەی کە ژنان تیایدا کۆنترۆڵ دەکرێن و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، ئەگەری ئەوەیان زیاترە کاتژمێرێکی کەمتر کاربکەن و کەمتر بەرهەمدار بن کاتێک کار دەکەن. ئەمەش  لە روانگەی کۆمەڵناسەکانەوە هەژمونی پیاوسالاری دروست کردوە و ژنانی وەک هەژمون لەسەرکراو هێشتوەتەوە لە کۆمەڵگەدا بەدرێژایی ئەو مێژوەی هەیە.
هەر بۆیە ئاستی بەرزی توندوتیژی خێزانی دەتوانێت ژمارەی ژنان لە هێزی کاردا کەم بکاتەوە و بەدەستهێنانی شارەزایی و پەروەردەی ژنان سنوردار بکات و ببێتە هۆی کەمبونەوەی وەبەرهێنانی گشتی و سەرچاوە و داهاتی گشتی و کەمی خزمەتگوزارییەکان (International mandatory fund).

لە توێژینەوەیەکدا بە ناوی پەیوەندی نێوان کارکردن و داهات و توندوتیژی خێزانی دژی ژنان، باس لە نزیکایەتی نێوان کار و توندوتیژی خێزانی دەکات کە چەند پەیوەندی راستەخۆ هەیە لە نێوان کاری دەرەوە و کاری ناوماڵ و توندوتیژیدا. لە کۆتایی توێژینەوەکە دەردەکەوێت ئەو ژنانەی لە ماڵەوە کاردەکەن زیاتر روبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە بە بەراورد بەو ژنانەی خاوەنکارن، ئەم توێژینەوەیە لە لایەن (The national library of medicine) لە ناو ژنانی ئەسفەهان لە وڵاتی ئێران ئەنجامدراوە. کەوایە ناکرێت ژنان بێبەشکەین لە مافێک بە هۆکاری ناپەیوەندیدار.

لە هەرێمی کوردستان کەمتر باس لە هۆکاری دروستبوونی جیاکاری نێوان چین و توێژەکان دەکرێت لە پەیوەندی بە کەمی و زۆری رێژەی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان، بەڵام ئەم جیاوازییە چینایەتیە دەکرێت بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکان دابنرێت کە ئابوری  تاک و خێزانە، بۆ دانانی کاریگەری نەرێنی لە پەیوەندی نیوان تاکەکان و ناسەقامگیریی لە ناو خێزانەکاندا. لە زۆر جاردا توندوتیژی دەرونی، جەستەیی، ئابوری، زارەکی و... هتدـى لێدەکەوێتەوە.

لەکاتی قەیرانی ئابوری خێزاندا، پیاوان لە ژێر فشاری ئابوریدا دەگەنە قۆناغێک کە توندوتیژی بەرهەم دەهێنێت و دەکرێت پێشتر وا نەبووبێتن، هەر بۆیە دۆسیەی ژن هەبوە کە  باسی خراپی  دۆخی ئابوری کردوە وەک سەرچاوەی توندوتیژی لە نێوان خۆی و هاوسەریدا.

لەهەمان کاتدا توێژینەوەی کەم هەیە لەسەر ئەم بابەتە هەستیارانە، بۆشاییەکی گەورە هەیە لە نێوان ئاکادیمیا و کاری مەیدانی و نەبونی سەنتەری لێکۆڵێنەوەی کارا بۆ دەرخستنی ئەم کێشانە و خستنەڕوی لە رەگەوە، لەوەی چۆن کار بکرێت و تێگەیشتنی قوڵ هەبێت بۆ بونی ئەم کێشانە بۆ ئەوەی بگاتە ئەو شوێن و ناوەند و رێکخراوانە کە لە زۆر کاتدا زۆر بە روکەش مامەڵە لەگەڵ پرسەکاندا دەکەن. ئەمە لەلایەکەوە، لە لایەکی دیکەوە بونی ئاستەنگی لە گەشەکردنی ئەو رێکخراوانەی سەربەخۆ کاردەکەن بۆ گەشەکردنی بزوتنەوە مەدەنیەکان و دروستکردنی گۆڕانکاری و فەزای گشتی لە پێناو لەقکردنی ئەو تێگەیشتنە گشتیە کە دەیەوێت ژن لەو بەرگەدا بهێڵێتەوە چ وەك تاکێكی بێکار، چ وەك مرۆڤیکی لاواز کە بەئاسانی توندوتیژی روبەڕوبێتەوە.

ئەمەش ژنان زیاتر دەخاتە ماڵەوە، پەراوێزیان دەخات کە وەک تاکی سەرەکی خێزان لە ناو ماڵەکەیدا مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت، ئەمە بەجیا لەوەی کە لە ناو خێزانە سەرمایەدارەکاندا ژنان لە زۆر کاتدا هەر پەراوێز دەخرێن بە هۆکاری جیاکاری لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی و بە بیانوی بەهێزی باری ئابوری خێزانەکە ژن دەستەمۆ دەکات و لە پیاوی جیادەکاتەوە و پێگەی لاوازی پێدەدات.

بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەسەرئەم بابەتە تیشک دەخەینە سەر باوەڕی فیمینستە سۆسیالیستەکان کە پیاوسالاریی و سەرمایەداریی پێکەوە گرێدەدەن و لای ئەوان جگە لە جەختکردنەوە لەسەر نایەکسانی رەگەزی وەک هێزێکی کولتوری کە لە پیاوسالارییەوە سەرچاوە دەگرێت، لەهەمان کاتدا جەخت دەکەنەوە لەسەر سیستەمی ئابوری سەرمایەداری و بە سەرچاوەی سەرکوتی ژنانی دادەنێن و ئامانجیان لەناوبردنی ئەم پێکهاتەیە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی ژنان (Master class essay).
 
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,653,986     ژمارەی میوان 1678

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە