خواستی خێزانەکان بۆ مناڵی کوڕ رێژەی کچ کەمدەکاتەوە

2023/10/07    844 جار بینراوە

 

* نەوژین، دێژین سدقی

هەبونی خواستی زۆر بۆ هەبونی مناڵی کوڕ، خێزانەکانی ناچار بە دیاریکردنی رەگەزی مناڵ بەڕێگەی پزیشکی کردوە، ژنێک دەڵێت: هەبونی مناڵی کوڕ بەها بە ژن دەدات، بۆیە پەنا دەبەینە بەر ئەو کارە، پزیشکێکیش باس لە زیانەکانی ئەنجامدانی ئەو کارە دەکات.

ژیمان عەلی، ژنێکی گەنجە کە ماوەی تەنها چەند مانگێکی کەمە ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە، دەیەوێت مناڵی ببێت، بەڵام لەترسی ئەوەی مناڵەکەی کچ بێت، سەردانی پزیشکی کردوە بۆ ئەوەی خشتەیەکی خواردنی بۆ دابنێت و مناڵەکەی ببێت بە کوڕ. 

لەبارەی هۆکاری ئەنجامدانی ئەو کارە، ژیمان بە نەوژینی وت: لە خێزان دا مناڵی کوڕ بەراورد بە کچ خۆشەویستترە، مناڵی کوڕ بەها بە ژن دەدات لەلایەن هاوسەری و کەسوکاری هاوسەرەکەی.

ئەم کارەی ژیمان کە لە ئێستا دا بە کارێکی ئاسایی دەبینرێت و زۆرینەی پزیشکانی ژنان و مناڵبون لە کوردستان و جیهان ئەنجامیدەدەن، بەپێی توێژینەوەیەک کارێکی مەترسیدارە و کاریگەری دەکاتە سەر رێژەی مێ لە جیهان دا.

ئاژانسی Euro news لە توژینەوەیەک دا ئاشکرایکردوە: لە دە ساڵی داهاتو دا رێژەی لە دایکبونی کچ بە رێژەیەکی بەرچاو کەمدەبێت، بەشێوەیەک پێشبینی دەکەین لە ساڵی ٢٠٣٣ (٤.٧) ملیۆن کچ لە جیهان کەمبکەن، لەبەرامبەریش دا رێژەی کوڕ (٣٣%) زیادبکات.

هاوکات لە کوردستانیش ئامارەکان مەترسیدارن، پزیشکێک ئاماژە بەوەدەکات (٨٠%)ـی ئەو ژنانەی سەردانی دەکەن داوای مناڵی کوڕ دەکەن.

د.ئەرشەد مستەفا، پزیشکی گشتی، بە نەوژینی وت: زۆرینەی ئەو ژن و پیاوانەی کە سەردانم دەکەن و کێشەی نەزۆکیان هەیە داوای مناڵی کوڕ دەکەن، دەتوانم بڵێم رێژەی ئەو ژنانەی داوای مناڵی کوڕ دەکەن بەراورد بە کچ (٨٠%)ـە.

لەبارەی هۆکارەکەشیەوە، ئەو پزیشکە وتی: هۆکاری جیاوازیان هەیە، بەڵام زۆرینە بەهۆی ئەوەیە کۆمەڵگە حەز بە مناڵی کچ ناکەن، هۆکاری دیکەش ئەوەیە کاتێک مناڵی کچیان دەبێت بیردەکەنەوە مناڵێکیش کوڕیشیان هەبێت. 

ژیان، ناوی خوازراوی ژنێکی دیکەیە، تەمەنی ٣٨ ساڵە و دانیشتوی شاری دهۆکە، دایکی پێنج کچ و کوڕێکە، وەکخۆی دەڵێت: لەدوای بون بە دایکی چوار کچ بڕیارم دا بۆ دوگیانبونی جاری داهاتو سەردانی پزیشک بکەم و رەگەزی مناڵەکەم بکەم بە کوڕ، ئەوە بو سەردانی پزیشکم کرد و خشتەی خواردنی بۆ خۆم و هاوسەرەکەم دانا و دواتر مناڵەکەم کوڕ دەرچو.

بە گشتی بۆ دیاریکردنی رەگەزی مناڵێک کە هێشتا نەهاتبێتە نێو سکی دایکی، دو رێگە هەیە، رێکخستنی خواردنی دایکەکە و باوکەکە، بەشێوەیەک هەندێک خواردن لە سیستەمی خواردنی دایک و باوک زیاد دەکرێت و هەندێکیش کەم دەکرێت، هەروەها لە هەمان کات دیاریکردنی کاتی جوتبونیان، رێگەی دوەمیش دانانی مناڵی بلوریە.

وەک د.ئەرشەد، ئاماژەی پێکرد: هیچ یەک لەڕێگەکان رێژەی سەرکەوتنیان سەد لە سەد نییە، بەڵام دەتوانم بڵێم بە رێژەی هەشتا بۆ نەوەد لە سەد ئەگەر هەیە سەرکەوتوبن. 

وتیشی: رێگەی دوەم (مناڵی بلوری) رێگەیەکی دڵنیایی ترە، بەڵام خەرجیەکی زۆر دەخاتە ئەستۆی دایک و باوکەکە.

سەرباری ئەوەی پزیشکان کارەکە بە بێ زیان دەبینن و ئەنجامی دەدەن، بەڵام خانمە پزیشکێکی ژنان و مناڵبون باس لە هەندێک زیان دەکات کە بەهۆی ئەم کارەوە خێزانەکان توشی دەبن.

د. پەروین جەبار، بە نەوژینی وت: بە زۆری چونکە هەمیشە ئەنجامەکان بەپێی خواستی دایکان نیین، بۆیە دایکان توشی نەخۆشی دەرونی، خەمۆکی و دڵڕاوکێ دەبن، جگە لەوەش لە روی داراییەوە خەرجی زۆر دەوێت و کار لە دەکاتە سەر لایەنی ئابوری خێزانەکان.

هاوکات پزیشکێکی تایبەتمەندی کۆمەڵگە بەردەوام بون لەسەر ئەم کارە بە مەترسی بۆ سەر رێژەی کچان دەبینێت.

د. نازک عەبدولحەکیم، بە نەوژینی وت: ئەگەر ئەم دیاردەیە بەردەوامی هەبێت داهاتوی کۆمەڵگە و کەمبونی ژماڕەی کچ بەرامبەر بە کوڕ لە مەترسیدا دەبێت، رێژەی توندوتیژی زیاد دەبێت و هەڕەشە لە سەر تاک و پڕۆسەی مرۆڤایەتی دروستدەبێت.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,377,347     ژمارەی میوان 608

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە