دەرمانەکانی سپیبونەوەی پێست تاوەکو چەند کاریگەری لاوەکیان لەسەر تەندروستی هەیە؟

2025/02/14    706 جار بینراوە


* نەوژین، سومەیە ساڵح

بە دودڵیەکی زۆرەوە لەبەردەرگای ئەو کلینیکە دانیشتوە کە پێیان وتوە وەرە’ لەڕێگەی دەرزی موغەزیەوە بە زەمان سپیت دەکەینەوە’، دەترسێت، زانیارییەکی کەمی هەیە کە ئەو دەرزیەی بۆ سپیبونەوە بۆی دەکەن توشی کێشەی تەندروستی بکات، بەڵام دەڵێت: هاوسەرەکەم پێی وتوم دەبێت هەر خۆم سپی بکەمەوە.

ئەمە دۆخی خەندەی تەمەن ٣٣ ساڵە کە ژنێکی دانیشتوی قەزای کەلارە، “هاوسەرەکەم بەزۆر داوام لێدەکات خۆم سپی بکەمەوە، چونکە حەزی بە ژنی ئەسمەر نییە و منیش ئەسمەرم، سەردانیکردنم بۆ ئێرە بە ویستی خۆم نییە، دەترسم و پێموایە کێشەی تەندروستیم بۆ دروست دەبێت”، خەندە لەکاتی چاوەڕوانی دا بۆ ئەنجامدانی دەرزییەکە وای وت.

دەرزی موغەزی سپیکردنەوە، ماوەیەک دەبێت لەنێو کوردستان بە گشتی بوەبە باو، “خانمان بۆ بەدەستهێنانی پێستێکی سپی و بێ پەڵە سەردان بکەن.. بەیەکەم جەلسە هەست بە گۆڕانکاری لە رەنگی پێستت دەکەیت.. بۆچی ئەسمەر بیت، کاتێک سپیبونەوە ئاسانە”، ئەمانە چەند دروشمێکی ئەو سەنتەرانەن کە دەرزی سپی بونەوە ئەنجامدەدەن.

دەرزی موغەزی سپیکردنەوە، یاخود گلوتاسیۆن\گلوتاثیۆن چییە و بۆچی بۆ روناککردنەوەی پێست بەکاردێت؟

گلوتاسیۆن دژە ئۆکسێنەرێکی سروشتییە کە لە جەستەدا هەیە، گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستی خانەکان و پاککردنەوەی جەستە لە هەندێک مادەی زیانبەخش. بەکارهێنانی بۆ رونکردنەوە و سپیکردنەوەی پێست بەهۆی توانای کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی میلانین و گۆڕینی رەنگکردن بەرەو جۆرە سوکەکانی میلانین ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێناوە. بەڵام بەڵگەکانی پشتگیری لە کاریگەرییەکەی سنوردار و رای جیاوازی لەسەر هەیە.

پزیشکێکی پسپۆڕ باسلەوە دەکات گونجاوە گلوتاسیۆن بەڕێگەی دیکە بەکاربهێنردرێت بۆ سپی بونەوە، بەڵام بە موغەزی کاریگەری لاوەکی لەسەر تەندروستی دروستدەکات.

د.سوارە حەمید، پزیشکی پسپۆری پێست و جوانکاری، وتی: گلوتاسیۆن بەچەند شێوەیەک بەکاردەهێندرێت، دەتوانرێت بەشێوەی خەپلە یاخود حەب، بەشێوەی کرێم بەکاربهێندرێت، ئەمانە سەلامەتن. ئەوەی زۆرترین مشتومڕی لەسەرە بەهۆی کێشەی سەلامەتی و نەبونی بەڵگەی بەهێز بەکارهێنانیەتی لەڕێگەی موغەزییەوە.

لەبارەی ئەوەشی کە ئایا لەڕێگەی موغەزییەوە سەلامەتە؟ بەڵگە پزیشکیەکان چی لەبارەیەوە دەڵێن، وتی: گلوتاسیۆن لەڕێگەی خوێنبەرەوە نە سەلمێندراوە کە کاریگەرە بۆ سپیکردنەوە و رونکردنەوەی پێستی بەردەوام و نە بە تەواویش سەلامەتە، توێژینەوەکان کاریگەرییە نەرێنییەکانی وەک تێکچونی کارکردنی جگەر، کاردانەوەی توندی پێست و کێشە و ئاڵۆزیی تر، بەتایبەتی کاتێک بە شێوەیەکی نادروست بەکاردەهێنرێت، کاردانەوەی هەستیاری توند و تەنانەت کێشەی مەترسیدار بۆ سەر ژیان باس دەکەن. 

ئەو بەڵگە زانستیانەی پشتگیری لە گلوتاسیۆن دەکەن بۆ سپیکردنەوە و رونکردنەوەی پێست سنوردار و بێ ئەنجامن. هەندێک لە توێژینەوەکان کەمبونەوەی سوک لە ئاستی میلانین نیشان دەدەن لەگەڵ حە ب و کرێم، بەڵام ئەم کاریگەریانە زۆرجار کاتین. گلوتاسیۆنی دەرزی دەماری خوێن بەڵگەی بەهێزی کاریگەری نییە، و زۆرجار بانگەشەکان لە بازاڕکردندا زیادەڕەوییان تێدا دەکرێت، د.سوارە حەبیب وای وت.

خەندە کە هاوکات دایکی سێ مناڵە، پێش دەرزی موغەزی، بۆ سپی بونەوە چەند چارەسەرێکی دیکەشی لە چەند شوێنێکی دیکە تاقیکردوەتەوە، بەڵام وەکخۆی وتی، “هیچ سودم لێنەبینین“.

د.سوارە دەڵێت: گرنگە خانمان هەمیشە پێش دەستپێکردنی هەر چارەسەرێکی سپیکردنەوە و رونکردنەوەی پێست، راوێژ بە پسپۆڕێکی شارەزا لە چاودێری تەندروستی بکەن. ئاگاداری بانگەشەی زیادەڕەوی بن، دڵنیاببنەوە لەوەی کە چارەسەرەکان لەلایەن پزیشکانی مۆڵەتپێدراوەوە بەڕێوەدەبرێن کە بەرهەمی سەلامەت و رێکخراو بەکاردەهێنن، چونکە وانەبێت سود لە چارەسەرەکە نابینن.

وادیارە هاوشێوەی وەک خەندە، زۆرن کە دەیانەوێت لەڕێگەی دەرزی موغەزییەوە، خۆیان سپی بکەنەوە، رۆشنا حەسەن، دەرچوی بەشی پەرستاری و کارمەندە لە سەنتەرێکی جوانکاری، باسلەوە دەکات هەفتانە چەند نمونەیەکی هاوشێوە سەردان دەکەن.

وتی: ناتوانم بڵێم رۆژانە بەڵام هەفتانە و هەندێک جار لە هەفتەیەک چەند کەسێک سەردانی سەنتەرەکەمان دەکەن، بۆ ئەنجامدانی دەرزی موغەزی سپی بونەوە، پێمان دەڵێنەوە کە کاریگەرییەکەیان هەستپێکردوە، نازانم لەبارەی ئەوەی کە گوایە زیانی بۆ تەندروستی هەیە، بەڵام ئێمە وەک سپیکردنەوە پێمان دەڵێن کاریگەری هەبوە.

زیاتر وتی: بەدڵنیایی هەر کەسێک موغەزی بەکاربهێنێت سپی بونەوە یان بۆ چارەسەری هەر بابەتێکی دیکە، کاریگەری لەسەر لەشی ئەو کەسە دروستدەکات، بەڵام ئێمە تاوەکو ئێستا پێمان نەوتراوە کە زیانی زۆرە یاخود قەدەغە بکرێت، بەڵکو بەڕێگە پێدانی وەزارەتی تەندروستی بەکاریدەهێنین.

خەندە، کاتی ئەوە هات بڕواتە ژورەوە و دەرزییەکەی بۆ بکەن، بەڵام هێشتا دودڵ بو لە کردنی یاخود نەکردنی، لەکۆتاییدا بڕیاری دا ئەم چارەسەرش تاقی بکاتەوە، بەڵام وتی: جگە لەم چارەسەر هیچی دیکە تاقی ناکەمەوە جارێکی دیکە، بەڵێنم بەخۆمداوە. چیتر تەندروستیم دەخەمە پێش روخسارمەوە.
 



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,278,695     ژمارەی میوان 4465

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە