بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی گەرمیان: تاکە شەڵتەرەکەی گەرمیان پارێزراو نییە

2023/09/14    466 جار بینراوە

 

* نەوژین، محەمەد مەحمود

لە گەرمیان تەنها یەک شەڵتەری تایبەت بە داڵدەدانی کچان و ژنانی هەڕەشەلێکراو هەیە، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیانیش دەڵێت: شەڵتەرەکە پارێزراو نییە.

لە تەواوی ئیدارەی گەرمیان تەنها یەک شەڵتەری تایبەت بە داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو بونی هەیە، ئەویش لە قەزای کەلار دایە.

لەبارەیەوە ژیلوان عادل، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان، بە نەوژینی وت: لەکاتێک دا شەڵتەر شوێنێکە دەبێت زۆر پارێزراو بێت، بەڵام لە گەرمیان تاوەکو ئێستا شەڵتەرەکەمان نە بینای هەیە و نە شوێنێکی پارێزراویش.

وتیشی: بەر لە چەند ساڵێک شارەوانی زەویەکی بۆ تەرخان کردین بۆ شەڵتەر، بەڵام هێشتا هەر زەویەکەیە و نەکراوە بە بینا.

بەپێی ئامارێکی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان کە دراوە بە نەوژین، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو مانگی ئەیلول، (٢٨) کەیسی توندوتیژی خێزانی رەوانەی شێڵتەرەکە کراون کە (٢٤ ژن و ٤ مناڵ) بون.

شەڵتەرەکەی گەرمیان کاتیە و تەنها بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر کچان و ژنانی هەڕەشەلێکرای سنورەکە دەتوانن تێیدا بمێننەوە و ئەگەر کێشەکەیان لەو کاتە زیاتر بخایەنێت، ناچار دەنێردرێنە شەڵتەرەکانی شاری سلێمانی.

لەوبارەیەوە هاوکار موکەڕەم، لێپرسراوی بەشی پارێزگاری خێزان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان بە نەوژینی وت: بەهۆی ئەوەی شەڵتەرەکە کاتیە بۆیە زۆرکات بەناچاری کچان و ژنانی نێو شەڵتەرەکە دەنێرینە شەڵتەرەکانی شاری سلێمانی، لەمساڵ دا ١٠ کەیسمان رەوانەی سلێمانی کردوە کە (7 ژن و 3 مناڵ) بون.

بە وتەی بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان، لە پلان دا هەیە شەڵتەرەکە بکرێت بە بەڕێوەبەرایەتی.

ژیلوان عادل، وتیشی: لە وەزارەتەوە باس لەوەکراوە شەڵتەری گەرمیان بکرێتە بەڕێوەبەرایەتییەکی تایبەت و بە هۆبە نەمێنێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەر پلانە و جێبەجێ نەکراوە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,377,532     ژمارەی میوان 750

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە