لەسەر داوای کچێکی کورد بەشی کوردی لە زانکۆی هارڤارد دەکرێتەوە

2023/09/05    708 جار بینراوە

 

* نەوژین

لەسەر داوای کچێکی کوردی دانیشتوی ئەمریکا، بەشی کوردی لە زانکۆی هارڤارد دەکرێتەوە و بۆ ئەمساڵ فێرخواز وەردەگرێت.

دەلال مازن، کچێکی کوردی تەمەن ١٩ ساڵی دانیشتوی شاری شیکاگۆی ویلایەتی ئەلینویە لە ئەمریکا و سەرباری ئەوەی فێرخوازە هاوکات لە رۆژنامەی کرمسنی هارڤارد کاردەکات.

لەسەر داوای دەلال، زانکۆی هارڤاردی ئەمریکی بڕیاری کردنەوەی زمانی کوردیان داوە.

شیلان عەلی دایکی (دەلال) بە نەوژینی وت: زانکۆی هارڤارد لەسەر داوای کچەکەم بڕیاری کردنەوەی بەشی زمانی کوردیان داوە و دەلال یەکەم فێرخواز دەبێت لە بەشەکە.

وتیشی: دەلال ساڵی رابردو داوای کردنەوەی بەشەکەی کرد، بەڵام بەهۆی نەبونی پڕۆفیسۆری پێویست نەکرایەوە، ئەمساڵ دەلال، پڕۆفیسۆری بۆ دۆزینەوە و دواتر بڕیاری کردنەوەی بەشەکە درا.

رۆژی چوارشەممەی هەفتەی داهاتو کە دەکاتە (١٣ـی ئەیلول) یەکەم وانەی فێربونی زمانی کوردی لە زانکۆی هارڤارد دەستپێدەکات.

زانکۆی هارڤارد لە ساڵی ١٦٣٦ دامەزراوە و کۆنترین دامەزراوەی خوێندنی باڵایە لە ئەمریکا.

دەلال، هاوکات وەک کچێکی چالاکیش لە وڵاتی ئەمریکا کاردەکات، ئەوکاتەی پۆلی (١٠) بو چاوپێکەوتنی لەگەڵ هیلاری کلینتن بە ئامادەبونی (١٠٠) کەس ئەنجام دا، هاوکات نوسەری چەند بابەتێکی رۆژنامەوانیە لەبارەی (ژینا ئەمینی)، ئەو کچە کوردەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە بیانوی پابەندنەبونی بە باڵاپۆشی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,377,214     ژمارەی میوان 513

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە