* نەوژین
خانمانی ئیسپانیا یاری کۆتاییان لە خانمانی ئینگلتەرا بردەوە و بۆ یەکەمجار لە مێژوی خۆیان دا بون بە پاڵەوان.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ (٢٠ـی ئاب) یاری کۆتایی مۆندیالی خانمان لە یاریگای ئوسترالیا لە شاری سیدنی، لە نێوان هەردو تیپی خانمانی (ئینگلتەرا و ئیسپانیا) ئەنجامدرا و تێیدا خانمانی ئیسپانیا توانیان بە ئەنجامی (١-٠) براوەبن و ببنە پاڵەوان.
دەستپێکی مۆندیالی خانمانی ئەمساڵ لە رۆژی (٢٠ـی تەموز) بو، پاڵەوانیەتیەکە لەلایەن وڵاتانی ئوسترالیا و نیوزلەنداوە میوانداری کرا، کە ئەوەش بۆ یەکەمجار بو لە مێژوی مۆندیالی خانمان بە هاوبەشی لەلایەن دو وڵاتەوە میوانداری بکرێت.
هاوکات هیناتا میازاوا، خانمە یاریزانی هەڵبژاردەی ژاپۆن بە تۆمارکردنی ٥ گۆڵ بوە گۆڵکاری پاڵەوانیەتیەکە.
مۆندیالی خانمان ماوەی 32 ساڵە بەردەوامە، لەمساڵ دا ژمارەی هەڵبژاردە بەشداربوەکانی مۆندیالەکە لە ٢٤ تیپەوە زیادکرابون بۆ 32 تیپ.