لەدوای نۆ ساڵ، هەزاران ژنی ئێزیدی هێشتا بێسەروشوێنن

2023/08/03    546 جار بینراوە

 

* نەوژین

ئەمرۆ نۆ ساڵ بەسەر داگیرکردنی قەزای شەنگال لەلایەن چەکدارانی داعشەوە تێپەردەبێت، بەپێی ئامارەکان بەهۆی ئەو داگیرکاریەوە نزیکەی چوار هەزار ژن رفێندراون و تاوەکو ئێستاش چارەنوسی زیاد لە هەزار ژن نادیارە.
 
ئەمرۆ (3ـی ئابی 2023) نۆ ساڵ بەسەر داگیرکردنی قەزای شەنگال لەلایەن چەکدارانی داعشەوە تێدەپەرێت، بەپێی ئەو ئامارانەی لەلایەن نوسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزی بڵاوكراونەتەوە، دو هەزار و 855 کەس کوژران، لەو ژمارەیە هەزار و 262ـیان ژن بون.

هاوکات لەکاتی هێرشی خۆیدا بۆ سەر شەنگال و دەوروبەری لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا (6417) کەس لەلایەن رێکخراوی داعشەوە رفێندران، کە لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 548 کەسیان ژنبون، تاوەکو ئێستاش چارەنوسی زیاتر لە (2693)ـیان دیار نییە، لەو ژمارەش (1262)ـیان کچانی مناڵ و ژنن.

هەر بە پێی ئامارەکان زیاد لە هەزار و پینج سەد ژنی ئێزیدی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لەوکاتەدا دەستدرێژی سێکسیان کراوەتەسەر.

ئەو ژنانەی رزگارکراون، قەرەبوی ماددی دەکرێنەوە.

لە مانگی ئازاری ساڵی رابردو، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای 'ژنان و کچانی رزگاربوی دەستی داعش'ـی پەسەندکرد، بەپێی یاساکەش هەمو ئەو کچ و ژنانەی لە دەستی داعش رزگارکراون، قەرەبوی ماددی دەکرێنەوە، بەشێوەیەک مانگانە بڕی 500 هەزار دیناری عێراقی وەردەگرن.

 پێشتریش لە لێدوانێکی دا سەراب ئەلیاس، بەڕێوبەری گشتی کاروباری رزگاربوان لە پارێزگای نەینەوا بە نەوژینی رایگەیاندبو: بەپێی یاساکە هەمو رزگاربویەک قەرەبو دەکرێتەوە، بەڵام سەرەتا تەنها ژنان و کچانی سەرو 18 ساڵ دەگرێتەوە. 

بە نزیكەیی 550 هەزار ئێزدی لە عێراق دەژین، بەهۆی شەڕی داعشەوە نزیكەی 360 هەزاریان ئاوارە بون و هێشتاش لە كەمپەكان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەژین.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,564,370     ژمارەی میوان 862

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە