له‌ بوارى په‌روه‌رده‌دا ژنان له‌ گه‌رمیان له‌ پێش پیاوانه‌وه‌ن

2023/04/06    976 جار بینراوە

 

* نەوژین

خانمە فەرمانبەرێکی زانکۆی گەرمیان لەمیانی ماستەرەکەیدا توێژینەوەیەک دەربارەی بەشداری ژنان لە کایە جوگرافییەکانى قەزای کەلار ئەنجام دەدات و تێیدا ئاشكراى ده‌كات ته‌نها له‌ بوارى په‌روه‌رده‌دا ژماره‌ى ژنان له‌ پێش پیاوانه‌وه‌یه‌.

بەیان عەبدوڵڵا، خوێندکاری ماستەر و هاوکات فەرمانبەر لە بەشی جوگرافیای کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت لە زانکۆی گەرمیان، ماستەرنامەیەکی لەسەر (بەشداریی ژنان لە کایە جوگرافییەکانى قەزای کەلار- توێژینەوەیەک لە جوگرافیای کۆمەڵایەتی) ئامادەکردوە، توێژینەوەکە بەداتای ورد باس لەبەشداری ژنان دەکات لەسەرجەم کایە جۆراوجۆرەکانی قەزاکە دا، هەروەک توێژینەوەکە لەلایەن پرۆفیسۆر د. ئیبراهیم قاسم، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان سەرپەرشتیکراوە.

بەیان، لەبارەی ماستەر نامەکەیەوە بە نەوژین وت: ماستەرەکەم لە چوار بەش پێکهاتوە، بەشێوەیەک بەشی یەکەمی باس لە سەرهەڵدانی بزوتنەوەی ژنان و قوتابخانە فێمینیزمەکان لە کەلار دەکات لەسەردەمی کۆن تاوەکو ئەمڕۆ، لە بەشی دوەمیش دا باسم لە کاریگەری بنەما جوگرافیەکان (سروشتی و مرۆیی) شاری کەلار لەسەر ژنان کردوە لە ماوەکانی پێش ساڵی (١٩٧٠) تاوەکو ئێستا.

ئاماژەی بەوەشکرد: لە بەشی سێیەمی دا توێژینەوەیەکم ئەنجامداوە و تێیدا چەند ئامارێکم کۆکردوەتەوە لەسەر ئەو ژنانەی بەشداریان لە بواری کۆمەڵایەتی، ئابوری و سیاسەت دا هەبوە. 

گفتوگۆی بەڕێوەچونی ماستەرەکەی بەیان عەبدوڵڵا

 

بەشێک لە ئەنجامەکانی توێژینەوەکە بەم شێوەیەن:

- لە بواری سیاسی دا بەشداری ژنان بریتییە لە رێژەی (١١.٦٧٪) بەراورد بە رێژەی پیاوان (٨٨.٣٣٪) لە کۆی بەشداریە سیاسییەکان، هەروەک (٦١.٨٪)ی ژنان هاوڕانین لەوەی ژنان تێکەڵ بە سیاسەت ببن.

- بەشداری ژنان لە سێکتەری پەروەردە لە پیاوان زیاترە، بەشێوەیەک: (٥١.٣٩%)ـی کۆی فێرخوازە تۆمارکراوەکان لە ناوەندە پەروەردەییەکان رەگەزی مێن لەبەرامبەر دا (٤٨.٦١٪)ـیان لە رەگەزی نێرن.

- رێژەی ژنان لە کاری رێکخراو و راگەیاندنەکان (٤٦.٧٢٪ )ـە، پیاوان (٥٣.٢٨٪)ـە.

- ئەو سەنتەرانەی ژنان توانیویانە سودمەندبن لێی رێژەکە (٣.٣٧٪)ـە، بەراورد بە بەشداری رەگەزی نێر کە رێژەکەی (٥.٣٦٪)ـە.

- رێژەی (کوشتن و خۆکوشتنی ژنان) بریتییە لە (٠،٦٪)، (سوتان و خۆسوتاندنی ژنان) رێژەی (٢،١٣٪)، (دەستدرێژی سێکسی) رێژەی (٢،١٧)، (سکاڵا) رێژەی (٨٥.٦٨٪).

- رێژەی ژنان لە کەرتی حکومی بریتییە لە (٥٩.٦٥٪)، بەرامبەر بە رێژەی (٤٠.٣٥٪) پیاوان.

- لە کەرتی سەربازی رەگەزی مێ رێژەی (٣.٢٦٪)ـە، بەراورد بە رەگەزی نێر کە رێژەی (٣٨.٥٤٪)ـە.

- هێزی کاری ژنان لە ئاستی گەڕەکەکانی نیشتەجێبون رێژەی (٢.٢٠٪) کۆی ژنانی تەمەنی کار پێکدێنێت، هێزی کاری ژنان لە مۆڵ و کۆمپانیا و بازاڕە هاوچەرخەکان وەک دیاردەیەکی تازە بریتییە لە (٠.٧٨٪)ـی کۆی ژنانی تەمەنی کار لە قەزای کەلار.

- هاوکات هەر بەپێی ئەنجامی راپرسیەکانی توێژینەوەکەی بەیان، ژنان بە رێژەی (٤٩.٢٪) کۆمەڵگا، (١٩.٦٪) خێزان، (١٥٪) بەرپرسیارێتی، (١٠.٦٪) رەگەز بە بەربەستی بەشداری کۆمەڵایەتی رەگەزی مێ دەبینن لە ناوچەی توێژینەوەکە. 

- هەروەها لە روی ئابورییەوە (٦٦.٨٪)ـی بەشداربوان هاوڕان لەگەڵ ئەوەی سەربەخۆیی ئابوری رۆڵی لە پێگەی ژنان دا هەیە، بۆیە رێژەی (٧٢.٢٪) وەڵامەکانیان ئەوە بوە ئەگەر لەلایەن خێزانیشەوە خەرجی بکرێن هەر ئامادەن کار بکەن، رێژەی (٩٤.٦٪) لە کارەکانیان رازین.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,279,208     ژمارەی میوان 350

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە