ئەی ژن 8ـی ئادار رۆژی تۆ نییە!

2023/03/07    941 جار بینراوە

 

د. پەروین نوری عارف

رۆژی  8ـی ئادار، رۆژی خەبات و هەوڵدانی ژنە، بۆ یەکسانی و ئازادی و بەکەم سەیرنەکردنی ژنان، قوربانییەکان کەمنەبون لە لایەن ژنانەوە بۆ بەدەستهێنانی ئەم دەستکەوتانە.

بەگشتی یادکردنەوەی رۆژی 8ـی ئادار وەکو بارگرانییەکی لێهاتوە! هەندێک فۆرم و نەریت دروستکراوە کە بە ناڕاست پێمان دەڵێت: لەم وڵاتەی ئێمەدا ژن رۆڵی گڕنگی هەیە و تەنانەت ئیدیعای یەکسانی دەکرێت! زۆر لەو فۆرمانە لە نوسینیی سەر کاغەز  بەولاوە هیچی تر نییە، لە واقیعدا ژنکوشتن بوە بە کارێکی فرە ئاسایی، لەزۆر کاتدا سوڵحی عەشایەری خۆشبێت کێ گلەیی دەکات؟!، بۆچی ئەو کەیسانە، بگاتە دادگا و یاسا؟! 

خۆی لە بنەڕەتدا، ملی کچەکان دەکرێن بە پەتیی هاوسەرگیرییەوە ، لەتەمەنیکدا کە نازانن دنیاکەیان چی تێدا حەشاردراوە، لای مەلایەک مارەیان دەکەن لە کوڕێک، کە خۆی نازانێت ، ژیان چی لێدەوێت یان ماڵی باوکیان ژنی بۆ دەخوازن، بۆ ئەوەی عاقڵبێت!!!

پێت دەڵێن کچ لە تەمەنی 7 ساڵیيەوە یان 9 ساڵییەوە بەفیزیکی توانای بەشودانی هەیە!! (ئەی دایکە عایشە ، 9 ساڵ نەبو؟) ئیدی کێ هەیە ئەمە رەد بکاتەوە)، پزیشکەکەیان وادەڵێت.

لەلایەکی ترەوە دەڵێن (ژن کە ناشرین بو شەرعیش رێگا دەدات سەیریبکەیت)!!، من دەپرسم، بێڕێزی بەژن سنوری هەیە یان نا؟!، ئیدی بۆچی چاوەڕواننەبین، لیستی کچ و ژنی کوژراو، رۆژ بەرۆژ ناوی نوێی بچێتە سەر.

کێ داکۆکی لەم قەسابخانەیە دەکات؟ پەرلەمان؟ رێکخراوەکان؟ کێ؟

شەرمەزاریی ئەوەیە، لە وڵاتێکدا بژیت گۆڕستانی هەبێت بۆ ژنە  بێناونیشانەکان، وە لەرۆژی 8ـی ئازار ، کۆڵوانەکەت بکەیتە کۆڵت وەگوێ لە کۆمەڵێک پیاوبگریت باسی مافی ژنت بۆ بکەن!!

من لۆمەی دادگا ناکەم، لۆمەی ئەو ژنانە دەکەم، کە موچەی ملیۆنی وەردەگرن بۆ جوانکردنی دەسەڵاتێک کە گوێ نەک بەژنان نادات، بەڵکو ژیانی لە سەدا 85%ـی ئەم میللەتەی بەلاوە وەکو شتێکی زیادەبێت وایە نەبونی باشترە لە بونی. 

ئاساییە، تەرمی خنکاوانی ئیجە و رێگەی بەریتانیا ، لەسەر ئەرکی ئەوان بهێندرێتەوە بۆ ناشتن، وەلێ ئاسایی نییە، گەنجان ببن بە خاون کار و پیشەی خۆیان، لەفەرمانگەکاندا، پارە نییە بۆ دامەزراندنیان!!

لەدوایدا  دەڵێم: ئەی ژن، تۆ رۆژت نییە، شانازی پێوە بکەیت، رۆژت هەیە بخنکێندرێیت، رۆژت هەیە بسووتێندرێیت، رۆژت هەیە بکوژرێیت، رۆژت هەیە دەستدرێژیت بکرێتەسەر، لەتەمەنی، 8 ساڵیدا، رۆژت هەیە لە پارکی دایک تێرۆر بکرێیت، رۆژت هەیە لە ئیجەدا بخنکێیت…



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,844,516     ژمارەی میوان 1777

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە