د. دیلمان ئازاد، پسپۆڕی پزیشکی دادوەری
شەرم سیفەتێکی جوانە لە هەندێک سیفاتی ناشرین بیکەیت، وەک درۆکردن و دزیکردن و هتد، ئەو سیفاتە ناشرینانەی باسم کردن دەبێت ببنە مایەی شەرمکردن نەک شەرمکردن لە بابەتێکی راست و دروست و زانستی، بەپێی نامیلکەی ماستەرەکەم کە تایبەت بو بە پەردەی کچێنی و دەستدرێژی سێکسی، هەندێک راستی زانستی هەیە دەبێت کۆمەڵگا بیزانیت، ئەو راستییەش ئەمانەن:
١- پەردەی کچێنی، زیادەی ماوەی کۆ ئەندامی زاوزێی مێینەی کۆرپەلەیە کە لە سکی دایکییەتی، زانست ناڵێت پاکیزەیی کچ واتا پەردەی کچێنی، چونکە پاکیزەیی کچ و پەردەی کچێنی لە روی زانستیەوە دو شتی جیاوازن و لە روی پێناسەوەش جیاوازن.
٢- وشەی پەردەی کچێنی لە زمانی کوردی دا وشەیەکی زۆر ناشرینە، دەبێت لە بنەڕەتەوە ناوی بگوڕدرێت، ناوی زانستی (هایمنە) واتا بۆ ناوی پەردەی کچێنی لێبندرێت و بۆ بە (کچێنی و پاکیزەیی) ببەسترێتەوە؟، ئەگەر بێینە سەر عەدل و عەدالەت و بیری کۆمەڵگا، ئەگەر شەڕەفی کچ بە پشکنینی پەردەی کچێنی ببەستینەوە، ئەی شەڕەفی پیاو بە چ ببەستینەوە لە روی پشکنینی زانستی؟ یان تەنها شەڕەف لەسەر ژن هەژمارە و پیاو شەرەفی هەژمار ناکرێت؟
٣- باشە لیژنەیەکی پزیشکی دادوەری هەیە لە کوردستان بۆ پشکنینی پەردەی کچێنی، زۆر جار کە ژن و مێردێکی نوی دەهاتن بۆ پشکنین، کە گوایە کاکی زاوا گومانی هەیە لە ژنەکە و چەند دڵۆپە خوێنێکی نەبینیوە!، دەرئەنجام ئەو کاتە یان دەبوە کێشەیەکی ئەوەندە گەورە یەک عەشیرەت بەو هەمو پیاو و ژنە دەهاتن بۆ پشکنینی ئەو ژنە بەستەزمانە، کە لەشەرمان نەیدەتوانی سەری بڵند بکات یان کاکی زاوا دەیکردە منەت دەیگوت واللە هاتینە بزانم مەسەلەی ئەو ژنەی چییە؟ لە هەموشی خۆشتر هەندێک لە پیاوەکان دەیانگوت (واللە راستیمان پێبڵێن هەتا ستری بکەم).
کە ئەو قسانەم گوێ لێدەبو زۆر بیرم دەکردەوە، دەمویست بپرسم: باشە کاکی زاوا، کە بەم شێوەیە مامەڵە دەکەی و قسە دەکەی دەڵێی ئامێرێکت کڕیوە و دەتەوێ بزانێت ئیش دەکات یان نا؟ ئینجا زۆر جار دەمویست بڵێم ئەی ئەگەر ئەو ژنەت هێناوە بۆ پشکنین دەتەوی بزانیت شەرەفی چۆنە؟ کە پێت وایە بە پشکنینی ئەو پەردەیە، دەتوانی ئەمەت بۆ دەربکەوێت، ئەی ئەزیەت نەبێت چ پشکنینێک بۆ تۆی بەڕێز بکەین بۆ دڵنیابونەوە لە شەرەفی جەنابت؟
ئینجا زۆر جار ئەو ژنانەی کە دەبونە ناوبژیوان و لەگەڵ بوک و زاوا دەهاتن، بە پستە پستێک دەهاتنە بن گوێمان و دەیانگوت (ئێ دکتۆرە پیاوە پیاو، حەقیتی دڵی تۆزێک ئارام بێتەوە و بزانێت لۆ ژنەکەی خینی نابینی؟) دیسان پرسیارم بۆ دروست دەبو دەم وت باشە ئەی ژنەکە بە چ دڵی ئارام ببێتەوە کە پیاوەکە هیچ پەیوەندی نەبەستیوە پێش ئەو ژن هێنانە؟ (یان ببورن ببورن بۆ ئەو ئاساییە).
شتی وا سەرسورهێنەرم بینیوە بەو ١٣ ساڵ کارکردنە کە باسی بکەم تەواو نابێت، جاری وا هەبوە کاکی زاوا باوەڕی بە ئێمەی پزیشک نەبوە لەسەر ئەنجامی پشکنین و بە ئێمەی وتوە (قورئانتان بۆ بێنم دەست لەسەری دادەنێن ئەو کچە خاوێنە؟) ئینجا وەرن ئێوە لەبری ئێمە وەڵامی بدەنەوە.
ئەو بیرە هەڵەیە ئەوەندە بەقوڵی چۆتە ناومان، تەنانەت کەسانی خاوەن بڕوانامەی بەرز هاتونە بۆ پشکنینی پەردەی کچێنی ژنەکانیان کە ئەوە کارەساتە بەڕاستی، لەوەش کارەساتتر ژنەکە (بوکەکە) کە خوێنی نەبینیوە لە شەوی هاوسەرگیری وایزانیوە ئەوە لە روی تەندروستییەوە زۆر ترسناکە و بە دڵە راوکێوە، خۆی هاتوە وتویەتی (دکتۆرە زۆر پێم ناخۆشە بۆ منیش وەک خەڵکی دیکە خوێنم نەبینی؟ دەبێت هی ئەوەی بێت کە قاوەی تاڵم زۆر خواردییە؟ یان هەبو دەیوت دەبێت هی ئەوە نەبێت جارێک بەربومەتەوە؟ یان هەبو دەی وت دەبێت هی لەیزەری مو لابردن نەبێت؟ جۆرەها شتی تری نازانستی کە باسیان دەکرد مانای وابو کە ئەو قسانە لە دایک و داپیرانەوە ماوەتەوە و هەموشی هەڵەیە کەسیش نەهاتوە چاکی بکاتەوە.
کەسی وام بینیوە جۆری پەردەکەی لاستیکی بوە، هاتوە بەزۆرە ملێ مێردەکەی وتویەتی دەمەوێت بە نەشتەرگەری ئەو پەردە کچێنیە لابدرێت. کاتێک پرسیارمان لە کاکی زاوا کردوە کە لەبەرچی دەیەوێت، لایبدات؟ ئایا پرۆسەی هاوسەرگیری مەحال کردوە ئەو پەردە کچێنیە؟ وەڵامی داوەتەوەو وتویەتی ”نەخێر، من دەزانم رێ دەگرێت لەوەی مناڵمان ببێت”.
دواتر بۆمان رونکردوەتەوە، کە لەڕوی زانستییەوە ئەم شتە راست نییە، کەچی ئەو هەر سور بوە، لەسەر بیروڕای خۆی.
لە کۆتا پانێڵی زانستی نێو دەوڵەتی کە بەشداریمکرد لە بەیروت هەمو پسپۆڕان یەک دەنگ بون لەسەر ئەوەی کە پشکنینی پەردەی کچێنی زانستی نییە و هەرگیز بەڵگەی پاکیزەیی نییە.