كچه‌ رفێنراوه‌كان له‌ ئامێزى چاره‌نوسێكى لێڵ دا

2023/01/28    957 جار بینراوە

 

* نەوژین، لەیس حسێن

زیاتر لە هەشت ساڵە چارەنوسی ژمارەیەکی زۆری ژن و کچی گەنج و مناڵی ئێزیدی کە لەلایەن داعشەوە رفێندرابون دیارنیە، سەرباری ئەمانە ئەوانەی ئازادکراون لەدۆخێکی دەرونی سەختدا ژیان بەسەر دەبەن.

لەدوای تێپەڕینی هەشت ساڵ بەسەر داگیرکردنی قەزای شەنگال دا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، تاکو ئێستا سەرباری ئەوەی ناوچەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کۆنتڕۆڵکراوەتەوە، بەڵام هێشتا چارەنوسی ژمارەیەکی زۆر لە رفێندراوان دیارنیە کە بەشێکی زۆریان ژنن، هەروەک کەسوکارانیشیان هێشتا بە ئومێدی گەڕانەوەیانن.

هەدیە لالۆ، ژنێکی تەمەن ٣٢ ساڵە و رزگاربوی دەستی چەکدارانی داعشە، ئەو ئاماژە بەوەدەکات ئەو کاتەی لەژێر دەستی چەکدارانی داعش بوە روبەڕوی چەندین جۆر لە توندوتیژی بوەتەوە، باس لەوەش دەکات هێشتا چارەنوسی دو کچی دیارنین.

ئەو بۆ نەوژینی گێڕایەوە: لەوکاتەی لەژێر دەستی چەکدارانی داعش دا بوم هەرچی زوڵم و ناحەقیەک هەبو بەرامبەرم ئەنجامیاندا، بەردەوام توندوتیژی جۆراوجۆرم لەدژ ئەنجامدەدرا، ئەو ساڵانە زۆر سەخت بون و هەرگیز بیرم ناچنەوە.

هەدیە، تاکە ئەندامی خێزانەکە نەبوە کە لەلایەن داعشەوە رفێندراوە، بەڵکو دو کچیشی لەگەڵیدا رفێندرابون، بەڵام تاکو ئێستا چارەنوس ئەوان نادیارە.

ئەو بۆ نەوژین رونیکردەوە: دو کچم لەگەڵ خۆمدا لەلایەن داعشەوە رفێندرابون، یەکێکیان ئەوکات زۆر مناڵ بو، بەڵام ئێستا چارەنوسی هیچیان دیار نیە، چونکە داعش ئەوکات بەزۆر لێیان دورخستمنەوە، بەهۆیەوە تاکو ئێستا بێ هەواڵم لێیان.

به‌شێك له‌ ژنان دواى رفاندیان ئازاد بون، به‌ڵام مناڵ و كه‌سوكاره‌كانیان هێشتا چاره‌نوسیان نادیاره‌
 

ژنانی شەنگال تاکە کێشەیان رفاندنیان نەبو، بەڵکو چەندین نمونە هەن کە بەهۆی رفاندن یاخود کوشتنی هاوسەر و کوڕ و کچەکانیانەوە ئێستا بێلانە و بێکەس ماونەتەوە. 

نەعام موراد، نمونەیەکە لەم جۆرە قوربانیە، ئێزیدیە و دانیشتوی شەنگالە، ئەو بەچاوی پڕ لە گریانەوە باسی دۆخی خراپی خۆی گێڕایەوە کە لەدوای لەدەستدانی ئازیزانیەوە توشی بوە.

لە گێڕانەوەکەیدا بۆ نەوژین، نەعام وتی: هەشت ساڵ پێش ئێستا هاوسەرەکەم لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندرا، تاکو ئێستا هیچ هەواڵێکی نازانین تەنانەت نازانم مردوە یاخود دەژی، بەو هۆیەوە من ئێستا بە تەنها لەگەڵ کوڕێکمدا دەژیم.

خەمی نەعام بەتەنها خەمی خۆی نیە، بەڵکو بەردەوام بیری لای ئەو ئازیزانەیەتی کە هێشتا لەژێر دەستی داعشدان.

ئەو زیاتر گێڕایەوە: بەردەوام بیرم لەلایەی ئەو ئازیزانەمە کە هێشتا لەژێر دەستی داعشدان، چونکە دەزانم لە چ دۆخێکی خراپدان، ئەزانم رۆژانە توندوتیژی و ئازاردانی جەستەیی و دەرونی لەدژیان دەکرێت، ئەوەی زۆر دڵتەنگم دەکات ئەوەیە هیچم لەدەسەڵاتدا نیە تاکو یارمەتیان بدەم.

(1262) کچ و ژنى ئێزیدی رفێنراون و چاره‌نوسیان نادیاره‌
 

کەسوکاری بێسەروشوێنان گلەییان هەیە و حکومەت بە کەمتەرخەم دەبینن لە کەیسی رزگارکردنی کەسوکارە رفێندراوەکانیان.

وەک نەعام وتی: حکومەت هاوکارمان نیە لە دۆزینەوەی کەسوکارمان، تاکو ئێستا هیچ لیژنەیەک پێکنەهێنراوە بۆ بەدواداچونی رفێندراوان تایبەت لەو کەمپانەی کە کەسوکاری داعش تێیدا دەژین لە عێراق و سوریا.

لەبەرامبەردا حسێن کۆرۆ، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزیدی بە نەوژینی راگەیاند: ئێمە بەردەوام کار لەسەر ئه‌م کەیسانە دەکەین، بەڵام پرۆسەی رزگارکردن سەختە و کاتی زۆری دەوێت، چونکە ناتوانین بە ئاسانی بگەینە شوێنەکان کە لە ژێردەستی داعش دا بون.

ئاشکرایشیکرد: تەواوی پێشبینییەکانمان لەسەر کەمپەکانی کەسوکاری داعشە، بەڵام لەراستیدا تاکو ئێستا بەفەرمی نەمان توانیوە بچینە ئەو شوێنانە، هۆکارەکەش ئەوەیە حکومەتی عێراق لە پارێزگای نەینەوا و لایەنی دەسەلاتدار لە کەمپی هۆڵ لە رۆژئاوای کوردستان لەگەڵمان هاوکار نین.

بەپێی دوایین ئاماری هەمان نوسینگە لە (3ـی ئابی 2014) لەکاتی هێرشی خۆیدا بۆ سەر شەنگال و دەوروبەری لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا (6417) کەس لەلایەن رێکخراوی داعشەوە رفێندران کە تا ئێستاش چارەنوسی زیاتر لە(2693)ـیان دیار نییە، لەو ژمارەش (1262)ـیان کچ و ژنن.

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,868,449     ژمارەی میوان 1703

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە