شادیە بەکر
ماوەی چەند رۆژێکە بابەتێک تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی پڕکردوەتەوەو بەشێک لەرێکخراوەکانیش کەمپینیان لەبەرامبەردا دەست پێکردوە، ئەویش مەسەلەی لەشفرۆشی و دەستگیرکردنی باندی لەشفرۆشییە لە شارەکانی باشوری کوردستان، ئەوەی زۆر پرسیاری لەسەر دەکرێت ئەوەیە بۆچی لەشفرۆشەکان لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێن و دادگا سزای ئەوان ئەدات ئەی لەشکڕەکان؟
منیش هەمان بۆچونم هەیە ئایا ئەگەر لەشفرۆشی تاوانە تەنها بەژن ئەنجام ئەدرێ؟؟ بێ گومان نەخێر پیاوێکیش لەگەلیدا بەشدارە، لەگەڵ لەشفرۆشێکدا لەشکرێک هەیە ئەی بۆچی لەشکرەکە وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچێت؟
بۆچی لەم تاوانە تەنها ژن قوربانییە؟
زۆرینەی ئەوانەی کاری لەشفرۆشی دەکەن هەریەکەیان چیرۆکێکی ناخ هەژێنیان هەیە، قوربانیەک کەجەستەو دەرونی دائەڕزێت، جگە لەڕەتکردنەوەی و قبوڵنەکردنی لەلایەن کۆمەڵگاوە، قوربانی دەستی کۆمەڵگایەکی تا سەر ئێسقان نێر سالارن.
”بەپێی یاسا پیاویش سزا وەردەگرێت“
وەڵامەکەشی بەیاسا ئەدرێتەوە کە لەمادەی (٣٧٧)لەیاسای سزادانی عیراقی ژمارە(١١١) ی سالی ١٩٦٩ داکە لە هەردو برگەی (٢،١) دا باسی دەکات برگەی یەکەم: سزا ئەدرێ بەحەپسکردن ژنی داوێن پیس و ئەوەی داوێن پیسی لەگەڵ کردوە و وادادەنرێت تاوانکار زانیاری هەبێت لەبونی هاوسەرێتی ئەگەر هاتو لەلایەن ئەوەوە نەچەسپێت کەئەو لەتوانایدا نەبوە بەوە بزانێت.
بڕگەی دوەم: بەهەمان سزا سزا ئەدرێت ئەگەر مێرد لەماڵی هاوسەرێتی دا داوێنپیسی بکات.
لێرەدا بەگوێرەی ئەو دەقە پیاو ئەگەر لەمالی هاوسەرێتی داوێن پیسی بکات سزا ئەدرێت بەلام لەهەر جێگایەکی تربیکات سزانادرێت ئەمەشدەربازبونی پیاوە لەسزای ئەم تاوانە وجیاکاری یەکی ئاشکرایە لە نێوان ژن وپیاو بەتایبەت لەم تاوانە.
بەڵام، یاسای ژمارە(٩) ی سالی (٢٠٠١) پەرلەمانی کوردستان هەمواری برگەی (٢) ئەم دەقەی سەرەوەی کردوە بەم شێوەیە بڕگەی دوەم: (مێردی داوێن پیس و ئەو ئافرەتەش کەداوێن پیسی یەکەی لەگەڵ کردوە سزا ئەدرێت بەو سزایەی کە لە بڕگەی (١) ی مادەی (٣٧٧) لەیاسای سزادانی عیراقی ژمارە (١١١) ی سالی ١٩٦٩هەموارکراو هاتوە ). ئەم هەموار کردنەوەیە ئەو جیاکاریەی نەهێشتوە و هەردوکیان ژن وپیاوی داوێنپیس سزائەدرێت.
ئەوەی لێرەدا جێگەی پرسیارە تائێستا نەبیستومە نەبینیومە لەهیچ دادگایەک دادوەر کار بەم هەموارە بکات کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوە، ئەی باشە کاری پەرلەمان دەرکردنی یاساو چاودیری جێ بەجێ کردنی یاسا نی یە؟ مانای چییە پەرلەمانێک خۆی تەشریعی یاسایەک بکات نەتوانێ چاودێری جێ بەجێ کردنی بکات!