دەستدرێژی سێکسی بۆسەر مناڵ گەشتوەتە ئاستێک دەبێت بە خێرایی رێگری لێبکرێت

2021/02/06    1555 جار بینراوە
 
دکتۆر دیلمان ئازاد، پسپۆری پزیشکیی دادوەری 
 
 
ئێمە وەکو پزیشکانی دادوەری لە کوردستان زۆر بە رونی هەست بە زیادبونی ژمارەی حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵ دەکەین، ئەوە لە کاتێکدایە بەشی زۆری حاڵەتەکان ناگەنە لای ئێمە  چونکە دەشاردرێنەوە یان گرنگیان پێنادریت، بەهۆی ناهۆشیاریی تاک و خێزان و کۆمەڵگەوە، بۆیە ناکرێت ئیدی ئەم گرفتە گەورەیە بەهۆی شەرمێکی ناهۆشیارانەوە بشاردرێتەوە و لە بری چارەسەرکردن، پەردەپۆشبکرێ و فەرامۆش بکرێت.
 
چارسەر
 
 
بۆ بنەبڕکردنی گرفتی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵ، یان هیچ نەبێ کەمکردنەوەی، دەبێت کۆمەڵگە هۆشیاربکەینەوە و مەبەستی ئێمەش لەم زنجیرە نوسینانە ئەوەیە. گرنگترین هەنگاو ئەوەیە، لە سیستمی پەروەردە و فێرکردنەوە دەستپێبکەین و بۆ ئەمەش نمونەی سیستمی پەروەردەی بەریتانیاتان بە کورتی پێدەڵێم بۆ ئەم بابەتە، کە لە راوێژکارێکی پەروەردە لەو وڵاتەوە بۆی باسکردوم.
 
 
ئەو وتی ”ئێمە خولێکمان هەیە بەناوی منداڵپارێزی بۆ ماوەی شەش مانگ، ئەو خولە کارمەند و مامۆستای قوتابخانەکان زۆرەملێیە بیبینن، ئەگەرنا ناتوانن لە قوتابخانە کار بکەن“.
 
 
وەکو ئەو باسیکرد،  لەو خولە فێرت دەکەن کە چۆن ئاگاداری منداڵ بیت و رۆژانە تەماشایان بکەین ئایا هیچ شتێکی نامۆ دەبینین لە مامەڵە و هەڵسوکەوتی منداڵەکە یان جێگای زەبر و برینێک دەبینین لەسەر جەستەی منداڵەکە؟ ئەگەر هەر شتێکی وا بینرا خێرا منداڵەکە دەدرێتە لیژنەی چارەسەرکردن و بەزوترین کات چارەسەر وەردەگرێت و بەدوای تاوانبار دەگەڕێین و هەر کەسێک تاوانی دەستدرێژی کردبێت بۆ سەر منداڵ، تا هاتایە لە هیچ دام و دەزگایەکدا کارکردنی فەرمی وەرناگرێت لەو وڵاتە.
 
 
تەماشای ئەو دەوڵەتانە بکەن چۆن منداڵ دەپارێزن، چونکە دەزانن کە منداڵ کۆمەڵگا پێکدێنێت و منداڵی نا تەندروست و دەرون روخاو کۆمەڵگایەکی شکستخواردو پێکدێنێت.
 
 
دەبێت هەرچی زوە پلان بۆ روبەڕوبونەوەی دابنرێت
 
 
بەلای منەوە خیزان زۆر گرنگە بۆ ئەم بابەتە، بەڵام گرنگیی قوتابخانەش لە خێزانی کەمتر نییە، چونکە لەوانەیە ئەو منداڵە دایک و باوکی نەبێت یان دایک و باوکی لە بنەڕەتەوە ئەو هۆشیارییانەیان نەبێت و جگە لەوەش منداڵ کاتێکی زۆری لە قوتابخانە بەسەردەبات، زۆر گرنگە لە سیستمی پەروەردەوە گرنگی بدرێت بە بابەتی هۆشیاریی سێکسی و ریگرێکردن لە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵ و ئەوەی کە منداڵ چۆن پارێزگاری لەخۆی دەکات لە حالەتی گوماناوی و مەترسیداردا.
 
 
لە ئەزمونی خۆمەوە زۆر بینیومە دەستدرێژیی سێکسی بۆ چەند ساڵ بەردەوام بوە بۆ سەر منداڵ، کەچی نە منداڵ زانیویەتی ئاشکرای بکات، نە قوتابخانە دەرکیان پێکردوە، نە دایک و باوک زانیویانە مامەلە لەگەڵ حاڵەتەکە بکەن، هەموشی دەگەرێنمەوە بۆ نەبونی هۆشیاری.
 
 
لیرەوە دوبارە دەکەمەوە کە دانانی پلانێکی تایبەت بۆ بابەتی پارێزگارێکردنی منداڵ بۆ ئیستای کۆمەڵگەی ئێمە زۆر پێویستە.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,721,939     ژمارەی میوان 1971

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە