خانمە چالاکێکی کورد لە کەنەدا خەڵاتێک لەبواری مافەکانی مرۆڤ وەردەگرێت

2022/12/13    796 جار بینراوە

 

* نەوژین

خانمە چالاکی بواری ژنان: شەنگە رەحیم، بوە براوەی خەڵاتێکی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتوەکانی کەنەدا لەبواری مافەکانی مرۆڤ.

شەنگە رەحیم، خانمێکی کوردی دانیشتوی وڵاتی کەنەدایە و بوە بە براوەی خەڵاتی (RENATE SHEARER) بۆ ساڵی ٢٠٢٢، خەڵاتەکە لەلایەن کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتوەکانی کەنەدا لقی ڤانکۆڤەرەوە ساڵانە تایبەت دەدرێت بە باشترینی نێو ئەو کەسانەی لەبوارەکانی مافی مرۆڤ لەوڵاتەکەدا کاردەکەن.

شەنگە لەبارەی وەرگرتنی خەڵاتەکەوە بۆ نەوژین وتی: زۆر هەست بە شانازی دەکەم بە وەرگرتنی خەڵاتێکی لەمشێوەیە، هەروەک خەڵاتەکە پێشکەشی رۆحی ژینا ئەمینی و تەواوی ئەو ژن و کچانە دەکەم کە لە کوردستان بە هەر بیانویەک کوژراون، هیوادارم لەمەبەدوا بتوانم لەپێناو وەرگرتنەوەی مافی ژنان زیاتر کاربکەم و ببمە دەنگی ئەو ژنانەی کەوا بێدەنگ کراون. 

ماوەی ١٤ ساڵە شەنگە وەک رۆژنامەنوس و چالاکی بواری مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەت مافەکانی ژنان سەرەتا لە کوردستان و ئێستاش لە کەنەدا کاردەکات، بەشێک لە کارەکانی پێشتر کە لە کوردستان بوە لەگەڵ رێکخراوی وادی، رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان و گروپی ژیان بوە، هەروەک کاری رۆژنامەوانی لە هەریەک لە دەزگاکانی ئاوێنە، هاوڵاتی و رۆژنامەی مافی ژن کردوە.

 لە ئێستادا شەنگە، رێکخەری Shoe projecaـە کە ئامانج لێی پێشکەشکردنی وۆرکشۆپی نوسینە بۆ ژنانی کۆچبەری کەنەدا کە لە لایەن نوسەری کەنەدی ‘کاسرین گۆڤیەر’ دامەزراوە و لە چەند هەرێمێکی کەنەدا بەڕێوەدەبرێت و شەنگە وەک رێکخەری ناوخۆی شاری ڤانکوڤەر کار دەکات بۆ ئەم پرۆژەیە. 

ئەو دەڵێت: ئامانج لەکاری ئێستام یارمەتیدانی ژنانی کۆچبەرە، ئەوان لەڕێگەی نوسینەوە دەتوانن خۆيان بدۆزنەوە و ببنە دەنگی خۆیان.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,149     ژمارەی میوان 728

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە