لەناوەندی بڕیاری حزبەکاندا ژنان پشتیان پێ نابەسترێت

2022/12/07    905 جار بینراوە

 

* نەوژین، بوستان ناسر

سەرباری ئەوەی رێژەیەکی باش لە ژنان لە ئێستادا بەشداری کارە سیاسیەکانی حزبەکان دەکەن، بەڵام لە ناوەندی بڕیاری حزبەکاندا بەرێژەیەکی زۆرکەم هەن یاخود هەر بونیان نیە، خانمە ئەندامێکی خولی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش لەبارەی هۆکارەکەیەوە دەڵێت: ئەو پیاوانەی لەناوەندی بڕیاری حزبەکانن بڕوایان بە بەشداری سیاسی ژنان نیە.

لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە پێشوتر ژنان زیاتر دێنە نێو بواری سیاسی و کاری تێدا دەکەن، بەڵام زۆر بەکەمی پۆستی باڵای نێو حزبەکان وەردەگرن یان لە ناوەندەکانی بڕیاردا بونیان هەیە.

د. بەسمە محەمەد، سەرۆکی ئەکادیمیای ژنان بۆ سەرکردایەتی لە عێراق، لەبارەی رۆڵی ژنان لەناوەندەکانی بڕیاری حزبەکاندا بۆ نەوژین وتی: چەندین ساڵە ژنانی نێو ئۆرگانە حزبیەکان بەتایبەت ئەوانەی بەرپرسن لە پرسی ژنان هەوڵدەدەن کە رێژەی ژنان لەنێو حزبەکاندا زیاد بکەن، بەڵام لەراستیدا کێشەی سەرەکی ژمارەی ژنەکان نیە، بەڵکو وجودی راستیانە، ئەوە گرنگە تا چەند ئەو ژنە لەو پۆستەدایە وەک ژنێک کاردەکات و بڕیار دەدات نەک وەک پیاوێک.

خانمە ئەندامێکی خولی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باس لەوەدەکات ئەو پیاوانەی لەنێو پۆستە باڵاکانی حزبەکاندان رێگری دەکەن لەبونی ژنان لەناوەندەکانی بڕیاردا.

رێزان شێخ دلێر، پارێزەر و ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق لەسەر فراکسیۆنی یەکێتی، وتی: ژنان بەڕێژەیەکی زۆر بەشداری کارە سیاسیەکان دەکەن، بەڵام کێشە ئەوەیە هیچیان خاوەن بڕیار نین، ئەوان تەنانەت ناتوانن بڕیار بدەن لەسەر خودی خۆیان و چۆنیەتی بەشداریکردنیان و کارکردنیان لەنێو حزبە سیاسیەکاندا، هۆکارەکەش پیاوانی باڵای نێو حزبەکانن، چونکە ئەوان رێگری دەکەن لەبونی ژنان لەناوەندەکانی بڕیاردا و کێشەی کەمی ژنانیش لە نێوەندەکەدا بە کێشەیەکی لاوەکی دەبینن.

 

ئەو ئەندامەی خولی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق حزبەکەی خۆی بە نمونە هێنایەوە، ئاشکرایکرد: یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەرچەندە زۆرکات باس لە یەکسانی جێندەری دەکات و دەڵێت ‘دەبێت پێکەوە هەوڵبدەین و کاربکەین’، بەڵام لەڕاستیدا زۆرینەی ئەو پیاوانەی لە پۆستە باڵاکاندان بڕوایان بە بەشداری سیاسی ژنان نیە، هەروەک تاکو ئێستاش پەیڕەوی نێوخۆی حزبەکە (٢٥%)ـی بۆ بەشداری ژنان کە ناگاتە (١٠%)ـی حزبەکە دیاریکردوە.

لەبەرامبەردا د.هادی عەلی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوی ئیسلامی، ئاماژە بەوەدەکات لەنێو حزبەکەیاندا ژنان رۆڵی کارایان لە ناوەندی بڕیاردا هەیە.

ئەو وتی: هەر لەسەردەمی دامەزراندنیەوە تاکو ئێستا یەکگرتوی ئیسلامی بەبەردەوامی ئەندام سەرکردایەتی ژنی هەبوە و ژنانی نێو حزبەکە کاریگەری جدیان لەسەر بڕیارەکانی نێو حزبەکە هەیە، هەروەک پیاوانی نێو یەکگرتو زۆرکات لەکاتی کۆنگرەدا دەنگ بە کاندیدە ژنەکان دەدەن، چونکە ئێمە بڕوامان بەتواناکانی ژنانی نێو حزبەکە هەیە.

رێژەی ژنان لەناوەندی بڕیاری حزبەکانی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە: پارتی دیموکراتی کوردستان لەکۆی (١٧) ئەندام یەک ژن ئەندام مەکتەب سیاسیە کە ناوەندی بڕیاری حزبەکەیە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەکۆی (١٢٤) ئەندام (٢٦) ژن ئەندام  سەرکردایەتین، هاوکات بزوتنەوەی گۆڕان هیچ ئەندامێکی ژنی لە خانەی راپەڕاندن نیە، کۆمەڵی دادگەریش لەکۆی (٣٥) ئەندام سەرکردایەتی چوار ئەندامیان ژنن و یەکگرتوی ئیسلامی لەکۆی (٤١) ئەندام (١٠) ئەندام سەرکردایەتیان ژنن. 

زۆرکات لەبارەی ئەو هۆکارانەی کە وادەکەن ژنان بەشداری کارای سیاسەت نەبن، دەوترێت خۆیان هۆکارن، چونکە پشتگیری یەک نین، بەڵام وەک بەسمە محەمەد باسی لێوەکرد، هۆکارەکە سیستمی پەروەردەیە نەوەک هەڵەی ژنان.

 

ئەو وتی: ئەوانەی ژنان تۆمەتبار دەکەن راستناکەن و تەنها ئەم مەسەلەیە وەک بیانویەک بەکاردەهێنن، لە راستیدا  پشتگیری نەکردنی ژنان بۆ یەکتر پەیوەندی بە ئەو سیسته‌مە پەروەردەیە پیاوسالاریە کە لێرە هەیە، لێرە هەر لەو کاتەی کە کچ لەدایک دەبێت لە ماڵەوە بەشێوازێک پەروەردە دەکرێت کە جیاوازی هەیە لەگەڵ براکەی لەڕوی دەرفەتی خوێندن و کارکردن و تەنانەت لەو بوارە خوێندنەی کە پێی خۆشە، کچان هەر لە مناڵیەوە بەم شێوازە پەروەردە دەکرێن، بۆیە بەردەوام پیاوانە بیردەکەنەوە و پیان وایە پیاوان شایەنی ئەوەن لە پۆستە باڵاکان بن و بڕیار تەنها دەبێت لای پیاوان بێت، بەپێچەوانەوە ژنان لەم کارەدا سەرکەوتو نین.

"ژنان لەنێو حزبە سیاسیەکاندا چەندە بەتواناتر بن لە پیاوان، لە کۆتایدا هەر پیاوان خاوەن دەسەڵات و بڕیار دەبن و پێگە بەرزەکان دەگرنە دەست، بەشێکی هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ژنان کە پۆستی باڵا وەردەگرن لەلایەن حزبەکانی بەرامبەرەوە بوختانیان پێدەکرێت و تۆمەتی کاری نەشیاویان دەدرێتە پاڵ". رێزان شێخ دلێر، وای وت.

ئەو وتیشی: بابەتی سێکس و سەلامەتی جەستەی لە هەمو شتێک گرنگترە، بەڵام ئەم سەلامەتیە زۆر کەم دەستدەکەوێت لەنێو سیاسەتدا سەرباری ئەوەی کێشەیەکی زۆر گەورەیە، زۆر پێویستە ئەمە بکرێت بەیاسا بۆ هەمو حزبەکان کە ژن هاتە نێو حزبە سیاسیەکەوە دەبێت پارێزراوبێت بۆ ئەوەی هەست بە ئەمان بکات هەرکاتێکیش ژن هەستی کرد پارێزراوە زۆر بە ئازادانە دەتوانێت بەشداری سیاسەت بێت.

 


* ئەم راپۆرتە لەچوارچێوەی پرۆژەی پەرەپێدان بە توانای ژنانی رۆژنامەنوس لەبواری سیاسی دا ئامادەکراوە، کە رادیۆی دەنگ بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق جێبەجێی دەکات.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,558     ژمارەی میوان 1016

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە