له‌گفتوگۆیه‌ك دا توندوتیژی دژى ژنان له‌ گه‌رمیان تاوتوێ ده‌كرێت

2022/11/26    952 جار بینراوە

 

* نەوژین

چالاکێکی ژنان باس لەوەدەکات ئامارەکانی توندوتیژی راستی نین و حاڵەتەکانی توندوتیژی زیاترن لەوەی باس دەکرێن، بەرپرسێکی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی گەرمیانیش دەڵێت: زۆرترین توندوتیژی لەڕێگەی ئامێرەکانی پەیوەندی ئەنجام دەدرێت، هەروەک بەرپرسێکی رێکخراوەکانی ژنانیش ئاماژەبەوەدەکات لەڕێگەی رێکخراوەکانی ژنانەوە رێگری لە کوشتن و خۆکوشتنی چەندین ژن کراوە.

دیجیتاڵ میدیای نەوژین، به‌بۆنه‌ى رۆژى جیهانى بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، گفتوگۆیه‌كى له‌ رێكه‌وتى (٢٢/١٢/٢٠٢٢) له‌ هۆڵی رادیۆی ده‌نگ له‌ كه‌لار بە بەشداری: (نیگار رەشید، چالاکی بواری ژنان، مژدە محەمەد، لێپرسراوی خوشکانی یەکگرتو لقی گەرمیان، هەلۆ حەبیب، بەرپرسی هۆبەی خزمەتگوزاری یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی خێزان لە کەلار) ئه‌نجام دا.

پوخته‌یه‌ك له‌ دیارترین سه‌رنجه‌كانى به‌شدارانى گفتوگۆكه له‌ خواره‌وه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕو

توندوتیژی دژی ژنان لە ناوچەکە لە ئاستێکی بەرز دایە

چالاکێکی بواری ژنان لە گەرمیان باسلەوەدەکات توندوتیژی دژی ژنان لە ناوچەکە لە ئاستێکی بەرزدایە و ئامارە بڵاوكراوه‌کانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان راست نین.

نیگار رەشید، چالاکی بواری ژنان دەڵێت: رێژەی توندوتیژی نەک تەنها لە گەرمیان بەڵکو لە هەمو کوردستان لە ئاستێکی بەرزدایە، ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بڵاودەکرێنەوە راستی نین، ژنانێکی زۆر هەن دەکوژرێن، دەسوتێندرێن و خۆیان دەکوژن، بەڵام هیچ کەس باسیان ناکات و لە ئامارەکان تۆمار ناکرێن.

هاوکات مژدە محەمەد، بەرپرسی لقی رێکخراوی یەکگرتوی خوشکان لە کەلار، هۆکاری زۆری توندوتیژیەکانی گەڕاندەوە بۆ تێکەڵکردنی کلتوری رۆژئاوا لەگەڵ کلتوری کوردی، ئەو وتی: "کلتوری ئێمە باش بو، بەڵام ئەم کێشە و توندوتیژیانەی ئێستا روبەڕوی ژنان دەبنەوە بە زۆری پەیوەندی بە لادان لە کلتوری کوردی و هێنانی کلتوری رۆژئاوا هەیە". 

 

زۆرترین توندوتیژییه‌كان لەڕێگەی ئامێره‌كانی پەیوەندیەوە ئەنجامدەدرێن

لەبارەی جۆری ئەو توندوتیژیانەی کە بە زۆری روبەڕوی ژنانی گەرمیان دەبنەوە، هەڵۆ حەبیب وتی: بەپێی ئەو کەیسانەی دێنە لای ئێمە لە ئێستادا زۆرترین توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان لەڕێگەی ئامێری پەیوەندیەوە ئەنجامدەدرێن، هەروەک خیانەتی هاوسەرگیری و خراپی دۆخی ئابوریش بەپلەی دوەم و سێیەم دێن.


یاسا رۆڵێکی لاوەکی هەیە لە کەمکردنەوەی رێژە و ژمارەی توندوتیژیەکان 

لە هەرێمی کوردستان سەرباری هەبونی یاسایی تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ژنان، بەڵام وەک چالاکوانانی بواری ژنان ئاماژەی پێدەکەن یاساکە نەیتوانیوە وەکپێویست رۆڵی هەبێت لە کەمکردنەوەی توندوتیژیەکان.

نیگار رەشید، دەربارەی ئەم خاڵە وتی: یاساکان بەگشتی هێشتا جیاوازی دەکەن لەنێوان ژنان و پیاواندا، تەنانەت سزای کوشتنی ژنێک کەمترە لە کوشتنی پیاوێک، ژنان کاتێک پیاوێک دەکوژن حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ دەردەچێت، بەڵام پیاوان کاتێک ژن دەکوژن، تەنها چەند ساڵێک بەند دەکرێن، ئەم کێشەیە لە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانیشدا بونی هەیە و نەیتوانیوە یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا فەراهەم بکات.

بەپێچەوانەوە هەڵۆ حەبیب، پێیوایە هەرچەندە یاساکە کەموکورتی هەیە، بەڵام خاڵی زۆر باشیشی بۆ ژنان تێدایە.

 

هەڵۆ حەبیب وتی: ئەوە راستیە، حوکمی کوشتنی ژنان لە یاسادا کەمترە بەراورد بە کوشتنی پیاوان، هۆکارەکەشی بەڕای من بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تاکو شیرازەی خێزان تێکنەچێت، بەڵام یاساکە خاڵی باشی زۆری تێدایە و هەروەک ئێمە لەڕێگەی سیمیناری هۆشیاریەوە بەردەوام کچان هۆشیار دەکەینەوە لە یاساکان و ئێستا کچان هۆشیارن، لەکاتی هەبونی کێشەیەک یاخود گێچەڵپێکردندا سکاڵا تۆماردەکەن و بەزۆریش کێشەکانیان چارەسەردەکرێت و کەسەکان بە سزای یاسایی دەگەیەندرێن.

رێکخراوەکانی ژنان چیان کردوە بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژی؟

"رێکخراوەکانی ژنان بە ئاڕاستەی حزبەکانیان کاردەکەن، ئەوان نەیانتوانیوە رێگری لە سیستەمی پیاو سالاری بکەن، تەنانەت هەندێکیان کار بۆ هێشتنەوەی سیستەمەکە دەکەن". ئەمانە قسەی نیگار رەشید چالاکی بواری ژنان بو.

لەبەرامبەردا مژدە مەحمود، وتی: ئێمە لەڕێگەی رێکخراوەکەمانەوە کێشەی چەندین ژنمان چارەسەرکردوە، هەروەک چەندین ژنیشمان لە کوشتن و خۆکوشتن رزگارکردوە و بەردەوامیش هاوکاری بەڕێوبەرایەتیەکانی توندوتیژی دژی خێزان دەکەین لە چارەسەر کردنی کێشەی ژنان دا.

 

ئابوری سەربەخۆ نەیتوانیوە بەتەواوی کێشەکانی ژنان چارەسەر بکات

زۆرجار جه‌خت له‌وه‌ ده‌كرێته‌وه‌ بونى ئابورییه‌كى سه‌ربه‌خۆ به‌شێكى كێشه‌كانى ژنان چاره‌سه‌ر ده‌كات، چونكه‌ ده‌توانن پێى بژین، بەڵام وادیارە ئابوری سەربەخۆش نەیتوانیوە ژنان بەتەواوەتی لە کێشەکان رزگار بکات.

وەک نیگار رەشید ئاماژەی پێکرد: کارکردنی ژنان لەدەرەوە هەنگاوێکی باش و گرنگە، بەڵام ئەمەش بوەتە هۆکارێک و بەکاردەهێنرێتەوە دژیان، بەشێوەیەک بەشێک لە ژنان لەلایەن هاوسەر و خێزانەکانیانەوە داهاتەکەیان لێوەردەگیرێت و لێیان زەوت دەکرێت.

هاوکات مژدە مەحمود، وتی: نەک تەنها ئەم کێشەیە، بەڵکو کێشەیەکی دیکە ئەوەیە لە شوێنی کار توندوتیژی بەرامبەر ژنان ئەنجامدەدرێت، وەک چۆن لە نێو خیزانەکانیان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت.


 

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,844,289     ژمارەی میوان 1641

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە