* نەوژین، مه‌ریه‌م خالد
کیسەی هێلکەدان، نەخۆشییەکی هۆڕمۆنیی بەربڵاوە لە نێو خانماندا، کە لە کاتی گەشەی ئەندامی زاوزێ و زۆربون دەردەکەوێت.
دكتۆر: سافیناز ئەبوبەکر، پزیشكی پسپۆری ژنان و مناڵبون، لەڕێگەی نەوژینەوە باس لە نەخۆشی کیسەی هێلکەدان و هۆکار و خۆپاراستن و چارەسەری ئەو نەخۆشییە ده‌كات.
کیسەی هێلکەدان چیە؟
کیسەی هێلکەدان، توره‌که‌ی پڕ له شله‌یە له ناو یان له‌سه‌ر روی هێلکه‌دان دا بە قەبارەی بچوک دروستدەبێت، بەیەکێک له بەربڵاوترین كێشه‌كانی ته‌ندروستی لای کچان و ژنان دادەنرێت.
لە تەمەنی چەند ساڵیەوە کچان ئەگەری توشبونیان هەیە؟
بە شێوەیەکی گشتی لە تەمەنی ١٨ بۆ ٤٤ ساڵی توشی دەبن، بەڵام هەندێکجار مناڵی تەمەن ١١ ساڵیش توش دەبێت.
هۆکارەکانی توشبون بە کیسەی هێلکەدان چین؟
باوترین هۆكاره‌كان بۆ توشبون بەم نەخۆشیە بریتین لە: ناڕێكی هۆرمۆنه‌كان، زیادبونی هۆرمۆنی نێرینه له ژنان دا، قه‌ڵه‌وی، هۆكاری بۆماوه‌یی و هه‌وكردنی حه‌وز.
نیشانەکانی نەخۆشی کیسەی هێلکەدان چین؟
کیسەی هێلکەدان بەزۆری بە ئازارەکەیدا کە لە بەشی خوارەوەی سکدا دروستدەبێت هەستی پێدەکرێت و دەناسرێتەوە، بەڵام مەرج نیە نەبونی ئازار مانای نەبونی نەخۆشیەکە بێت، چونکە هەندێک کەس هەست بە ئازارەکەی ناکەن، بەڵام لەهەمانکاتدا توشبون، بۆیە دەکرێت بڵێین هەریەک لە نیشانەکانی نارێکی لە سوڕی مانگانەدا، چەوربونی پێست و زیاد بونی موی لەش، نیشانەی هەبونی نەخۆشی کیسەی هێلکەدانن.
کەی پێویست دەکات نەخۆشەکە نەشتەرگەری ئەنجامبدات؟
له كاتێكدا نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ژنێکی توشبو بەم نەخۆشیە ئەنجامدەدرێت كه كیسه‌كه بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە و لەگەڵیدا به‌رده‌وام له‌گه‌شه‌كردندا بێت، یاخود هه‌ندێک کات کیسەکە مەترسی توشبون بە نەخۆشی شێرپەنجەی هەبێت.
چۆن ژنان بتوانن رێگری لە توشبون بەم نەخۆشیە بکەن؟
وه‌رزشكردنی بەردەوام و رێگریکردن لە قەڵەوبون، خواردنی تەندروست، به‌كارهێنانی ئه‌و ده‌رمانانه‌ی كه‌ده‌بنه هۆی رێكکردنه‌وه‌ی سوڕی مانگانه و هاوسه‌نگی هۆرمۆنه‌كان له ژێر چاودێری پزیشكیدا.