ئامینه‌ ره‌حال، یه‌كه‌م ژنه‌ پارێزه‌ر و شۆفێری عێراق

2022/08/03    930 جار بینراوە
 
* نه‌وژین،
ئاماده‌كردنى: مه‌ریه‌م خالد
 
یه‌كه‌م ژنه‌ پارێزه‌رى تۆماركراوى سه‌ندیكاى پارێزه‌رانه‌، چالاكێكى سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تى بوه‌، له‌ رۆژگارێكدا كه‌ بۆ ژنانى عێراق زه‌حمه‌ت بوه‌ له‌ ماڵه‌كانیان بێنه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌و وه‌كو یه‌كه‌م ژن مۆڵه‌تى شۆفێری وه‌رگرتوه‌. ئه‌و ژنه‌ش كه‌سی دیكه‌ نیه‌ جگه‌ له‌ (ئامینه‌ ره‌حال).
 
ئامینه‌ كچى عه‌لی سائیبه‌ كه‌ ئه‌فسه‌رێكی سوپای عوسمانی و به‌ڕێوبه‌ری قوتابخانه‌ی سه‌ربازی له‌ ئه‌سته‌نبوڵ بوه‌، ساڵی 1919 له‌ ناوچه‌ی دالیم له‌ دایكبوه. ئه‌و یه‌كه‌م ژنه‌ پارێزه‌ر و یه‌كه‌م ژنه‌ سه‌ركرده‌ى سیاسی و یه‌كه‌م ژنه‌ شۆفێریش بوه‌ له‌ عێراق دا.
 
ئه‌حمه‌د مه‌جید ئه‌لحه‌سه‌ن، له‌ وتارێكدا به‌ناونیشانی: "زیاتر له‌سه‌ده‌یه‌ك به‌سه‌ر له‌ دایكبونی یه‌كه‌م پارێزه‌ری ژنی عێراقی تێده‌په‌ڕێت"، ده‌ڵێت: كاتێك سه‌ندیكای پارێزه‌ران له‌ساڵی 1933 دامه‌زرا، ئه‌ندامێتی تێدا ته‌نیا بۆ پیاوان سنوردار كرابو، به‌ڵام دوای ده‌ ساڵ له‌ دامه‌زراندنی ئه‌و سه‌ندیكایه‌، یه‌كه‌م ژنی عێراقی په‌یوه‌ندی پێوه‌كرد، ئه‌و ژنه‌ش ئامینه‌ ره‌حاله‌، كه‌ ده‌بێته‌ یه‌كه‌م ژن به‌ فه‌رمی كارى پارێزه‌رێتى كردبێت.
 
پاش چه‌ند ساڵێك، ئامینه‌ رو له‌ بوارى په‌روه‌رده‌ ده‌كات و وه‌ك به‌ڕێوبه‌ری قوتابخانه‌یه‌كى نا‌وه‌ندی كچان ده‌ستبه‌كار ده‌بێت، دوای شۆڕشی 14ـى ته‌موزی 1958یش، وه‌كو سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی ده‌ستنیشانكرا هه‌تا ساڵی 1973 كه‌ خانه‌نشین كرا.
 
ئه‌و یه‌كێكه‌ له‌ پێشه‌نگه‌كانی كاری خۆبه‌خشی له‌ عێراق، به‌و پێیه‌ی له‌ ته‌موزی ساڵی 1930دا بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆنفڕانسی ژنانی رۆژهه‌ڵات، گه‌شتی بۆ دیمه‌شق كردوه‌.
 
هه‌روه‌ك له‌ بوارى سیاسیشدا رۆڵی گێڕاوه‌، له‌ناو ریزه‌كانی حزبی شیوعی عێراق دا كاریكردوه‌ و له‌ماوه‌ى نێوان ساڵانى 1941 تا 1943، وه‌كو یه‌كه‌م ژنه‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌و حزبه‌دا ده‌ستنیشان كراوه‌.
 
كاتێك كۆمه‌ڵه‌ی دژه‌ فاشیست و نازیی ژنانی عێراق له‌ساڵی 1945 دامه‌زرا، ئامینه‌ وه‌ك ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی هه‌ڵبژێردرا.
 
ئامینه‌ به‌ فه‌رمی یه‌كه‌م ژنه‌ كه‌ مۆڵه‌تى شۆفێری له‌ عێراق به‌ده‌ستهێنابێت.
 
له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ ده‌ڵێت: هه‌ر كه‌ ته‌مه‌نم له‌ هه‌ژده‌ ساڵ زیاتر بو، دوای مه‌شقی باش و به‌رده‌وامی لێخوڕین، داواكارییه‌كم پێشكه‌شی به‌ڕێوبه‌رایه‌تى هاتوچۆ كرد بۆ پێدانى مۆڵه‌تى شۆفێری، دواى ئه‌وه‌ى تاقیكردنه‌وه‌م پێكرا، سه‌ركه‌وتو بوم و مۆڵه‌ته‌كه‌م پێدرا.
 
باس له‌وه‌ش ده‌كات دیمه‌نى ئه‌و له‌كاتى شۆفێری كردن دا به‌لای خه‌ڵكیه‌وه‌ مایه‌ى سه‌رسوڕمان بوه‌، له‌وباره‌وه‌ ده‌ڵێت: كاتێك شۆفێریم ده‌كرد هه‌ندێك سه‌ریان ده‌سوڕما و سه‌ركۆنه‌یان ده‌كردم، هه‌ندێك له‌ پۆلیس و ئه‌فسه‌رانی هاتوچۆش سڵاویان لێده‌كردم، پێیانوابو كه‌ من كارمه‌ندێكی بیانیم و پۆستێكی گه‌وره‌م هه‌یه‌.
 
ئامینه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ له‌ ماوه‌ی په‌نجا ساڵى شۆفێریكردن دا، هیچ سه‌رپێچیه‌كی هاتوچۆیی ئه‌نجام نه‌داوه‌.
 
ئامینه‌ ره‌حال، له‌ 15/2/2002 كۆچی دوایی كرد.
 
 


Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,139,224     ژمارەی میوان 3590

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە