ژنێکی ژینگەدۆست ٦ هەزار داربەڕو لە شێخان دەڕوێنێت

2025/01/02    217 جار بینراوە


* نەوژین، دێژین سدقی 

ژنێکی ژینگەدۆست پڕۆژەی چاندنی ٦ هەزار داربەڕوی لە سنوری شێخان دەستپێکردوە، دەڵێت: چوار هەزارم لێی کردوە بە شەتڵ و مانگی داهاتو دەست بەچاندنی دەکەم.

زەکیا محەمەد، ژنێکی تەمەن ٤٣ ساڵی دانیشتوی ناحیەی شیلادزێی سەر بە قەزای ئامێدیە، شەش هەزار تۆوی بەڕوی ئامادەکردوە و دەیەوێت هەر کە کەشەکەی خۆشیکرد لەمیانی پڕۆژەیەکدا لە بناری مەقلوب لە سنوری شێخان، مانگی داهاتو بیانچێنێت.

لەوبارەیەوە بە نەوژینی وت: لە بەر ئەوەی بناری مەقلوب ناوچەیەکی وشک و کەم دارە، که ئەمەش جگە لە شێوەی چیاکە کارتێکردن بۆ ژینگە و داهاتوی کوردستان هەیە، بیرم لەوە کردەوە کە دەست بە چاندنی ژمارەیەک بەڕو لەو چیایە بکەم بۆ ئەوەی چیاکە پڕ بێت لەداری بەڕو.

ئاماژەی بەوەشکرد: داری بەڕوم هەڵبژارد چونکە دارێکی چیاییە و ژمارەیەکی زۆر لە ناوچەی ئێمە هەیە، هەمو بەڕوەکان خۆم لە چیاکانی ناوچەی شێلادزێ، زێبارێ و بارزان کۆمکردونەتەوە و رێکمخستون و چوار هەزار لەو بەڕوانەم بە نەمام (شەتڵ) کردوە و ئێستا لە قۆناغی چەکەرەدان.

زیاتر وتی: چونکە ئێستا کەشەکەی شێی زۆرە ناتوانم بیانچێنم، لەگەڵ خۆشبونی وەرز (بە دیاریکراوی لە مانگی داهاتو "شوبات") دەست بە چاندنیان دەکەم.

ئەم خاتونە، جگە لە کاری ژینگەدۆستی، ژنێکی چالاک و دەستڕەنگینی بوارەکانی هەنگەوانی، ئامادەکردنی خواردن و شرینی، درومان و ئاژەڵدارییە.



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,061,576     ژمارەی میوان 4634

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە