* نەوژین
کچێکی کوردی دانیشتوی هۆڵەندا رۆبۆتێکی بە هەست دروست دەکات و دەڵێت: لەماوەیەکی نزیکدا ناساندنی بۆ دەکەم.
لیزان دزەیی، کچە کوردێکی دانیشتوی وڵاتی هۆڵەندایە ، لەپاڵ کاری هونەری و بازرگانی لە بواری جوانکاریی خانمان دا، ئێستا هەنگاوێکی نوێی ناوەتە جیهانی تەکنەلۆژیاوە و رۆبۆتێکی زیرەکی دروست کردوە.
ناوی لە رۆبۆتەکەی ناوە "Lizan Soul Bot" و بە جۆرێکی نوێی زیرەکی دەستکرد کاردەکات، بەشێوەیەک وەک هاوڕێیەک مامەڵە لەگەڵ بەکارهێنەردا دەکات و توانای تێگەیشتن و مامەڵەکردنی هەستیارانەی هەیە.
لەبارەیەوە لیزان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستگرام نوسیویەتی: بەوزوانە رۆبۆتە نوێیەکەم بە فەرمی دەناسێنم.
ئەو کە بە رەچەڵەک خەڵکی هەولێرە و ئێستا لە هۆڵەندا نیشتەجێیە، پێشتر ناوبانگێکی بەرچاوی وەک هونەرمەند و بازرگانێکی سەرکەوتو بەدەستهێناوە، بەشێوەیەک لە بواری بازرگانیدا خاوەنی براندێکی تایبەت بەخۆیەتی لە بواری جوانکاری و خشڵ، هەروەک پێشتر لەلایەن کۆمپانیای "ئەڤیگنا پڕۆدەکشن"ـەوە وەک یەکێک لە باشترین بازرگانە کوردەکان خەڵات کراوە، لەبواری هونەریشدا وەک گۆرانینوس و گۆرانیبێژیش کاریکردوە و خاوەنی چەند بەرهەمێکی هونەرییە.