* نەوژین
له زانكۆی گهرمیان پرۆگرامێك بۆ پێگهیاندنى کچانی سەرکردە ئهنجام درا كه سهروى 250 كچ تیایدا بهشدار بون، رێکخەر و سەرپەرشتیاری پرۆگرامەکەش دەڵێت: دهمانهوێت نهوهیهك له كچانى سهركرده له لە سەرانسەری کوردستان پێبگهیهنین.
پرۆگرامی پێگەیاندنی کچانی سەرکردە لەلایەن سەنتەری گەشەپێدان بۆ کاری زانکۆی گەرمیان و بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی هاوڕێیەتی نێودەوڵەتی سویدی لقی کوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ١٦ سیمیناری جۆراوجۆرەوە بۆ خوێندكارانی زانكۆ ئەنجامدرابو.
لە رێگەی پرۆگرامەکەوە کچانی بەشداربو ئاشنا کران بە رێگاکانی چۆن بون بە سەرکردە، لە کۆتایی پرۆگرامەکەشدا بڕوانامەیان به سهردا دابهش كرا.
بهشداران به گشتى بۆچونیان ئیجابیه لهسهر پرۆگرامهكه، پێیانوایه دهستگرۆییان دهكات لهوهى ببن به سهكرده له داهاتودا.
سارا سادق رەشید، یەکێک لە بەشداربوانی پرۆگرامی کچانی سەرکردە، بۆ نەوژین باسی لە گرنگی پرۆگرامەکە کرد و وتی: بونی ئەم جۆرە پرۆگرامانە زۆر گرنگە بۆ ئێمەی کچان تاکو بزانین چۆن و بە چ رێگەیەک دەتوانین ببین بە سەرکردە.
وتیشی: بەهۆی پرۆگرامەکەوە ئێستا واملێهاتوە زۆر متمانه بە خۆم دەکەم و بڕیارمداوە هەر بوارێک کە ئارەزوم لێی بێت تێیدا پەرە بە خۆم بدەم، تاکو ببم بە سەرکردە.
وێنهی یهكێك له سیمینارهكانى پرۆگرامهكه كه بهشێوهى ئۆنلاین بهڕێوهچو
بەشێک له بهشدارانى پرۆگرامهكه، پێیانوایە ئەم جۆرە پرۆگرامانە رێنیشاندەری کچانە، کە چی بکەن و چۆن دەست پێ بکەن بۆ بون بە سەرکردە.
گلێنە عەلی ئەحمەد، خوێندکار لە زانکۆی راپەڕین، یەکێکی دیکە بو لە بەشداربوانی پرۆگرامی کچانی سەرکردە، بۆ نەوژین وتی: ئەم پرۆگرامە بۆ ئێمەی کچ زۆر گرنگە، چونکە رێنیشاندەرە بۆمان کە لەو بوارەی خۆمانی تێدا دەبینینەوە چۆن ببین بە سەرکردە.
گلێنە، ئاماژەی بەوەشدا: ئەم پرۆگرامە بەئاگا هێنانەوەی کچانە، جۆرێکە لە ریفۆرمی پەروەردەکردن، ئێمە ژنی زۆرمان هەیە، بەڵام نازانن چۆن دەست پێبکەن و لە کوێوە دەست پێبکەن، چونکە رێنیشاندەریان نیە، خۆشبەختانە ئەم پرۆگرامە بۆ ئێمە رێنیشاندەرە، پرۆگرامەکە بۆ من سەرەتا پڕ زانیاریکردنی مەعریفی بو و دواتر هەنگاونان بو بۆ سەرکردەبون.
پرۆگرامی کچانی سەرکردە بەبەشداری زیاتر لە ٢٧٠ کچ کە لە ١٦ زانکۆی حکومی و ناحکومی لەسەر ئاستی کوردستان بون بەرێوەچو، بۆماوەی چوار حەفتە لەبەرواری (٢٠٢٢/٢/٣) تاوەکو (٢٠٢٢/٢/٢٦) بەردەوام بو.
نیاز نەجم، رێکخەر و سەرپەرشتیاری پرۆگرامی کچانی سەرکردە لە زانکۆی گەرمیان، بۆ نەوژین باسی لە ئامانجی پرۆگرامەکە کرد، وتی: ئامانجی پرۆگرامەکە پێگەیاندنی نەوەیەکە لە کچی سەرکردە لە سەرانسەری کوردستان، هاوکات دورکەوتنەوەی کچانە لە شوێنکەوتنی نمونە هەڵتۆقیوە باوەکانی ئێستای کۆمەڵگە و نیشاندانی رێگای دروستی سەرکەوتن بۆ بون بە سەرکردە.
پرۆگرامی کچانی سەرکردە یەکەمجار بو لە نێو زاکۆی گەرمیان ئەنجام بدرێت، پرۆگرامەکەش بەشێوەی ئۆنلاین و لەرێگەی پلاتفۆرمی (زوم میتینگ)ـەوە بهڕێوهچو.