* دکتۆر هاڤین کەمال، پسپۆڕی بێهۆشکاری و ئازار شکاندن
پزیشک کە نەخۆشێکی دەمرێت هەست دەکات پارچەیەک لە جەستەی خۆی بوەتەوە، بەڵام کڵپەی ئازاری خۆسوتاندنی ژنێک و منداڵەکەی ئەوەندە بەسوێ بو وتم ”ھیوادارم ئەمشەو بە ئاسودەیی و بێ ئازار بمرێت و مناڵەکەشی لەگەڵ خۆیدا لە سکیدا بمرێت“.
بەفر ھەمیشە ھەستێکی خۆشی لەگەڵ خۆیدەھێنێت ھەرچەندە سارد و سەرماش بێت، وەک ئەوەی بڵێت سپێتی بەفر ڕەشی ناخی مرۆڤەکان بشواتەوە ؟! بەیانیەکەی حەزم نەدەکرد جێگاکەم بەجێبێڵم، وەک ھەمو ڕۆژێک چوم بۆ نەخۆشخانەو دەستمان کرد بە نەشتەرگەریەکان، لە دوای ٣ کاتژمێر لە کارکردن بانگیان کردم و گوتیان: ”نەخۆشێکمان ھەیە کانێۆلای بۆ دانانرێت و پێویستی بە (CVL)ە“. [(CVL): دانانی سۆندەی تایبەتە لە خوێنھێنەرە قوڵەکانی نەخۆش، کاتێک ناتوانرێت لە ژێر پێستدا ھیچ کانێۆلایەک دابنرێت بەھۆی سوتانی ھەمو بۆری خوێنەکان].
دوای دەخولەک نەخۆشەکەیان ھێنا، ئافرەتێکی گەنجی دوگیان (٩٧٪)جەستەی سوتابو، روخساری بەپێستێکی رەشی سوتاو داپۆشرابو، ورگێکی گەورە لەبەردەمیدا، دەستت دەبرد بۆ ھەرشوێنێکی ھاواری دەکرد دەیگوت: ”دکتۆرە خنکام، دکتۆرە تینومە، دکتۆرە دەستت بێنە بیگرم، دکتۆرە کەی منداڵەکەم دێتە دەر؟“. بۆ ماوەی چارەکێک ھەتا من کارەکەم تەواوکرد بۆی ئەو ھەر ئەیقیژان و ھاواری دایکی و مناڵەکەی دەکرد .
”چ کێشەیەک هێندەی سوتان بە ئازارە؟“
وتی بەزۆپا سوتاوم، بەڵام بەھۆی کارکردنم لەو بوارەدا چەندین ساڵە، زۆر بە ئاسانی دەتوانم خۆکوژی لە روداوی نەخوازراو جیا بکەمەوە، بۆیە ئەو لەسەداسەد خۆی سوتانبو.
ئەوەی جێگای داخە ھەتا ئێستاش ھەفتە نیە، دو ژن یاخود سێ ژن بە سوتاوی نەبینین! ھەتا کەی ژنانی ئێمە تاکە ڕێگایان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان خۆسوتاندن دەبێت ؟! تاکەی فێر نابن بەرەو روی کێشەکانیان ببنەوەو کۆتاییەکی بۆ دابنێن، ئاخر چ کێشەیەک بە قەدەر سوتاندن و شێواندنی جەستە بە ئازارە؟! ئەوە جگە لەو ئازارە دەرونی و هەست بەکەم زانینەی لەدوایدا توشیان دەبێت.
خۆزگە کەسانی ئاسایی و ئافرەتەکان تەنیا رۆژێک دەھاتن بۆ بینینی سوتاوەکان بۆ ئەوەی ببینن چ ئازارێک دەچێژن!
”بۆ رێگری لە خۆسوتاندن ناکرێت؟“
دەبێت پرسیارێک لە رێکخراوەکانی ژنان و خانمان بکەین لەجیاتی قسەی زل و پارە خەرجکردن، بۆ چەند خولێکی تایبەت ناکەنەوە بۆ ھۆشیارکردنەوەی ژنان لەو بارەیەوە، یان بۆ راگەیاندنەکان چاو ناخەنە سەر ئەو بابەتەو نایوروژێنن ھەروەک چۆن قسەی مۆدێلێک یان ژیانێکی تایبەتی نمایشکارێکی تەلەفزیۆنی ھەزار بابەتی لەسەر دروست دەکەن؟
بەداخەوە من ئەمڕۆ ھەموی بە خەیاڵی ئەو نەخۆشەبوم، چاوەکانی و سکە ئاوسەکەی و پێستە خەڵوز ئاسا قەرەبروتەکەی لەبەرچاوم لاناچێت، ھاوارەکانی ھەر لەبەر گوێمدایە، ئەو ئومێدەیی ئەو بۆ لەدایکبونی کۆرپەکەی نائومێدم دەکات لەژیان! ھیوادارم ئەمشەو بە ئاسودەیی و بێ ئازار بمرێت و مناڵەکەشی لەگەڵ خۆیدا لە سکیدا بمرێت، گەورەترین نائومێدی پزیشک ئەوەیە کەحەز بکات نەخۆشێک بمرێت، چونکە ھیچ ڕێگا چارەیەک نیە بۆ چاکبونەوە و دیسانەوە ژیانەوە ، تەنیا ئومێدێک کە دەیخوازێت مردنێکی بێ ئازارە بۆ نەخۆشەکەی!