حزبه‌كان ژنان ده‌خه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ى گفتوگۆ سیاسیه‌كان

2022/06/12    1205 جار بینراوە
 
* نەوژین، پەرژین کامەران
 
سەرەڕای ئەوەی لە کۆتا هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراقدا ژنان رێژەیەکی زیاتر كورسیان بەدەست هێنا، بەڵام لە گفتوگۆ سیاسیەکان بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ و دابه‌شكردنی پۆسته‌ باڵاکانی عێراق، كه‌مترین به‌شداریان پێده‌كرێت.
 
له‌سه‌ردانه‌كه‌ی رۆژی ١٤ـی ئازاری بافڵ تاڵه‌بانی، "سەرۆکی" یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ به‌غدا، كه‌ چه‌ندین دیداری له‌گه‌ڵ حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌ عێراقیه‌كان ئه‌نجامدا، هیچ ژنێك له‌نێو وه‌فده‌كه‌یدا نه‌بون. هاوکات له‌كۆتا سه‌ردانی محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی پا‌رله‌مانی عێراق و شاندی سه‌در و هاوپه‌یمانی سه‌روه‌ری بۆ هه‌ولێر، له‌ ٩ـی نیسان، به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌ی سێ قۆڵی له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، دوبارە هیچ ژنێك به‌شداری كۆبونه‌وه‌كه‌ی پێنه‌كرا.
 
ئەم نەبونی ژنە لە نێو وەفدەکان یاخود هەبونیان بە رێژەی‌ كه‌م و سنوردار له‌ نێو هه‌ندێك له‌ شاندی حیزبه‌كاندا، بانگه‌شه‌ی حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی بۆ یه‌كسانی جێنده‌ری به‌تاڵكردوه‌ته‌وه و ‌نیگه‌رانی زۆری لای ژنانی نێو حیزبەکان دروستكردوه‌.
 
ئاره‌زو مه‌حمود، پارله‌مانتاری پێشوی عێراق، لەم بارەیەوە بە نەوژینی وت: رۆڵ و پێگه‌ی ژنان نه‌ك هه‌ر له‌ دیالۆگ و گفتوگۆ و دانوستانه‌ سیاسیه‌كاندا لاوازه‌، به‌ڵكو هەرگیز روینەداوە ئه‌ركی سه‌رۆكایه‌تی وه‌فدێك به‌ ژنێك بسپێردرێت، هۆكاری ئه‌مه‌ش زاڵبونی هزری پیاوسالاریه‌.
 
وتیشی: ژماره‌ی ژن گرنگ نیه‌ له‌ نێو وه‌فدی حیزبه‌كان، ئەوەی گرنگە ئەوەیە رای ئەو ژنانەی کە بەشدارن بە هەند وەربگیرێت.
 
 
 
گه‌یشتن به‌ناوه‌نده‌كانی بڕیاردان و به‌شداری پێكردنیان له‌ كاتی بڕیاره‌ گرنگه‌كاندا، یه‌كێكه‌ له‌ دیارترین داواكاری ژنانی نێو حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، به‌ڵام تائێستا جێبه‌جێكردنی ئه‌م داواكاریه‌ بەتەنها له‌چوارچێوه‌ی بانگه‌شه‌دا ماوەتەوە.
 
ئه‌شواق جاف، كادیری پێشكه‌وتوى پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت: ژنانی كورد رۆڵی باشیان له‌گفتوگۆ و دانوستان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان پێدراوه‌، به‌ڵام له‌ گفتوگۆ سیاسیه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كاندا كه‌ بڕیاریان تێدا ده‌درێت له‌كوردستان و عێراقیش، وه‌كو پێویست ژن به‌شداری پێناکرێت.
 
دەشڵێت: ئێمە وەکو ژنانی نێو حیزبەکان به‌شداری كردنی ژنانمان له‌ بڕیاردان و یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی پرسه‌ سیاسیه‌كان ده‌وێت.
 
له ‌هه‌ڵبژاردنی  مانگی ١٠ـی ساڵی رابردوی پارله‌مانی عێراقدا، ژنان توانیان له‌ كۆی (٣٢٩) كورسی پا‌رله‌مانی عێراق (٩٧) كورسی به‌ده‌ست بهێنن، كه‌ (٥٧) كاندیدیان به‌ده‌نگی خۆیان و به‌ بێ سود وه‌رگرتن له‌ سیستمی كۆتا گه‌یشتنه‌ په‌رله‌مان، هاوکات ژماره‌ی ئه‌و ژنه‌ كوردانه‌ش كه‌ گه‌شتنه‌ پارله‌مانی عێراق (٢٣) په‌رله‌مانتار بو.
 
ئەم رێژەیە به‌راورد به‌خوله‌كانی رابردوی پا‌رله‌مانی عێراق زۆر زیاتر بو، به‌ڵام دابه‌شبونیان به‌سه‌ر هێز و لایه‌نه‌ جیاوازه‌كان و جیاوازی دیدوبۆچونیان، وایكردوه‌ نه‌توانن هه‌وڵه‌كانیان یه‌كبخه‌ن بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی سیاسیان.
 
ئاره‌زو مه‌حمود، دەربارەی ئەمە بە نەوژینی وت: هەرچەندە ژنان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌نگی باشیان بۆ حیزبه‌كانیان به‌ده‌ستهێناوە، به‌ڵام له‌كاتی بڕیاره‌ هه‌ستیاره‌كاندا به‌شداریان پێناكرێت، هۆکارەکەش ئەوەیە بەزۆری بڕیار لای سەرۆک حزبەکانە کە پیاون.
 
 
 
شرۆڤه‌كارێكی سیاسیش باس له‌ گرنگی به‌شداری ژنان له‌ كایه‌ی سیاسی و چونه‌ ناو جومگه‌ هه‌ستیاره‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌كات، پێیوایه‌ گه‌ر حیزبه‌كان رۆڵ و پێگه‌ی ژنان له‌به‌رچاو نه‌گرن، ناتوانن باڵانسێكی هاوسه‌نگ دروست بكه‌ن و بڕیاری دروست بده‌ن.
 
فرمسێك عوسمان، كه‌ هاوكات مامۆستای زانكۆشه‌، ده‌ڵێت: گرنگه‌ ژنان به‌شداربن له‌ بڕیاره‌ سیاسیه‌كان، تا سود له‌ راكانیان وه‌ربگیرێت و له‌م رێگه‌یه‌وه‌ هاوسه‌نگی دروست بكرێت.
 
به‌پێویستیشی زانی ژنان "كۆڵ نه‌ده‌ن"، چونكه‌ وه‌كخۆی وتى: پێشكه‌وتنی باش هاتوه‌ته‌ ئاراوه‌ بۆ به‌شداری ژنان له‌ كایه‌ سیاسیه‌كان دا.
 
 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,798,560     ژمارەی میوان 1601

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە