* نەوژین
چالاکێکی بواری ژنان پێیوایە قورسکردنی مەرجەکانی هاوسەرگیریی و جیابونەوە هۆکارن بۆ زیادبونی حاڵەتەکانی توندوتیژی و لەنێویشیدا کوشتنی ژنان، داواش دەکات بنەما و رێکارەکانی ئەو دو پرۆسەیە ئاسان بکرێن.
بەهار شوکریە مونزیر، لە نوسینێکدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک دەڵێت: ئێمە پێویستە کار لەسەر ئاسانکردنی پەیوەندی نێوان کچ و کوڕ بکەین، چ پێکەوەبوونی ئازادانە و بێ قەید و بەندی خێزان، کۆمەڵگە، یاسا، هەمان کات بۆ جیابوونەوە.
پێیشیوایە زۆربەی حاڵەتەکانی کوشتنی ئەم 5 مانگەی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە کێشەی نێوان ژن و پیاوەوە هەبوە کە زۆر سەختکراوە لەسەریان.
دەشڵێت: زۆرێک لە گەنجان کێشەی هاوسەرگیریان هەیە و سەختدەکریت لێیان، کێشەی ئابوری دانانی کۆمەڵێك مەرجی ناپێویست وەكو: ئاڵتون، سەیارە، ئاهەنگ و شەکراو، ئەمانە هەموو قورسایی دروستدەکەن بەتایبەت بۆ کوڕ و خێزانی کوڕ.
زیاتر دەڵێت: کچانیش خۆیان لە ژێر فشاردا دەبیننەوە لەتاو ئەو نەریتەی کە ژن دەبێت بە کۆمەڵێك پرس دا بڕوات تاکو هاوسەرگیرییەکە دەکات.
بەهار مونزیر، بە پێویستی دەزانێت کچان و کوڕان دەستکراوەتر بن بۆ پێکەوە ژیان و بەهەمانشێوە ئازاد بن بۆ لەیەک جیابونەوە، تاکو وەکخۆی دەڵێت: “کارەسات نەخوڵقێت”. بۆ ئەمەش نمونەی بەشێک لەو روداوانە دەهێنێتەوە کە بە هۆکاری کێشە لە جیابونەوەدا ژنان روبەڕوی کوشتن و بریندارکردنی سەخت بونەوە، لە نمونەی کەیسی سوتاندنی (شنیار) و چەقۆدان لە (نیان).
دەشڵێت: “مرۆڤەکان قەید و بەند و باری ئابوری خراپ و تەداخولی بێ مانا، ژیانیان تێکدەدات”.