ئەفسەرێک هاوسەر و ٣ ئەندامی خێزانی هاوسەرەکەی کوشت

2022/05/02    523 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ، پیاوێک کە ئەفسەری بەرگری و فریاکەوتنە، هاوسەر و سێ کەسی تری خێزانی هاوسەرەکەی کوشت.
 
مەریوان ئەحمەد، کە برا و مامی قوربانیەکانە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا ئاشکرای کرد؛ زاوایەکیان کە ئەفسەری بەرگری و فریاکەوتنە، ماوەیەکە کێشەی لەگەڵ خوشکەکەیان هەیە و بەوهۆیەوە خوشکەکەیان کە پێنج مناڵی هەیە لە ماڵی ئەوان ‘ماڵی باوکی’ دایە، زاواکەیان کاتژمێر ٦:٥٠ـی بەیانی ئەمڕۆ هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵیان لە گەڕەکی سەنگاوییەکانی ناحیەی شۆڕش و دەستڕێژی گولەی کردوە، سەرەتا لەبەردەرگا برازایەکی ٢٢ ساڵی کوشتوە، پاشان چوەتە ژورەوە و دەستڕێژی گولەی کردوە و دو خوشک و برایەکی کوشتوە، کە خوشکێکیان هاوسەری تەقەکەرەکەیە.
 
وتیشی: دایکم و برازایەکی تریشم برینداربون و لە نەخۆشخانەن.
 
قوربانیەکانیش پێکهاتون لە: سنور ئەحمەد حسێن،  لەدایکبوی 1980- چرۆ ئەحمەد حسێن، لەدایکبوی 1982- چۆمان ئەحمەد حسێن، لەدایکبوی 1997 و موسا سامان ئەحمەد، لەدایکبوی 2000.
 
بە وتەی مەریوان ئەحمەد، زاوا تەقەکەرەکەیان لەگەڵ خوشکەکەی دا کێشەیان هەیە و پێشریش سکاڵایان لەسەر تۆمار کردوە، بەڵام فەرماندەکەی کە ناوی (رەمەزان دێکۆنی)یە پارێزگاریی لێکردوە و تەسلیمی دادگای نەکردوە، هەربۆیە ئەویشی بە بەرپرسیار زانی لەو روداوە و داوای کرد یاسا سەروەر بێت و بکوژەکە دەستگیر بکرێت و لێپێچینەوەش لە فەرماندەکەی بکرێت.
 
باسی لەوەشکرد؛ تەقەکەرەکە پێشینەی کوشتنی هەیە و تۆمەتبارە بە کوشتنی دیکە لە رابردودا.
 
ئەمەو تائێستا لایەنە ئەمنیەکان هیچیان لەبارەی دەستگیرکردنی بکوژەکەوە رانەگەیاندوە.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,359,034     ژمارەی میوان 1220

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە