ژنە سیاسیەکی راستڕەو کێبڕکێی بەدەستھێنانی سەرۆکایەتی فەرەنسا دەکات

2022/04/10    252 جار بینراوە

 

* نەوژین

 

ئەمرۆ خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەرەنسا بەرێوە دەچێت، بەپێی راپرسیەکانیش مارین لۆپێن نزیکترین رکابەری ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی ئێستایە.

 

مارین لۆپێن، ٥٢ ساڵ، کچی سەرۆک و دامەزرێنەری بەرەی نیشتیمانیە، لەدوای مردنی باوکی لە ٢٠١١ـەوە بوە بە سەرۆکی "بەرەی نیشتیمانی" کە پارتێکی راستڕەوە.

 

مارین، سێیەم جارە بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری فەرەنسا دەکات، جاری یەکەم لە ٢٠١١ پلەی سێیەمی بەدەستھێنا، جاری دوەم لە ٢٠١٧ بو و رۆشتە خولی دوەم بەرامبەر ئیمانوێل ماکرۆن. بەپێی راپرسیەکانی ئەمجارەش، دوبارە دەچێتە خولی دوەمی هەڵبژاردنەکانی فەرەنسا و لەدوای ئیمانوێل ماکرۆنەوەیە.

 

لە هەڵبژاردنەکانی پێشوتردا مارلین بەزۆری دژایەتی بێگانەکانی دەکرد، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا کەمتر باس لە بێگانەکان دەکات، داوادەکات بە هەندێک مەرج لە وڵاتەکەدا وەربگیردێن.

 

کێشەی ئابوری، خراپی سێکتەری تەندروستی، قوتابخانە و ئاسایش، ئەو بابەتانەن کە مارلین لەم هەڵبژاردنەدا گرنگیان پێدەدات، بەڵام ئەوەی زیاتر جێگەی سەرنجە، بیروڕا توندەکانێتی بەرامبەر بە کەسانی بێگانە و کۆچبەران و موسوڵمانان، کە لە زیاد لە شوێنێک دا دژایەتی خۆی بۆ دەربڕیون، بەتایبەتی حیجابی ژنان.

 

جیاواز لە سەرکردەی پارتەکانی دیکە، مارلین نێوانی لەگەڵ روسیا خۆش بو و سەردانی ئەو وڵاتەی کرد و لەگەڵ پۆتینی سەرۆکی روسیاش کۆبوەتەوە و تەنانەت بانکی ئەو وڵاتەش قەرزیان پێداوە بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی، بەڵام لەگەڵ ھێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، خۆی لە پشتگیریی کردنی روسیا بواردوە.



ئەرشیفی نەوژین | دەربارە | پەیوەندی
Newjin.net - 2022
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 620,966     ژمارەی میوان 51