فریشته‌یه‌ك ئاژه‌ڵه‌ برینداره‌كان رزگار ده‌كات

2022/04/03    1338 جار بینراوە
 
* نه‌وژین، سومه‌یه‌ ساڵح
 
ژنێکی ئاژەڵدۆست ماڵەکەی کردوە بە لانەیەک بۆ ئەو ئاژەڵانەی نەخۆش یان بریندار دەبن، رۆژانە چاودێریان دەکات و برینەکانیان بۆ سارێژ دەکات.
 
فریشتە نەجات محەمەد، لەدایکبوی ساڵی 1980یه‌ و دانیشتوی شاری سلێمانیە، ماوەی چواردە ساڵە خۆبەخشانە و بە تەنها چاودێری چەندین ئاژەڵی بریندار و کەمئەندام دەکات.
 
فریشتە،دەڵێت: "سەرەتا قاتی سەرەوەی خانوەکەم کردبو بە نەخۆشخانە بۆ ئاژەڵە بریندارەکان، ئێستاش ماوەی چوار ساڵە پەناگەیەکم لە تەنیشت خانوەکەی خۆمان بۆ دروست کردون تاکو لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخیان بم".
 
 
 
تاکو ئێستا زیاتر لە هەزار ئاژەڵی جۆراوجۆری لە ماڵەکەی خۆیدا چارەسەر کردوە، لە ئێستاشدا نزیکه‌ی 150 پشیلە و سەگ و باڵندەی نەخۆش و بریندار لە پەناگەکەیدا هەیە. 
 
دەربارەی چۆنیەتی دۆزینەوەی ئەم ئاژەڵە کەمئەندامانە، فریشتە دەڵێت: "زۆرینەیان لە رێگاکان بە برینداری بینویانمەوە و هەڵمگرتونەتەوە، هەندێکیشیان لە خەڵکم وەرگرتون یان لە رێگەی ئاگادارکردنەوە پێیان وتوم ئاژەڵێکی بریندار هەیە منیش رۆشتوم هێناومە".
 
هەرچەندە فریشتە پەرستار نیە و مامۆستایە و دەرچوی بەشی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانیە، بەڵام خۆی کاری پەرستاری بۆ ئاژەڵەکانی دەکات. دەڵێت: "لە پێناو ئاژەڵەکان و بە وەرگرتنی یارمەتی دکتۆر و سەیرکردنی ڤیدیۆی یوتیوب خۆم فێری کانیۆلادانان و دەرزی لێدانی ئاژەڵان کردوە و رۆژانە خۆم چارەسەری ئاژەڵەکان دەکەم".
 
 
 
ئەم کارەی فریشتە خەونی مناڵی نەبو، خۆشەویستی زۆریشی بۆ ئاژەڵ هۆکار نەبو،ب ەڵکو بەهۆی روداوێکەوە بڕیار دەدات ببێت بە فریادڕەسی ئەو ئاژەڵانەی لەلایەن خەڵکیەوە ئازار دەدرێن و بریندار دەکرێن.
 
دەڵێت: "لەدوای بینینی پشیلەیەکی بریندارکراوەوە بریارم دا ماڵەکەم بکەم بە پەناگە بۆ ئاژەڵە ئازاردراوەکان".
 
 
 
بەپێی یاساکان لە هەرێمی کورستان هیچ سزایەک نیە بۆ ئەو کەسانەی ئازاری ئاژەڵان دەدەن، مەگەر ئاژەڵەکە خاوەنی هەبێت و خاوەنەکەی سکاڵا تۆمار بکات.
 
دەربارەی ئەمە فریشتە بە نەوژینی وت: "ئێمە وەکو ئاژەڵدۆستان و لەگەڵ ریکخراوەکانی پاراستنی ئاژەڵان ساڵی 2020 یاداشتێکمان پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان کرد، تیایدا داوامان کرد ئەو کەسانەی ئازاری ئاژەڵان دەدەن سزابدرێن،بەڵام تاکو ئێستا پەرلەمان قسەی لەبارەوە نەکردوە".
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,972,027     ژمارەی میوان 3941

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە