ئاریا یاسین
دەستپێکى ئەمساڵ و بەتایبەتیش لە مانگى شوبات، کوشتنى ئافرەتان روبەڕێکى فراوانى راگەیاندنى کوردى و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى داگیرکردبو، بەڕادەیەک خەریکە بابەتەکە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردەیەى زەق و دیارى کۆمەڵگە، بەشێکى زۆرى ئەو تاوانانە لەژێرناوى ناموس و شەرەفەوە ئەنجامدراون، ئەو ئافرەتانەی لەلایەن نێرەکانەوە دەکوژرێن، هەمان ئەو نێرانەن کە خۆیان شتێکیان بەناوی ناموس نییە، تەنانەت لەهەندێک باردا بکوژ وەک پاڵەوانێک تەماشا دەکرێت، وەک ئەوەی کارێکی گرنگ و تەواو دروستی بە ئەنجام گەیاندبێت.
ئەوەی چەند ساڵێکە ھەوڵی گۆڕین و بنەبڕکردنی بۆ دەدرێت بەڕێگای جیاواز، لەئێستادا وا زیندو بوەتەوە، دەبێت بپرسین ئایا کێ بەرپرسە لەم دۆخە؟ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بەتایبەتیش سەنتەرەکانى جێندەرناسى لەکوێى هاوکێشەکە دایە؟
لەبەرئەوەى روبەڕوبونەوە و نەهێشتنی توندوتیژی، ئەرکی هەمو کۆمەڵگەیە و پێویستە لەسەر هەموان کار بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردە ناشارستانییە بکەن، مامۆستایانى زانکۆش کە ئەرکیان پێگەیاندنی تاکە لەڕوی ئەکادیمی و مەعریفی و ھەڵسوکەوت و گوفتار و...ھتد، دەبێت وەک کارەکتەرێکى دیار و باڵاى کۆمەڵگە رۆڵیان هەبێت لەوبارەیەوە، چونکە زانکۆ جێگایەکە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگا و پێگەیاندنی تاکی تەندروست، بەشێوەیەک ھەر کێشە و گرفتێکی نێو کۆمەڵگا لە رێگای توێژینەوە و کۆنفرانس و ئەنجامدانی مێزگرد و دیبەیت...ھتد گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێن و رێگا چارەسەرییان بۆ دەدۆزرێتەوە.
باشکردنی دۆخی ئافرەتان و بێدەنگ نەبون بەرانبەر بەو ستەمە مێژوییەی لەسەریان بوە، جگەلەوەی ئەرکێکی مرۆیی و مۆراڵییە، هەنگاوێکی گرنگیشە بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگا بۆ پێکهاتەیەکی شارستانی و هاوچەرخ. لەڕاستیدا ناتوانین باس لە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتو و مرۆیی بکەین، لە کاتێکدا کە چەوساندنەوەیەکی زەق و هەڵاواردنێکی کارەساتباری سیستماتیک، بەرانبەر بە نیوەی ئەو کۆمەڵگایە بونی ھەبێت. کە باس لە کوشتنی ئافرەتان دەکەین گرنگە بزانین ئەوە کۆتا ھەنگاوی پرۆسەکەیە و ھەنگاوە یەکەمەکانی لەو کلتورە چەوت و تێڕوانینە ناتەندروستانەوە دەستپێدەکات کە پێیوایە ئافرەتان پلە دو و ژێردەستەن، بۆیە تا ئەم بۆچونانە ھەبن ئەستەمە کار بۆ سڕینەوەی کلتوری کوشتنی ئافرەتان بکرێت.
بوارى ئەکادیمى و خوێندنى باڵا یەکێکە لە کۆڵەكە گرنگەکانى گەشەکردنى کۆمەڵگە و بەدەر نیە لە پێویستى سەرلەنوێ بنیادنانەوە بە ئاراستەى دەستەبەرکردنى دەرفەتى زیاتر بۆ گەشەپێدان و دەرخستنى تواناکانى کچان و ژنان. بەشێکی زۆری هۆکاری نا یەکسانی جێندەری بۆ لایەنی کلتور دەگەڕێتەوە کە دەبێت لەڕێی پەروەردە و وەزارەتى خوێندنى باڵاوە ئەم خاڵە لاوازە کلتورییە راست بکرێتەوە، بەڵام گرفتەکە لێرەدا عەقڵیەتى چەقبەستوى نێرسالاریی بەرپرسان و بەشێک لە مامۆستایانى زانکۆکانن، کە هێشتا بڕوایان بە یەکسانى جێندەرى و تواناکانى ئافرەتان نییە و ئافرەتان لای ئهوان "زەعیفە و ناقص عەقڵن".
لەڕابردودا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە زانکۆکاندا سێنتەرى یەکسانى جێندەرى دامەزراند، بەئامانجى ئەنجامدانى توێژینەوە و کارى زانستى و ئامارى تایبەت بە ئافرەتان و بارودۆخیان و دۆزینەوەى گونجاوترین میکانیزم و چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکانیان، بەڵام دەبێت بپرسین دواى ئەو چەند ساڵە لە دامەزراندنى ئەو سەنتەرانە، ئایا بەڕۆڵى خۆیان هەستاون؟
گرنگە سەنتەرەکانى جێندەرناسى لەڕێى ئەنجامدانى دیدار و سیمپۆزیۆم و کۆنفرانس..تاد، گفتوگۆ و تاوتوێى ئەرک و مافەکانى ئافرەتان و هەوڵەکان بۆ چەسپاندنى یەکسانى جێندەرى بکهن، هەروەک پێداگیربن لەسەر دانانى بابەتى جێندەرناسى بۆ خوێندن لە قۆناغى زانکۆییدا و کارى جیددى بۆ هۆشیارکردنەوەى مامۆستایان و خوێندکاران لە روانگە جیاجیاکانەوە بکات. هۆشیارکردنەوەى هەر خوێندکارێک، گوزارشتە لە خێزانێک و بەوەش تاڕادەیەکى زۆر دەتوانرێت کاریگەرى و لێکەوتەى باش لەسەر کۆى کۆمەڵگە بەجێبهێڵێت.