بههار مونزیر
کاتێک بیر لە کارێک دەکەیتەوە و ھەست بە بەرپرسیارێتی دەکەیت، بۆ من قورسترین کات ئەو کاتەیە کە هەست دەکەم لە کۆمەڵگەیەکدام کارەکەم کەمترین پشتیوانی لێدەکرێت؛ کارەکەیشم «روبەڕوبونەوەی توندوتیژی و کوشتنی ژنانە»، چەند قورسە باس لە ئەزمونێک بکەیت، لە هەڵبژاردنێک کە پەیوەندی راستەوخۆی هەبێت لەگەڵ کوشتن-دا!
لێرەوە دەمەوێت بچمە ناو ئەو ژیانە قورسەی کە بێئەنداز هەست بە بەرپرسیاریەتییەکەی بکەیت و کاتێکیش دەبینیت کە ھیچ جۆرە پشتیوانییەک نابینیتەوە لە کۆمەڵگـەدا بە گشتی.
کاتێک ئێمە لە کەناڵەکانی راگەیاندن هەواڵەکانی 'کوشتن، سوتاندن، فڕێدان، ئەتککردنی ژنان و...' دەبینین و دەبیستین و دەخوێنینەوە، بەر نەفرەتی کۆمەڵگەیەکی بێدەربەست دەبینەوە، نەفرت و غەزەبێکی ناحەقانە و دڵڕقی بێویژدانانە.
ئەم کۆمەڵگەیە لای ئاساییە ژن بکوژرێت، بەڵام لای ئاسایی نییە کچێک خۆشەویستی بکات. لای ئاساییە خۆی بخنکێنێت، بەڵام لای ئاسایی نییە بە خواستی خۆی هاوژین هەڵبژێرێت. هاوسەرێک لای ئاساییە لە ژێر فشاری نەبونیدا شەق لە هاوسەرەکەی هەڵبدات، بەڵام لای ئاسایی نییە بچێتە دەرەوەی ماڵ و کارێک بکات و سەرشانی ئەویش سوک بکات. برایەک لای ئاساییە خوشکەکەی بخاتە ئاوی دوکان و بیخنکێنێت، بەڵام لای نەنگییە خۆشکەکەی شو بە کوڕێک بکات لە عەشیرەتێک تر بێت کە ئەم بە دڵی نییە. دایكێک لای ئاساییە کچەکەی لەلایەن ھاوسەرەکەیەوە نێوچاوانی شین کراوە؛ بچێتەوە بۆ لای هاوسەرەکەی، بەڵام بۆی قەبوڵ ناکرێت دراوسێکەی یان ئەم و ئەو بڵێن 'کچەکەت بۆ جیابوەتەوە'.
کۆمەڵگە لای ئاساییە ئێمەی چالاکوانان لە رێکخراوەکان، هێرش و سوکایەتیمان پێبکرێت کاتێک کار لەسەر ئەو نمونانەی سەرەوە دەکەین، ئاساییە لە ناو دادگاکاندا بە جنێوی سوک کەرامەتمان بشکێنرێت، لایان ئاساییە بە کچان و ژنانی ناو رێکخراوەکان بوترێت 'بەدڕەوشت!'
دروستکردنی تۆمەت و قسەی سوكی سۆشیاڵ میدیا، لە ئاسانترین و ئاساییترین کارە لەم کۆمەڵگەیەدا. هەر لە فەرمانبەرەوە تاکو دەگاتە مامۆستا و دکتۆر و ئەندازیار و فەرمانبەر بەدڵی خۆیان سوکایەتی بە کاری رێکخراوەکان دەکەن، کەس هیچ ناڵێت لەبەر ئەوەی بەردەوامی سوكکردنی کاری رێکخراوەکان تەنیا بۆ ئەوەیە دەست نەبرێت بۆ ئەو تاوانانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێکردوە، کە ئێمە لەم میحنەتی بێ ئەقڵییە دەربهێنێت، ئێمە لە ژیانێکـی پڕ لە خوێنڕشتن و بوغز و رق دەربازبکات.
لە لایەکی دیکەوە، کێ داوای سزای تاوانبارانی کوشتنی ژنان دەکات؟ کەس دێتە دەنگ؟ ئەو واقیعە تاڵە وەک ئێمە دەیبینین تەنیا داڵدەدانی بکوژانی ژنانە. ئەوانەی لە کاتی روداوەکانی کوشتن و توندوتیژییدا دەنگ هەڵدەبڕن و زۆر زو کپ دەبنەوە، ژنان و کچان دێن و هەڵدێن بێ پشت و پەنان و دێنە لای ئێمە، کوا دەنگی هاوڵاتییان بەرامبەر بە دامودەزگاکان و دەسەڵاتداران کە قبوڵی ئەو هەمو خوینڕشتنە دەکرێت و دەیانەوێت ئەم تاوانە قێزەونانە ئاسایی بێتەوە، 'ئەنفالی ژنان' رازیبونی کۆمەڵگەی لەسەر نەبێت هەرگیز وەك ئەمڕۆ بەردەوامی نابێت؛ نە 'زەهرا' بکوژی دیارە، نە بکوژی 'سەروین'، نە بکوژی 'دۆسکی'، هەتا بە بکوژانی 'نەقیب محەمەد' دەگات کە خۆی بەرگریکاری دۆسیەکانی ژنان بو... ئەرێ ئەوە کەسی تر دەپرسێت کوان؟ چۆن؟ پەنا دران؟
ئەم بۆشایە گەورەیەی ویژان تەنیا بە فشاری هاوڵاتییان دەتوانرێت پڕبکرێتەوە..
ئەرکی ئێمە لە ناو ئەم 'لافاوی خوێن'ـە، دەرھێنانەوەی ئەو دۆسیانەیە کە خۆینیان لێدەچۆڕیت؛ ئەوەی پێویستە بکرێت وەستانی لافاوەکەیە. ئەمەش تەنیا بە خۆبەرپرسکردن لەم تاوانانەیە نەک بێدەنگبون لێیان.
ئەوە بێدەنگییە وای کردوە، کە تاوانەکان ساڵ بەساڵ لە ھەڵکشاندابن، ئەوە بێدەنگییە کە ئەو تاوانانەی ئاسایی کردوەتەوە و رۆژانە داھێنان لە سوکاتیی و کوشتنی ژناندا دەکرێت و بە ئاسانیی و ئاسایی تێدەپەڕن!
«بێدەنگییش نیشانەی قەبوڵ کردنی کۆمەڵگەیە، لەمەڕ رەوشی ژن لەم کۆمەڵگەیەدا».