كچه‌ "نینجاكانى" پێنجوێن

2022/02/16    1476 جار بینراوە
 
* نه‌وژین، هۆزان فه‌ریق
 
سێ ساڵه‌ (شاهان) ده‌ستى بۆ وه‌رزشێك بردوه‌ كه‌له‌ناو كۆمه‌ڵگادا نامۆیه‌ بۆ كچ، ئه‌ویش هونه‌ری به‌رگرییه‌، له‌نێو ئه‌و هونه‌ره‌شدا، رێچكه‌ى نینجاى گرتوه‌، كه‌ وه‌رزشێكى پڕ جوڵه‌یه‌، ئه‌و ئێستا به‌ شانازیه‌وه‌ ئه‌ندامى گروپی نینجاكانى پێنجوێنه‌.
 
ساڵی 2017 فێرگەی نینجا لەقەزای پێنجوێن (كه‌ نزیكه‌ى 100كم له‌ ناوه‌ندى شاری سلێمانیه‌وه‌ دوره‌) كراوه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌تا تایبه‌ت بوه‌ بۆ كوڕان، پاش ساڵێك به‌شى كچانیشی تێدا كراوه‌ته‌وه‌، ئێستا 25 کچ لەفێرگەکەدا راهێنان دەکەن.
 
رێبەند حەمەکه‌ریم، راھێنەری فێرگه‌ى نینجاى پێنجوێن، بۆ نەوژین وتى: ئامانجمان تەنها خزمەتکردنە به‌ بواری وەرزش و بەرەوپێشبردنی، بۆیه‌ ئه‌م فێرگه‌یه‌مان كرده‌وه‌ و هه‌وڵیشمانداوه‌ وه‌كو یه‌ك سود به‌ هه‌ردو ره‌گه‌ز بگه‌یه‌نین.
 
 
 
رێبەند سەرەتای دانانی فێرگەکەیان بەئەستەم ناودەبات "كاره‌كه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ کەمێک سەخت بو، بەڵام سوپاس بۆخوا کۆڵمان نەدا و نەکەوتین، توانیمان ببینە جێگای متمانەی کۆمەڵگا".
 
له‌ كوردستاندا به‌ كه‌می كچان له‌ بوارى وه‌رزشه‌كانى به‌رگرى ده‌بینرێن، هه‌ربۆیه‌ دیمه‌نه‌كه‌ زیاتر نامۆ ده‌بێت كه‌ كچان رو له‌م وه‌رزشه‌ پڕ جوڵه‌یه‌ بكه‌ن.
 
ئاسیا کەریم، 18 ساڵ، یه‌كێكه‌ له‌ یاریزانه‌ كچه‌كانى گروپی نینجا، وتى: سەرەتا راهێنانەکان بۆ من وەکو کچێک زەحمەت بو، بەڵام هەوڵدانی خۆم و پشتیوانى راهێنه‌ره‌كه‌م، گه‌یاندمیه‌ ئاستێكى به‌رزتر.
 
شاهان عه‌لی، 15 ساڵ، یاریزانێكى ترى نینجایه‌، جه‌خت له‌ سه‌ختى وه‌رزشه‌كه‌یان ده‌كاته‌وه‌ "نینجا جیاواز لە هونەرەکانی تر سەختە، بۆیە پێویستی بە هەوڵدانێکی زۆرە بۆ ئەوەی جەستەیەکی بەهێز بونیاد بنێیت".
 
 
 
به‌رده‌وام له‌ تێكه‌ڵبونى كچان به‌ وه‌رزش، هۆكارى كۆمه‌ڵایه‌تى و رێگری خێزانه‌كان، به‌ ئاسته‌نگ ده‌زانرێت.
 
شاهان له‌وباره‌وه‌ ده‌ڵێت: "لەبەر ئەوەی حەزێکی زۆرم بۆ وەرزشەکە ھەیە، خێزانەکەم ھاوکارێکی باشم دەکەن".
 
كچانى نینجاى پێنجوێن، باس له‌وه‌ده‌كه‌ن ئه‌م وه‌رزشه‌ نه‌ك هه‌ر ته‌نها له‌ روى جه‌سته‌ییه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ روى ده‌رونیشه‌وه‌ ئارامى پێداون.
 
 
 
شاریا تاهیر، 16 ساڵ، یاریزانێكى گروپى نینجایه‌ و ده‌ڵێت: لە روی جەستەیی و دەرونییەوە سودی پێ گەیاندوم، ئێستادا جیاواز لە پێشتر لە کەسێکی گۆشەگیرەوە بوم بە کەسێکی کۆمەڵایەتی".
 
نینجا ده‌سته‌واژه‌یه‌كى ژاپۆنیه‌ و به‌ ژماره‌یه‌ك گروپی شه‌ڕكه‌ر ده‌وترا كه‌ له‌ سه‌ده‌ى 15ى زاینیه‌وه‌ له‌و وڵاته‌ سه‌ریان هه‌ڵدا، كه‌ هونه‌ره‌كانى به‌رگری و شمشێربازییان تێكه‌ڵ كردوه‌ و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ شه‌ڕ و تیرۆر و تاڵانكردن گلاون، پاشان رێبازێكى دیكه‌ى گرت و ئێستا له‌ جیهاندا په‌یڕه‌وكارانى وه‌كو وه‌رزشێك ئه‌نجامى ده‌ده‌ن و له‌ زۆر وڵاتدا هه‌ن، به‌ڵام له‌ كوردستاندا ره‌نگه‌ گروپه‌كه‌ى پێنجوێن سه‌ره‌تاى ئه‌م هونه‌ره‌ بێت.
 
رێبەند، گه‌شبینه‌ به‌ به‌ بڵاوبونه‌وه‌ى زیاترى ئه‌م هونه‌ره‌ و هیواخوازه‌ رۆژێک بتوانن بەشداری پاڵه‌وانێتیه‌كان بکەن.
 

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,654,207     ژمارەی میوان 1776

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە