پێویستیی په‌روه‌رده‌ى سێكسی بۆ مناڵان

2022/02/15    1262 جار بینراوە
 
د. دیلمان ئازاد خۆشناو*
 
روداوە راستەقینەکانی ژیان دەبنە وانە و دەبێت  لەسەر بنەمای ئەو رەهەندە چارەسەر بدۆزینەوە، لە کاتی نەتوانینی بنبڕکردنی بەلایەنی کەمەوە بەشێکی چارەسەر بکەین.
 
لەم ماوەیە زۆرترین نامە و ئەو کێشانەی ئاراستەم دەکرێن هەمان بەسەرهاتە، ئەمەش نمونەیەکە لەمانە:
 
کچیک: دکتۆرە گیان دەمەوێت پشکنینی پەردەی کچێنیم بۆ بکەی؟
 
وەڵام: لەبەر چی؟
 
وەڵامی دامەوە: دکتۆرە کە تازە گەیشتبومە تەمەنی هەرزەکاری یەکەم سوڕی مانگانەم بینی و زۆر ترسام، نەمزانی ئەو خوێنە چییە و چۆن خۆم خاوین بکەمەوە و لەناو خانەوادەی ئێمە شەرمە باسی بابەتێکی لەو شێوەیە بکرێت، بۆیە  منیش بە هاوڕێیەکی نزیکم گوت کە بارودۆخێکی بەمشێوەیەم بەسەر هاتوە، ئەویش بە شێوازێکی ناتەندروست رێنمایی کردم، لە ئێستادا کە گەیشتومەتە ئەو تەمەنە ئامادەیی هاوسەرگیریم نیە سەرەڕای ئەوەی داواکاریم زۆرە، چونکە لەوە دەترسم لە تەمەنی هەرزەکاریم لەژێر رێنمایەکانی هاوڕێکەم زیانمگەیاندبێتە پەردەی کچێنیم.
 
ئەوەی جێگای تێڕامان و سەرەنجە لای من، وای بۆ دەچم چیرۆکی ئەو کچە تاکە چیڕۆک نەبێت لە کۆمەڵگای ئێمە دا، چونکە تاوەکو ئێستا نەتواندراوە دەست لەسەر برینەکان دابندرێت و خاڵە جەوهەریەکانی ئەو کێشەیە دەستنیشان بکرێت، لەبەر ئەوەی پەروەردەی بەشێک لە خێزانەکانی ئێمە لە سەرەتاوە نادروست بوە و گرێدراوی کۆمەڵێک نەریت و عورفی بێبەهان، هەر ئەمەشە وایکردوە کچێک لەبەر ترس و شەرم پەنا بباتە بەر هاورێیەکی هاوتەمەنی خۆی و جورئەتی ئەوەی نەبێت بتوانێت رو بەڕو لەگەل ئەندامێکی خێزانەکەی باس بکات.
 
سەرەتا پەروەردەی سێکسی (التربیه‌ الجنسیە) شتێکی هەڵە نییە ئەگەر بەپێی تەمەن و لە چوارچیوەیەکی زانستی سنوردار کە لەگەڵ کۆمەڵگا بگونجێت بدرێتە مناڵەکان. باشە چ کارەساتێکی گەورەیە کە مندال بگاتە تەمەنی هەرزەکاری و ئامادەت نەکردبیت بۆ ئەو قۆناغە هەستیارە؟!
 
لەبەر ئەوەی مرۆڤ بەپێی قۆناغەکانی تەمەنی گۆڕانکاری فسیۆلۆجی لە جەستەی رودەدات، کە ئەمەش بێگومان ئەرکی خێزانەکان و پەروەردەیە زانیاری لەسەر ئەو گۆڕانکاریانە بەتاک بدات بەبێ لەبەرچاو گرتنی ترس و شەرم.
 
مەبەستمان لە پەروەردەی سێکسی زۆر شتی زانستی وا دەگرێتە خۆی، ئەگەر فێری مناڵەکانمان بکەین لەوانەیە لە هەڵەی زۆر گەورە بەدور بکرێتەوە و لەوانەیە رێژەی گێچەڵی سێکسی و دەستدرێژی سێکسیش سنوری بۆ دابنریت.
 
هەندێَک نمونەی پەروەردەی سیکسی کە دایکان زۆر پەیوەندیم پێوە دەکەن و نامەم بۆ دەنێرن چۆن لەگەڵ مناڵەکانمان دەست پێبکەن:
 
لەتەمەنی ١-٣ سال مناڵ دەبێت ناوی شوێنە هەستیارەکانی خۆی بزانیت بە ناوی راستی نەک ناوی خوازراو، ئەوە مناڵە لەزۆر شت دەپارێزێت.
 
لە تەمەنی ٣ ساڵ مناڵ دەبێت بزانێت کە شوێنه‌ هەستیارەکانی کوڕ و کج جیاوازە بە ناوەوە فیری مناڵەکەت بکە.
 
لەتەمەنی ٣-٦ ساڵ زۆر بەسەرەتایی بیرۆکەی زیادکردنی بۆ باس دەکەی، بۆ نمونە پێی دەڵێی: چۆلەکە نێر و مێی هەیە و مناڵیان دەبێت، بۆی رون بکەوە ئەمە بۆ بەردەوام بونی ژیانە.
 
لە ٦-٩ ساڵ هەندیک بیرۆکەکە فراوانتر بکە لای وەک ئەوە لە روەک زیادبون چۆن رودەدات و لە گیانەوەر چۆن رودەدات.
 
لەدوای ئەوەی مناڵەکەت نیشانەی هەرزەکاری لێ بەدەرکەوت، ئینجا ئەرکی سەرشانتە وەک دایک و باوک لەو قۆناغە دەستی بگریت و ئامادەی بکەی لەروی جەستیی و دەرونیەوە، سادەترین نمونە باسی سوڕی مانگانەی بۆ بکە کە چییە و چۆن خۆی خاوێن دەکاتەوە. ئەو زیپکانەی لەسەر دەموچاوی دێت چۆن ئاگاداریان دەبێت و لەروی دەرونیەوە بەهەمان شیوە، بۆنمونە چۆن پێی بڵێی کە هەستت دەگۆڕێت لەو تەمەنە ئەوە ئاساییە، بەڵام هەستەکانت تەنها بە دایک یان باوکت بڵێ، یان کەسیکی وەک خوشک یان برای گەورە، واتا ئەو مناڵە بازنەیەکی دڵنەوایی بۆ دروست دەکرێت لەناو خیزانەکەی.
 
بنەمای هەر گۆمەڵگایەکی پێشکەوتو، تاکێکی پێگەیشتوە، بەپلەی یەکەم ئەرکی پەروەردەکردنی تاکیش دەکەوێتە ئەستۆی خێزان (دایباب)، دواتر ئەم ئەرکە دەکەوێتە سەر شانی ناوەندە پەروەردەیی و فێرکارییەکان، ئەوەی مەبەستم بو لە وروژاندنی ئەو چیڕۆکە، خستنەڕوی دیاردەیەکی ناتەندروستی پەروەردەکردنە لە کۆمەڵگای ئێمەدا کە پێویستی بە راستکردنەوەیە.
 
 
* پسپۆری پزیشکی دادوەری، مامۆستا لە کۆلیژی پزیشکی
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,665,193     ژمارەی میوان 419

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە