خەتەنەی کچان ھێشتا بە نھێنی ئەنجام دەدرێت

2022/02/06    1933 جار بینراوە
 
* نەوژین، سروە کەریم
 
ئەگەرچی بە یاسا قەدەغە کراوە، بەڵام ھێشتا خەتەنەکردنی کچان لە ھەرێمی کوردستان بەردەوامە، ئێستاش بۆ دەربازبون لە یاسا، پەنا بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق دەبرێت.
 
شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە، کە بە 'خەتەنە' ناودەبرێت، یەکێکە لەو جۆرانەی توندوتیژی کە بەپێی یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی لە ھەرێم قەدەغە کراوە.
 
سەرباری ئەم قەدەغەکردنەش، بەڵام ھێشتا ئەنجام دەدرێت، بەڵام بەگشتی لە چاو جاراندا رێژەکەی کەمترە.
 
"لەساڵی 2019 بۆ ساڵی 2021 ھیچ ئامارێکی خەتەنەکردن ژنان لە گەرمیان و ھەڵەبجە تۆمار نەکراوە". خەڵات ساڵح، ئەندامی تیمی وادی لەگەرمیان کە بەشێکی کارەکانیان تایبەت بوە بە پرسی بەرەنگاربونەوەی خەتەنەکردنی کچان، وادەڵێت.
 
سەرباری ئەوەش، خەڵات پێیوایە "خەتەنەکردن هێشتا بەنهێنی هەیە و ئەنجام دەدرێت".
 
لەکاتێکدایە کە بەپێی داتا و روپێویەکانی پێشوتری ئەو رێکخراوە، رێژەی خەتەنەکردن لەم ناوچانە بەرز بوە و سەروی ٧٠٪‏ بوە بەتایبەت لە گەرمیان، بەڵام دواتر رێژەکە دابەزیوە تا گەشتوە بە سفر. بەڵام لە ھەندێک ناوچەی دیکە حاڵەتەکە ھەر بەردەوامە.
 
كچێكی كورد له‌ چاوه‌ڕوانى خه‌ته‌نه‌كردن دا           فۆتۆ: گاردیان
 
 
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی وادی ئەڵمانی، لە ساڵی 2021 دا پارێزگای  هەولێر بەرزترین رێژەی خەتەنەکردنی کچانی تێدا تۆمار کراوە کە 85 حاڵەت بوە، قەزای رانیەش بەدوای ئەودا دێت بە 29 حاڵەت، کچانی خەتەنەکراویش بەگشتی تەمەنیان لە نێوان 1 رۆژە بۆ 20 ساڵیە.
 
حاڵەتەکانی خەتەنەکردن لەپارێزگای هەولێر زۆرن و بۆ خەتەنەکردنی کچەکانیان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەبەن.
"یەکێک لەوحاڵەتانەی ئێمە بینیومانە لەمیانەی کارکردنمان دا، دایکێک بو کە دەستی سێ کچی خۆی گرتبو بۆئەوەی لە هەولێرەوە بیانبات بۆ شارۆچکەی مەخمور و لەوێ خەتەنەیان بکات". پەیام ئەحمەد، ئەندامی تیمی رێکخراوی وادی ئەڵمانی لەهەولێر، وای وت.
 
لایخۆشیەوە بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتان لە ھەولێر، فەرمان محەمەد، بە نەوژینی وت: هیچ بەدواداچونێکمان نەکردوە کە بزانین بە زۆری لە کوێ پرۆسەکە ئەنجامدراوە.
 
نەتەوەیەکگرتوەکان، رۆژی 6ی شوباتی بە رۆژی جیھانی بەرەنگاربونەوەی شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی کچان دیارییکردوە.
 
ھاوکات رێکخراوی تەندروستی جیهانی خەتەنەکردنی کچانی وەک  تاوان ناساندوە و باس لەوەدەکات لە 28 وڵاتی جیهان دا پرۆسەکە ئەنجامدەدرێت کە بەشێکی زۆریان دەکەونە کیشوەری ئەفریقیاوە.
 
كۆبونه‌وه‌یه‌كى رێكخراوى وادی له‌ گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ ژنان بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌یان له‌ مه‌ترسیه‌كانى توندوتیژی و له‌نێویشی دا خه‌ته‌نه‌كردنى كچان
 
 
لەمادەی شەشەمی یاسای ژمارە 8ساڵی 2011ی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی، لەبڕگەی دوەمدا باس لەوەکراوە هەر کەسێک کردەی خەتەنە کردنی مێینە ئەنجام بدات یان تێیدا بەشداربێت، سزای بەندکردن دەیگرێتەوە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە دوساڵ زیاتر نەبێت.
 
بەڵام بەڕێوبەری بەرێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتان لە هەولێر، وتی: هیچ کەسێک لەسەر ئەو بابەتە دەستگیر نەکراوە.
 
مەترسی خەتەنەکردن بۆ کچان ھەر لە یەک تەمەندا نامێنێتەوە، بەڵکو کاریگەرییەکی بەردەوامی ھەیە، چ لە روی تەندروستییەوە و چ لە روی دەرونییەوە.
 
سەیران، ناوی خوازراوی کچێکی دانیشتوی یەکێک لە گوندەکانی گەرمیانە و بە مناڵی خەتەنە کراوە، بە خەمبارییەوە باسی لەوەکرد کە حاڵەتەکە زۆر کاری لێکردوە لە روی دەرونیەوە، تەنانەت لێکەوتەی خراپیشی لەسەر ژیانی هاوژینی ئەو داناوە.
 
زۆرجار ئەم پرۆسەیە بە پاساوی ئاینی ئەنجام دەدرێت و بە 'سونەت' ناودەبرێت، بەڵام بەرپرسێکی ئەوقاف ئەو بۆچونە بە ھەڵە دەزانێت.
 
بەڕێوبەری گشتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە گەرمیان، سەباح محەمەدساڵح، بۆ نەوژین دەڵێت: هیچ دەقێکی قورئان و فەرمودەیەکی راست "صحيح" لەو بارەیەوە نیە و وەک پیاوانی ئاینی کار لەسەر ئەوە دەکەین کە لەژێر هیچ ناوێک ئەنجام نەدرێت.
 
 
 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,844,231     ژمارەی میوان 1599

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە