* نەوژین، سومەیە ساڵح
لە هەرێمى کوردستان، سەرو پێنج هەزار رێکخراوى کۆمەڵگەى مەدەنى تۆمارن، لەو ژمارەیە نزیکەى ٢٥٠ رێکخراویان لە بوارى داکۆکیکردن لە مافى ژنان کاردەکەن، بەڵام پرسى گەوهەرى ئەوەیە، رۆڵى رێکخراوەکان لە کەمبونەوەى توندوتیژى دژ بە ژنان چییە؟
سەیوان رۆستەم، کە چالاکوانێکى بەرگریکردنە لە مافى ژنان، لەسەر ئەو بابەتە قسەى بۆ نەوژین کرد، پێى وایە، رێکخراوەکان کە ئامانجیان بە مەدەنیکردنى کۆمەڵگە و بەرەنگاربونەوەى توندوتیژییە، رۆڵى باشیان هەبوە لە کەمبونەوەى توندوتیژییەکان.
وتیشی: رۆڵى رێکخراوەکانى ئەو کاتە دەردەکەوێت کە روداوەکان بەرەو دۆخێکى یاسایى دەچن، ئەوان هۆکارى سەرەکی بون لە هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی، هەر رێکخراوەکانیش بون بە هۆکارى قورسکردنی سزای یاسایی ئەو کەسانەی کوشتن بە بیانوی شەرەف ئەنجامدەدەن.
"نەک هەر ئەوە، بەڵکو خودى هەموارى یاساى بەرەنگاربونەوەى خێزان لە توندوتیژی و دروستکرنى شەڵتەر و پەناگەکانى داڵدەدانی ژنان، دەستکەوتى رێکخراو و چالاکوانەکانى بوارى ژنانە"، سەیوان رۆستەم واى بە نەوژین وت.
هەرچەندە رێکخراوەکان رۆڵى ئەرێنى لە کەمبونەوەى توندوتیژییەکان دا دەبینن، بەڵام بە بۆچونى ئەو چالاکوانەى بوارى مافەکانى ژنان، بەرەنگاربونەوەى توندوتیژى پڕۆسەیەکى دورمەودا و درێژخایەنە، وەک دەڵێت،"دەبێت لە مناڵێکى ساواوە دەستپێبکەین و لە خوێندن و پەروەردە رەنگ بداتەوە".

پارێزەر؛ چرۆ عومەر، هاوڕاى سەیوان رۆستەم ـە، کە رێکخراوەکان رۆڵی باشیان هەبوە لە بڵاوبونەوەى هۆشیارى یاسایى و بەرەنگاربونەوەى توندوتیژیى، دەڵێت، زۆرکات کە ژنێک کەیسێکی هەیە راوێژ بە پارێزەران دەکات و لەسەر یاساکە داوای زانیاری زیاتر دەکات، ئەمە دەستکەوتی رێکخراوەکانە کە هۆشیاریان کردوەتەوە لە مافەکانی".
چرۆ، باسیلەوەشکرد: ژمارەی کەیسەکانى توندوتیژی زیادی کردوە، بەڵام پێى وایە ئەوە جێگەى دڵخۆشییە، وتی: زیادبونى کەیس و سکاڵاى یاسایى بە ماناى هۆشیارى ژنانە لە روبەڕوبونەوەى توندوتیژى و بەدەستهێنانى مافەکانیان، ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە وەک لە نیگەرانی.
سەفین تاهیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی/ هەولێر، بە هەمان شێوە رۆڵى رێکخراوەکان نادیدە ناگرێت لە بەرەنگاربونەوەى توندوتیژى دژ بە ژنان، ئەو بە حوکمى پۆستەکەى رەنگە لە هەرکەس زیاتر سەروسەوداى لەگەڵ کەیسەکانى توندوتیژى هەبێت، هەر بۆیە پێى وایە، رۆڵى رێکخراوەکانى ژنان بەشێوەیەکە کارئاسانى زۆرباشى بۆ کردون لە کارەکانیان.
یەکێک لە ئەرکەکانى بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەنجامدانى کۆڕ و سیمینار و راهێنانى هۆشیارییە بۆ ژنان، وەک ئەوەى سەفین تاهیر بۆ نەوژین باسى کرد، رێکخراوەکانى ژنان لەو روەوە زۆر هاوکارن و پارێزەرى خۆبەخشیان بۆ دابین دەکەن بۆ وتنەوەى سیمینارەکان و هەروەها بۆ ئەو ژنانەى توندوتیژیان بەرامبەر کراوە.

رێکخراوەکان زۆر و بۆرن؟
هەرێمى کوردستان کە خاکێکى لەبارە بۆ کارى رێکخراوەیى، تائێستا ٥٢٩١ رێکخراو تۆمارن لە فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان، لەو ژمارەیە نزیکەى ٢٥٠ رێکخراویان لە بوارى ژنان دا کار دەکەن، ئەوەش بەپێى ئامارێکى فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان کە بە نەوژینى داوە.
بە بۆچونى رێژنە ئەبوبەکر کە داکۆکیکارى مافى ژنان و توێژەرێکى سیاسییە، رێکخراوەکان رۆڵى باش و کاریگەریان هەبوە لە بوارەکەدا، بەڵام وەک دەڵێت، هێشتا لە ئاست چاوەڕوانى ئەواندا نەبون و چاوەڕێى زیاتریان لێدەکەن.
دەشڵێت، گرنگە رێکخراوەکانى ژنان بەر لە هەر شتێک سەربەخۆبن بۆ ئەوەى جێ پەنجە لەسەر مافەکانى ژنان جێبهێڵن، ئەمەی تاوەکو ئێستا هەبوە زۆرباشە، بەڵام باشتر ئەوەیە سەربەخۆیانە بەشێوەیەک چاویان تەنها لەسەر پرسی ژن بێت کارەکانیان بکەن.
ئەو داکۆکیکارەى مافەکانى ژنان پێشى وایە، ئابورى سەربەخۆ واى کردوە ژنان زۆر مەرج و توندوتیژى قبوڵ نەکەن، بۆیە گرنگە رێکخراوەکان رۆڵیان هەبێت لە بیناکردنى ئابورى بۆ ژنان و کچان کە لێیەوە دەبێتە هۆى کەمبونەوەى توندوتیژى و بەرجەستەکردنى مافەکانى ژنان.
ئەم راپۆرتە لە لایەن (رێکخراوی خەڵك بۆ گەشەپێدان)ـەوە پاڵپشتی دەکرێت.