"ره‌گه‌ز گۆڕین" چیه‌؟

2022/02/05    1448 جار بینراوە
 
* نه‌وژین
 
رۆژى (31ى كانونى دوه‌مى 2022)،هه‌واڵی كوشتنى كچێكى ره‌گه‌ز گۆڕاو له‌ دهۆك به‌گوێی هاوڵاتیان دا درا، ئه‌م روداوه‌ لێكه‌وته‌ى زۆری هه‌بو، به‌شێك سه‌ركۆنه‌یان كرد، به‌شێكى تریش كه‌ وادیار بو زۆرینه‌ بون، نه‌ك هه‌ر روداوه‌كه‌ نیگه‌رانى نه‌كردن، به‌ڵكو ده‌ستخۆشیشیان له‌ بكه‌ره‌كه‌ى كرد، ئه‌ویش به‌و پاساوه‌ى ئه‌وه‌ى كوژراوه‌ كوڕ بوه‌ و خۆی كردوه‌ به‌ كچ.
 
روداوه‌كه‌ى دهۆك ئه‌و هه‌ستیارییه‌ى جارێكى دیكه‌ زه‌ق كرده‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌واری به‌رامبه‌ر هه‌ر بابه‌تێك هه‌یه‌تى كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ (ره‌گه‌ز/ جێنده‌ر/ سێكس)ـه‌وه‌ هه‌بێت، هه‌روه‌ك ده‌ریشیخست كۆمه‌ڵگه‌ له‌ خه‌مى ئه‌و كه‌مینه‌ جێنده‌ریی و سێكسیانه‌ دا نیه‌ كه‌ له‌ گه‌ڵیاندا ده‌ژین و ره‌نگه‌ له‌ زۆر شوێنیشدا به‌ر یه‌ك بكه‌ون.
 
ره‌گه‌ز گۆڕاوه‌كان كێن؟
 
ره‌گه‌ز گۆڕاوه‌كان "تێپه‌ڕه‌كان/ ترانس"، كه‌سانێكن ئه‌و ره‌گه‌زه‌یان كه‌ پێوه‌ى ناسراون، تێپه‌ڕاندوه‌ بۆ ره‌گه‌زی دیكه‌ یان به‌رامبه‌ر، به‌و مانایه‌ى ئه‌گه‌ر پێشتر وه‌كو نێر یان مێ ناسراو بون، ئێستا به‌پێچه‌وانه‌وه‌.
 
فه‌رهه‌نگی ئۆكسفۆرد وایده‌ناسێنێت كه‌ ئه‌و جیاوازییه‌یه‌ كه‌ له‌ شوناسی جێنده‌ریی كه‌سێك دا دروست ده‌بێت به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى له‌ كاتى له‌دایكبونی دا بۆی دیاریی كراوه‌ و به‌سه‌ریدا بڕاوه‌. به‌و مانایه‌ى كه‌سه‌كه‌ كه‌ به‌ نێر یان مێ ناسێنراوه‌، به‌ڵام خۆی ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ره‌ نه‌ك ئه‌وه‌ى بۆی دیارییكراوه‌.
 
دۆسكی ئازاد، ئه‌و كچه‌ ره‌گه‌زگۆڕاوه‌ى كه‌ له‌ دهۆك له‌لایه‌ن برایه‌كیه‌وه‌ كۆتایی مانگى رابردو كوژرا          فۆتۆ: تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان
 
 
ئه‌م كه‌سانه‌ به‌ جه‌سته‌یه‌ك له‌دایكبون و ناسراونه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌ربڕى خواستى ره‌گه‌زییان نیه‌، واتا بۆنمونه‌ به‌ جه‌سته‌ پیاوه‌، به‌ڵام به‌ شوناس خۆی به‌ مێ ده‌زانێت، یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌.
 
ورده‌كاری ئه‌م دۆخه‌ زۆر و جیاوازه‌، به‌ جیاوازى كه‌سه‌كان كه‌وتوه‌.
 
ره‌گه‌زگۆڕاوه‌كان هاوره‌گه‌زخوازن؟
 
به‌ كورتى: نه‌خێر، چونكه‌ جیاوازیه‌كه‌ له‌ نێوان ناسنامه‌ى ره‌گه‌زی و مه‌یل و ئاره‌زوى سێكسی دایه‌. واتا كه‌سى هاوڕه‌گه‌زخواز بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر نێر بن، حه‌ز به‌ ره‌گه‌زی خۆیان "نێر" ده‌كه‌ن و خۆیان به‌ مێ نازانن، به‌ڵام كه‌سانى ره‌گه‌زگۆڕاو، خۆیان به‌و ره‌گه‌زه‌ نازانن كه‌ له‌ مناڵیه‌وه‌ به‌ناویانه‌وه‌ تۆمار كراوه‌.
 
به‌مانایه‌كى تر، كه‌سانى هاوڕه‌گه‌زخواز مه‌یلی سێكسیان بۆ كه‌سانێكه‌ له‌ ره‌گه‌زی خۆیان و خۆیان به‌ ره‌گه‌زێكى تر نابینن، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كه‌سانى ره‌گه‌زگۆڕاو خۆیان به‌و ره‌گه‌زه‌ نابینن كه‌ پێوه‌ى ناسراون.
 
 
نه‌شته‌رگه‌ریی ره‌گه‌ز گۆڕین
 
به‌شێكى كه‌سانى ره‌گه‌زگۆڕاو، به‌وشێوه‌یه‌ ده‌مێننه‌وه‌ كه‌ هه‌ن، به‌ڵام به‌ یه‌كجاری شوناسى خۆیان ده‌گۆڕن، واتا ده‌ستكاری جه‌سته‌یان ناكه‌ن، به‌ڵام چیتر خۆشیان به‌و ره‌گه‌زه‌ نابینن كه‌ پێشتر پێی ناسرابون، واتا ئه‌گه‌ر له‌ مناڵیه‌وه‌ به‌ كچ ناسرابن، ئه‌وا كه‌ ره‌گه‌زی خۆیان ده‌گۆڕن، چیتر وه‌كو كچ مامه‌ڵه‌ ناكه‌ن و خۆیان وه‌ك كوڕ ده‌بینن و جلوبه‌رگ و ره‌فتارى كوڕانه‌ ده‌كه‌ن.
 
 
به‌شێكى دیكه‌شیان له‌پێناو به‌رجه‌سته‌كردنى ته‌واوه‌تى ره‌گه‌زه‌كانیان، په‌نا بۆ نه‌شته‌رگه‌ریی پزیشكیی ده‌به‌ن كه‌ به‌ نه‌شته‌رگه‌ریی "راستكردنه‌وه‌ى ره‌گه‌ز"یش ناوده‌برێت. له‌ رێگه‌ى ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییانه‌وه‌ گۆرانكارییه‌ بنه‌ڕه‌تى له‌ جه‌سته‌یاندا ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زه‌ نوێیه‌كه‌یاندا ده‌یگونجێنن، ئه‌مه‌ش له‌ روخساره‌وه‌ بۆ هه‌ندێك له‌و ئه‌ندامانه‌ى كه‌ ره‌هه‌ندى ره‌گه‌زییان هه‌یه‌ له‌ نمونه‌ى مه‌مك، هه‌تا ده‌گات به‌ گۆڕینی كۆئه‌ندامى زاوزێشیان.
 
ئه‌مه‌ جگله‌ له‌وه‌ى به‌شێكى دیكه‌یان له‌ رێگه‌ى به‌كارهێنانى ده‌رمانى پزیشكی "هۆرمۆناته‌وه‌" ره‌گه‌زیان ده‌گۆڕن.
 
تائێستا هیچ زانیارییه‌ك نیه‌ كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بدات له‌ عێراق دا نه‌شته‌رگه‌ریی گۆڕینی ره‌گه‌ز ده‌كرێت، به‌ڵام به‌كارهێنانى هۆرمۆن بونى هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش به‌ وته‌ى سه‌رۆكى رێكخراوى (عێراق كوێر) كه‌ گرنگى به‌ كۆمه‌ڵگه‌ى (میم) له‌ نمونه‌ى هاوڕه‌گه‌زخوازان و ئه‌وانى دیكه‌ ده‌دات.
 

 



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,139,243     ژمارەی میوان 3609

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە