دادگاى فیدراڵی... دادگایه‌كى نێرانه‌

2022/01/25    1104 جار بینراوە
 
* نه‌وژین
 
ئه‌مڕۆ گرنگترین هه‌واڵى رۆژ له‌ عێراق دا، بڕیاره‌كه‌ى دادگاى باڵاى فیدراڵی عێراقه‌ له‌باره‌ى یه‌كه‌مین دانیشتنى خولی پێنجه‌مى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ئه‌و دادگایه‌ى كه‌ له‌ 9 پیاو پێكهاتون، سه‌رپشككراون بۆ بڕیاردان له‌ هه‌ر پرسێكى ده‌ستوری.
 
دادگاى باڵاى فیدراڵی عێراق، به‌رزترین ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ بڕیاردان له‌ ره‌وایه‌تى هه‌ر پرسێكى ده‌ستوری دا، هه‌ربۆیه‌ كاتێك ژماره‌یه‌ك پارله‌مانتار سكاڵایان هه‌بو له‌باره‌ى یه‌كه‌مین دانیشتنى خولی پێنجه‌مى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، هانایان بۆ ئه‌م دادگایه‌ برد و ئه‌ویش دواى دو دانیشتن، ئه‌مڕۆ بڕیارى له‌باره‌ى ئه‌و سكاڵایانه‌ دا و ره‌دی كردنه‌وه‌ و پێیوابو كه‌ دانیشتنه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ده‌ستورى بوه‌ و هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ش به‌هه‌مانشێوه‌ ده‌ستوریی و یاسایی بو.
 
دادگاكه‌ كه‌ ئه‌م حوكمه‌ یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ى داوه‌، ده‌شێت به‌ دادگایه‌كى ته‌واو نێرانه‌ ناو ببرێت، به‌وپێیه‌ى تاكه‌ یه‌ك ژنیش له‌ پێكهاته‌كه‌ى دا نییه‌.
 
 
دادگای باڵاى فیدراڵی عێراق، به‌ مه‌به‌ستى یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى ئه‌و سكاڵایانه‌ى ره‌هه‌ندی ده‌ستورییان هه‌یه‌، پاڵپشت به‌ یاسای ژماره‌ (30)ى ساڵی 2005 و به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ماده‌ى (93) له‌ ده‌ستورى عێراق، دروست بوه‌. باره‌گاكه‌ى له‌ به‌غدای پایته‌خته‌ و دادگایه‌كى ته‌واو سه‌ربه‌خۆیه‌ و ته‌نانه‌ت گرێدراویش نیه‌ به‌ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رییه‌وه‌، بڕیاره‌كانیشی بۆ هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌كان پابه‌ندیی "ألزامی"یه‌ و ده‌بێت هه‌موان پێوه‌ى پابه‌ند بن.
 
مێژوى دروستبونى بۆ سه‌ره‌تاكانى دروستبونى عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌دیارییكراوى بۆ ساڵی 1925، له‌وساوه‌ تائێستا زۆر گۆڕانكاریی له‌ ئه‌رك و پێكهاته‌كه‌یدا رویداوه‌، دواین پێكهاته‌ى كه‌ ساڵی پار په‌سه‌ند كرا، ژماره‌ى ئه‌ندامانى دادگاكه‌ كرا به‌ (12) ئه‌ندام كه‌ (9)یان جێگیر و (3)یشیان یه‌ده‌گن. له‌و نۆ دادوه‌ره‌ یه‌كێكیان سه‌رۆكایه‌تى دادگاكه‌ ده‌كات و ئه‌ندامه‌كانیش به‌سه‌ر پێكهاته‌ سه‌ره‌كیه‌كانى عێراق (عه‌ره‌بی شیعه‌، عه‌ره‌بی سونه‌ و كورد) دا دابه‌ش بون و ره‌نگدانه‌وه‌ى به‌شبه‌شێنه‌ى سیاسی و پێكهاته‌یی و مه‌زهه‌بی و ته‌نانه‌ت حزبیشه‌.
 
هه‌مو ئه‌ندامه‌كانى دادگاى فیدراڵی عێراق نێرن، تاكه‌ یه‌ك ژن له‌ پێكهاته‌كه‌ى دا نییه‌، ئه‌میش یه‌كێكى تره‌ له‌و روخساره‌ فه‌رمییانه‌ى عێراق كه‌ خاڵییه‌ له‌ بون و به‌شداریی ژنان، هاوشێوه‌ى سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى دیكه‌.
 
 

 



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,060,708     ژمارەی میوان 4412

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە