دەستدرێژی سێکسی بۆسەر کچان لەنێوان لێکەوتە دەرونیەکان و سزادانی بکەرانی

2022/01/06    1700 جار بینراوە
 
* نەوژین - پەرژین کامەران
 
پزیشکێکی چارەسازی دەرونی ئاشکرای دەکات دەستدرێژی سێکسی بۆسەر کچان یەکێکە لە پاڵنەرەکانی دروستبونی هەستی خۆکوشتن لەو کەسانەدا بۆ ئەوەش دەبێت راستەوخۆ چارەسەر وەربگرن، شارەزایەکی کۆمەڵناسیش دەڵێت: " لێکەوتەی لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی ئەو کەسە جێدەهێڵیت بەتایبەت هەستی رقبونەوە لە پیاو لە هەندێک باردا توشی ترسی بەردەوام دەبێت"، هەروەک یاسای سزادانی عێراقی بۆ تاوانەکە کەمترین سزای بە (١٠) ساڵ زیندانی لەگەڵ  پێبژاردنی مادی دیاریکردوە.
 
بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەتان لە ماوەی (١٠) مانگی ئەمساڵ (١٢٥) سکاڵای دەستدرێژی سێکسی لە نوسینەگەکانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی تۆمارکراوە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە چارە سازێکی دەرونی ئاماژەبەوەدەکات لێکەوتەی دەرونی لەسەر قوربانیەکان جێدەهێڵێت بە شێوەیەک لە هەندێک باردا کەسەکە خواستی خۆکوشتنی لا دروست دەبێت. د.نەشمیل رەسوڵ، ئەوە ئاشکرا دەکات دەستدرێژی سێکسی چەندین لێکەوتەی دەرونی لەسەر قوربانیەکە جێ دەهێڵێت لەوانە: خەمۆکی، تەنگەژەی دەرونی، دڵەڕاوکێ، هەندێک جار سەردەکێشێت بۆ ئەوەی کەسەکە هەستی خۆکوژی بۆ دروست بێت.
 
لەگەڵ ئەو لێکەوتانە عەدنان ئەحمەد کۆمەڵناس دەڵێت: "تەنانەت لە هەندێک باردا وادەکات رقیان لە رەگەزی بەرامبەریان بێتەوە، ترس لە بینینەوەی کەسی دەستدرێژیکارو ھەرکەسێک شێوەی لەئەو بچێت، رقبون لە ھاوسەرگیریی، گریان و لاوازیی بەردەوام، ترسی ئاشکرابونی گێچەڵەکە و کوشتنی، ترسی دوبارەبونەوە لەگەڵ پەنابردن بۆ خۆکوشتن".
 
یاسای سزادانی عێراقی بۆ تاوانەی دەستدرێژی سێکسی
 
ئەم باردۆخەی کە روبەڕوی کچان دەبێتە بەشێوەیەکە تاوەکو ئێستا لە کۆمەڵگا ئەم تاوانانە پەردەپۆشدەکرێن و کچان ترسی چونە بەردەم دادگایان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بە گوێرەی ئامارەکان گۆڕانکاری هاتۆتە پێش و ئێستا بەشێکی کچان سکاڵا تۆماردەکەن دژ بە دەستدرێژی کار کە بە پێی مادەی (٣٩٣)ی یاسای سزادانی عێراقی  ئەو کەسەی كە تاوانی دەستدرێژی سێكسی بۆسەر كەسی بەرامبەر ئەنجام دەدەن، سزا دەدرێت بە بەندكردنی هەتاهەتای ئەگەر قوربانییەکە بمرێت، بۆ حاڵەتیەکانی دیکەش سزاکەی کەمتر نیە لە (١٠ ) ساڵ زیندانی  ئەگەر قوربانیەکە کچ بو دەبێت پێبژاردنی مادی بدات.
 
قوربانییەکی دەستدرێژی سێکسی لە زاری خۆیەوە باس لە لێکەوتەکانی ئەو توندوتیژیە دەکات کە بەرامبەری کراوە. ژیان ساڵح، ناوی خوازراوی قوربانییەکەی ئەم توندوتیژیەیە، ئەو کەسەی دەستدرێژی کردوەتە سەری کەسی نزیکی خۆی بوە، ئەو بۆ نەوژین وتی: "بەهۆی دەستدرێژی و ترسەوە لەتەمەنی ١٤ساڵی توشی تێکچونی هۆرمۆن و نەخۆشی جگەر بوم، ئاسەوارێکی زۆر خراپی لەسەرم بەجێ هێشت دوای هاوسەرگیری بەو هۆیەوە دکتۆر وتی نابێت هاوسەرت لێت نزیک بێتەوە، گۆشە گیر بوم خۆم بەدور دەگرت لە هەموکەس".
 
بەو هۆیەوە هاوسەرگیریەکەی ژیانی تەمەن (٤١) ساڵ بەجیابونەوە کۆتایی دێت.
 
"دەبێت کەسی دەستدرێژی لێکراو راستەوخۆ چارەسەر وەربگرێت"
 
بۆ چارەسەری ئەو باردۆخەی روبەڕوی کەسانی دەستدرێژی لێکراو دەبێتەوە، نەشمیل رەسوڵ چارەسازی دەرونی دەڵێت: کەسانەی روبەڕوی دەستدرێژی سێکسی بونەتەوە ئەگەر چارەسەر وەرنەگرن لە کاتی خۆیدا ئەوا لێکەوتەی درێژخایەنی دەبێت، لەبەر ئەوەی کاریگەری تراوما زەبرەکەی لەسەرەو، بەڵام دەتوانرێت چارسەر وەربگرێت ئەوەش بە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ و راوێژکردن لە گەڵیان".
 
* ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی پرۆژەی 'پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە میدیادا' بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق، کە لەلایەن رادیۆی دەنگەوە جێبەجێ دەکرێت، ئامادە کراوە.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,339,825     ژمارەی میوان 3256

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە