* نەوژین - نگین جەعفەر، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی ژنان
دروستکردنی لیژە و پشکنین بۆ پەردەی کچێنی کە لە کوردستان دەکرێت بە تەواوی دژ بنەماکانی مافی مرۆڤە، رێکخراوی جیهانی تەندروستی دژی دەوستێتەوە، چونکە ئەوە بۆخۆی جۆرێکە لە دەستدرێژی بۆ سەر کچان و ژنان.
وەکو پزیشکێک کە لە ساڵی ( ٢٠٠٥)ەوە تا ئێستا توێژینەوە لەسەر بابەتی پەردەی کچێنی دەکەم، لەسەری دەخوێنمەوە لەگەڵ ئەوەدا بەشداریم لە چەندەھا کونفرانسی نیودەوڵەتیدا کردوە، لە زۆربەی شوێنەکان لە دانیمارک بۆ لێدوان دەربارەی بازنەی کچێنی بانگێش دەکرێم، لە کۆی کۆبونەوەکانی ئەوروپا و ئەمریکا من بونم هەبوە و هەم، هەمو یەک دەنگ دەڵێین پشکنین بۆ سەلماندنی پاکیزەیی کچ دورە لە ئەخلاق و ئەتەکیەتی پزشکیەوە، بگرە هەمو یەک دەنگ دەڵێین دەستدرێژیەکی تازەیە کە لە کچەکە دەکرێت و کچەکە توشی تراوما دەکات.
"پشکنینەکە بە جۆرێکی دیکەی دەستدرێژی هەژماردەکرێت"
لە کوردستان باسی لیژنەیەک دەکەن کە دەبێت (٣) دکتۆربن بۆ ئەوەی پشکنین بۆ بازنەی کچێنی بەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە پشکنین بۆ سەلماندنی بازنەی کچێنی و لیژنە گرتن دورە لە ئیتیک و ئەخلاقی پزشکیەوە، پشکنین بۆ لەشی ترساو و لەرزۆکی کچێکی داماو وەک دەستدرێژی هەژمار دەکرێت، پێنانە بە مافی مرۆڤەوە.
توێژینەوەکان ئیسپاتیان کردوە کە تەنانەت پزشکی دادوەریش ناتوانێت (١٠٠٪ )بێت بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە کچێک یان ژنێک پێش یەکەم جوت بون سێکسی کردوە یان نا! لە حەڵەتی دەست درێژی سێکسیدا ئەگەری هەیە برین دروست بێت و بەم شێوە دەتوانرێت بوترێت ئەو کچە سکسی لەگەڵ کراوە! هەتا لەو حاڵەتەشدا ناتوانین بڵێن ئەو سێکسە دەستدرێژیە، دەبێت هەندێک نیشانەی دیکەی لەگەڵ بێت.