* کنێر عەبدولڵا - نوسەر
ماوەی (١٦) رۆژە هەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا بەردەوام ئەبێت، کە ئامانج لێی نەهێشتن و کەمکردنەوەی جۆرەکانی توندوتیژییە کە روبەروی ژنان دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی جێی تێرامانە دیسانەوە قەوانەکان خۆی دوبارە دەکاتەوە و بەرپرسە باڵاکانی حکومەت و حزب و پەرلەمان لە وتارو قسەکان و دروشمەکانیاندا دوبارە.
وەک پیشەی هەمیشەیی ساڵانی رابردو دەڵێن : "دژی هەمو جۆرە توندوتیژییەک لە بەرامبەر ژنان دەوەستینەوە، وەک هەمیشە پابەندین بە پشتیوانیکردن و پاراستنی مافەکانی ئافرەتان، پابەندبونی حکومەت بۆ پشتیوانیکردنی مافەکانی ئافرەتان و نەهێشتنی هەمو جۆرە توندوتیژییەک دوپاتدەکەینەوە، حکومەت کاردەکات بۆ رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار کە ئافرەتان تێیدا پارێزراو و گەشە بکەن".
ئەمانەو چەندینی تر، ساڵانە و نزیکەی ماوەی 30 ساڵی حوکمرانییە لە تیڤی و رۆژنامەو گۆڤارو یادەکاندا گوێبیستی وشەو رستە و بەڵێن و قسەی رەونەقدار ئەبینەوە، تا ئەو رادەیەی هەندێ جار ئێمەی ژنان لەلایەک دەکەوینە پرسیار لە خۆمان بەوەی جیاوازی گوتاری ئێمەو ئەو دەسەڵاتدارانە چییە یان دەکەوینە گومان لەخۆمان بەوەی ئایا خەتابارو کاربەدەستان و بریاردەران داخۆ ئێمەبین یان ئەوان!؟
"حکومەت لە پرسی توندوتیژی وادەزانێت بۆنەی ساڵانەیە دروشمی دوبارە بڵێتەوە"
کاری حکومەت ئەوە نیە لە هاوشێوەی ئەم بۆنانەدا دروشمەکان ساڵانە وەک یەک بڵێتەوە، بێ ئەوەی بکۆڵێتەوە لە ناوەرۆک و قوڵایی واتاکان و جیاوازی وشەکانی لە نێوان ساڵەکاندا، بەڵکو ئەرکی ئەوەیە بوەستێت لەسەر ئامارەکانی ئەمساڵ بەبەراورد ساڵانی رابردو و خۆی بەراورد بکات و بزانێ لەکوێدایەو لەکوێی وڵاتانی تردایە؟ لێکۆلینەوەی جدی بکات و لەڕێی بەرێوەبەرایەتییەکانی توندوتیژییەوە کە ساڵەهای ساڵە دامەزراوەو بزانێ هۆکارەکان و داتاکان و هۆشیارییەکانی دامەزراوەکانی بەپێی چ پلان و بەرنامەیەک درێژە بە کارەکانیان دەدەن و خزمەتەکانیان لە چ ئاستێکدا لەخزمەتی ئامانجی دامەزراندنەکەوە بوە؟ با لەرێی توێژینەوەی زانکۆکانەوە بزانێ چ هەڵوەستەیەکی جدی گیراوەتەبەر بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی جدی لەمەر کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان؟
با لەرێی دادگاکانەوە بەدواداچون و چاودێری هەبێ و بزانێ ئاخۆ رۆژانە بۆ ئەوەنە کوشتن و قوتاربونی بکوژانی ژنان و ئەنجامدەرانی توندوتیژی وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرئەچن و ئیدی بێباکانە بکوژو ببر خۆیان دەبن؟ با وەک حکومەت بزانن دۆخی شێلتەرەکان لە چیدایەو چۆن ئەو کەیسانە و بە چ شێوەیەک دەگەرێنەوە نێو باوەشی کۆمەڵ؟ با بزانێ رێکخراوەکانی ژنان بەدرێژایی کارکردنیان بونەتە خاوەنی ئەزمون و پسپۆر لە کارەکان و تێگەیشتنی زیاتر لە واقعی کێشەکان و لەو روانگەیەوە بێلایەنانە پلانی هەبێ بۆ دروستکردنی لینک و راگۆرینەوە و سودوەرگرتن لە ئەزمون و شارەزاییەکانیان؟ دواجار خوێندنەوەی بێلایەنانەو ئەکادیمیانە بکە بۆ عەقل و مامەڵەی کارمەندانی بنکەکانی پۆلیس و دەزگا پەیوەندیدارەکانی تر لەگەڵ ئەو سکاڵاکەرانەی ژنان و ئەو کەیسانەی رویان تێدەکەن و بزانن چیان پێدەوترێ و چۆن مامەڵەیان لەگەڵ ئەکرێ؟
ئەو کات وەرەوە نێو باسی پرۆژەکانی کە پێویستن بکرێ و چۆن و بەکێ و بە چ شێوازێک تا دواتر ساڵێکی تر هەمان خواست و ئارەزو و حەز نەخوازی، وەک حکومەت و لایەنی کەمیش جیاوازی بکرێت لە نێوان کاری رێکخراوەکان و حکومەتدا، تا چیتر واقعی داتاکان راستگۆیانە پێمان بڵێ ئێمە لە کوێی دونیایان، و تا پرۆژەکان بەگشت وەڵامدەرەوەی کارو بەرپرسیارێتییەکانی حکومەت بێ، نەک دروشم و قسەکان.
ئیتر با لایەنی کەم واقع و قسەکانی ساڵێکی تریش، وەک ئەمساڵ خۆی دوبارە نەکاتەوە.