پەرلەمانی کوردستان لەبەردەم یاسایەکی نوێی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان

2021/11/22    809 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
سبەی پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوە بۆ یاسایەکی نوێی تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان دەکات، ئەندامێکی پەرلەمان دەڵێت"بەم پرۆژە یاسایە روبەڕوبونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بەهێزتر دەبێت"، بەڕیوبەری رێکخراوێکی ژنانیش رایدەگەیەنێت رێکخراوەکانی ژنان بێ ئاگان لە پرۆژە یاساکە.
 
پێش دو رۆژ لە هەفتەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوە بۆ پرۆژە یاسایەکی تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دەکات.
 
سەلما فاتیح، ئەندامی لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان بۆ نەوژین وتی: "سبەی خوێندنەوە بۆ پرۆژە یاسایەکی نوێ دەکرێت لەناو پەرەلمان کە تێکەڵکێشکردنی مادەی یاسایی نوێیە بە یاسا کۆنەکە بۆ بەهێزبونی یاسای تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی توندوتژی دژ بە ژنان".
 
لە بارەی خوێندنەوە بۆ پرۆژە یاساکە شۆخان ئەحمەد، بەڕێوبەری رێکخراوی هاوکاری یاسایی ژنان لە هەژمارەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی: بێ ئەوەی ھیچ کام لە رێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی ئاگاداربن پڕۆژەیەکی نوێی یاسای بەرەنگاربونەوەی  توندوتیژی خێزانی ئافرەتان  لە پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.
 
دەشڵێت: پێم وایە ئەوانەی رۆژانە ئیش بەو یاسایە کاردەکەن ھەروا ئاگادارن.
 
لە بەرامبەر ئەوەدا سەلما فاتح، وتی: "پرۆژەکە لە قۆناغی خوێندنەوەدایە دواتر کە پێشکەشی لیژنەکەمان کرا، بێگومان پرس و را بە رێکخراوەکان و چالاکوان و یاساناسان و وەزارەتی ناوخۆ دەکەین".
 
ئەوی تا ئێستا لە هەرێمی  کوردستان کاری پێدەکرێت دژ بە توندوتیژی خێزانی بەرامبەر ژنان یاسای ژمارە ٨ ساڵی ٢٠١١ی پەرەلەمانی کوردستانە کە بەبەردەوامی دەکەوێتە بەر رەخنەی رێکخراوەکانی ژنان و تەنانەت بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتیەکانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی، سبەی خوێندنەوە بۆ پرۆژە یاسا نوێیەکە دەکرێت کە تا ئێستا ئاشکرا نیە گۆڕانکاریەکانی چین ئەندامەکەی لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتانیش دەڵێت: " ناتوانین ئاشکرای هیچ بڕگەیەکی ناو پرۆژەکە بکەین تا سبەی لە پەرەلەمان دەخوێندرێتەوە".
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,361,285     ژمارەی میوان 2847

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە