مافی مرۆڤ لە هەڵەبجە ژن بەڕێوەی دەبات

2021/11/22    1085 جار بینراوە
 
* نەوژین – ئایندە عومەر
 
فەرمانگەی مافی مرۆڤ لە پارێزگای هەڵبجە ژنێک بەڕێوەی دەبات لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە نیوەی فەرمانبەرەکانی لە رەگەزی مێن، بەڕێوبەرەکەی دەڵێت" کارمان چڕکردوەتەوە بۆ ئەوەی مافی هەموان بپارێزین لەگەڵ ئەوەشدا مافی ژن لە پێشینەی کارەکانمانە".
 
فەرمانگەی مافی مرۆڤ لە پارێزگای هەڵەبجە (١٧)فەرمانبەر بەڕێوەی دەبەن لەو ژمارەیە (١٢) فەرمانبەریان لە رەگەزی مێن، هەروەک ژنێک بەڕێوبەری فەرمانگەکەیە.
 
گوڵستان محەمەد، بەڕێوبەری فەرمانگەی مافی مرۆڤ لە پارێزگای هەڵەبجە بۆ نەوژین وتی: من لە خێزانێکی رۆشنبیر پەروەردە کراوم،  واش فێرکراوم کە زۆر گرنگی بە ئافرەت بدەم هەربۆیە زۆربەی فەرمانبەرەکانیشم ئافرەتن، پێکەوە هەمو هەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرکردنی کەیسێک کە دێتە لامان.
 
 
گوڵستان محەمەد، بەڕێوبەری فەرمانگەی مافی مرۆڤ لە پارێزگای هەڵەبجە
 
گوڵستان، ماوەی ١٣ ساڵە بەڕێوبەری فەرمانگەی مافی مرۆڤە لە پارێزگاکە ئەو باسلەوەدەکات چەندین پرۆژەی هاوبەشیان لەگەڵ رێکخراوەکان هەیە بۆ ئەوەی هانی ژنان بدەن لەسەر پێی خۆیان بوەستنلەگەڵ ئەوەشدا لە قوتابخانەکان بەرنامەی هۆشیاریمان هەیە.
 
بۆ ئەو توندوتیژیانەی لەسەر بنەمای رەگەز روبەڕوی ژنان دەبێتەوە بەڕێوبەرەکەی مافی مرۆڤ دەڵێت: ئەگەر رێگەچارە هەبێت بۆ چارەسەری کێشەکەی ئەوە چارەی دەکەین، ئەگەر نا ئێمە پارێزەری خۆبەخشمان هەیە ئیش لەسەر کەیسەکانی ئەو ژنانە دەکەین کەناتوانن پارەی دادگاکا بدەن.
 
ژنان لە پارێزگای هەڵەبجە توانیویانە چەندین پۆستی گرنگی پارێزگاکە بگرنە دەست لەوانە بەڕێوبەری گشتی شارەوانیەکان، بەڕێوبەری گشتی کاروباری کۆمەڵایەتی، لە ناوسەنتەری شارەکەشدا هەریەکە لە پۆستەکانی قایمقامیەت و سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجەیان بەدەستەوەیە.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,760     ژمارەی میوان 117

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە