ئەو کچە یاریزانەی وتی"جێگری سەرۆکی وڵات دەسدرێژی کردوەتەسەرم" ١٨ رۆژە بێسەروشوێنە

2021/11/20    768 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
کچە یاریزانێکی تێنسی سەرزەوی لە وڵاتی چین دوای ئەوەی لەسەرەتای ئەم مانگەوە لە تۆمارێکی ڤیدۆیدا رایگەیاند لەلایەن چانگ جاولی، جێگری پێشوی سەرۆكی چینەوە دەستدرێژی سێکسی کراوەتەسەر بێسەروشوێنەو گرتە ڤیدۆیەکەش سڕاوەتەوە، نەتەوەیەکگرتوەکانیش داوای ئاشکرا کردنی شوێنەکەی لە حکومەتی چین دەکات.
 
کچە یاریزانی  تێنسی سەرزەوی وڵاتی چین 'پینگ شوای'ە  رۆژی ٢ی نۆڤەمبەر لە تۆمارێکی ڤیدۆیدا وتی: " دەستدرێژی سێكسیم كراوەتە سەر لەلایەن چانگ جاولی، جێگری پێشوی سەرۆكی چینەوە". لەوكاتەوە بێ سەروشوێنەو دیار نییە.
 
یەكێتیی تێنسی سەرزەوی كچانی نێودەوڵەتی، هاتۆتە سەرخەت بۆ دۆزینەوەی شوێنی ئەو كچە یاریزانە، بەڵام تا ئێستا بێ سود بوە، تەنانەت ژمارەی مۆبایل و هەژمارەکانی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان نا چالاکەو بەردەستنابێت کاتێک پەیوەندی پێوەدەکرێت.
 
ئەمە لە کاتیکدایە تەلەفزیۆنی حكومەتی چین دەڵێت یاریزانەكە لەماڵەكەی خۆیدایە پشو دەدات، كەسیش دەستدرێژی سێكسی نەكردۆتە سەر.
 
 
داوای ئاشکراکردنی شوێنەکەی دەکرێت
 
لە بەرامبەردا نەتەوەیەکگرتوەکان هاتۆتەسەرخەت و داوای ئاشکراکردنی شوێنەکەی دەکات.
 
لیز ترۆسێل، وتەبێژی نوسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان، رۆژی هەینی لە جنێف بە پەیامنێرانی وت: "ئەوە گرنگە کە بەڵگەیەک هەبێت بۆ شوێنەکەی و باشبونی، ئێمە داوا دەکەین کە لێکۆڵینەوەیەک بە شەفافیەتێکی تەواوەوە هەبێت لە بارەی کچە یاریزانەکەوە".
 
هەوەرک جێن پساکی سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی لەو بارەیەوە دەڵێت: ئێمە بەقوڵی نیگەرانین لەو راپۆرتانەی کە باسلەوەدەکەن کە پێدەچێت پێنگ شوەیی، بێسەروشوێن بێت دوای تۆمەتبارکردنی بەرپرسی باڵای پێشوی کۆماری گەلی چین، بۆیە ئێمە هەوڵدەدەین بەسەلامەتی ئەو ببینینەوە".
 
پینگ شوای، دو نازناوی تاكی و 23 نازناوی بەكۆمەڵی هەیە لە ژیانی وەرزشی پیشەگەریدا.
 
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,504     ژمارەی میوان 366

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە