بایکۆتی هەڵبژاردن دەست بەرداربونی مافی خۆمان و دابڕانمان نیە لە پرۆسەی سیاسی

2021/10/09    1050 جار بینراوە
 
* نەوژین - پەیمان عزەدین
 
بایکۆت هەڵوێستی سیاسیە ئەوکاتەی دوای چەندین جار تاقیکردنەوە و دەرفەتدان ،دڵنیا ئەبیتەوە لەوەی ئەو دەسەڵاتە ئەهلی چاکسازی و گۆڕانکاری نیە، توانای پاراستنی مافە نەتەوەییەکان ونوێنەرایەتیکردنی سەرڕاستانەی گەلی کوردی نیە لەعیراقدا.
 
 ئەو کاتەی هەردو حیزبی سەرەکی دەسەڵات هەوڵەکانی تەزویری یەکتر ئاشکرا ئەکەن و دڵنیاییمان ئەدەنێ لە راستیی بونی تەزویر لە هەڵبژاردنەکانی رابردودا، کاتێک ئەزانین یەکێتی و پارتی سی ساڵە ئیش لەسەر دروستکردنی گەلێکی بێ ئیرادە ئەکەن و دەرەنجامەکەی خەڵک خۆی ئەکاتە سەگی بەردەرگایان و پێشبڕکێ ئەکەن لەسەر پەلەکردن لە دەنگدانەوە  پێیان سەرباری هەمو ئەو گەندەڵی و ناعەدالەتیەی بەڕێوەی ئەبەن، لەسەرو ئەمانەشەوە کاتێک دەزانین زۆربەی هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی پێش هەڵبژاردن یان دوای هەڵبژاردن ئەبن بە هاوپەیمانیان یان لە باشترین حاڵەتدا لەدڵی خۆیاندا و بەبێدەنگی دژیان ئەوەستنەوە.
 
ئا لەم کاتانەدا بایکۆت ئەبێتە باشترین، وەڵام و بەڕوداوەستانەوە ، بەتایبەت بۆ هەڵبژاردنێکی وەک هەڵبژاردنی عیراق کە زۆرترین چاوی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی لەسەرە، ئەکرێ بایکۆت هاوشێوەی کۆڕەوی ساڵی ٩١ سەیر بکەین ، ئەوکاتەی دڵنیابوین دەرەقەتی زوڵم و ستەمی حیزبی بەعس نایەین و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گوێی لە دەنگی ناڕەزایەتی و خەباتمان نیە، بە بێدەنگی لەو دەسەڵاتە رامانکرد، بۆ پاراستنی خۆمان، ماڵ و شار و جێگاکانمان بۆ ئەو دەسەڵاتە جێهێشت.
چۆڵکردنی بنکەکانی دەنگدان هەمان کاریگەری ئەبێ ئەگەر ئێمە خۆمان بەهەندێ هیوای هەڵخەڵەتێنەرەوە نەبەستینەوە.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,722,158     ژمارەی میوان 2093

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە