* ژاڵە محەمەد، رۆژنامەنوس
رۆژێکیان لە دوای خوێندن لەگەڵ هاوڕێکەم "بەهار" ویستمان بگەڕێینەوە ماڵەوە لەپڕ دەستی بەگریان کرد، لێم پرسی چی بوە بۆ دەگرێت؟ وتی”ئەمدەن بەشو ئیتر ناهێلن بخوێنم“ منیش لەگەڵیدا دەستم بە گریان کرد، نەمئەزانی چی بکەم بەرەو ماڵەوە رۆشتین، بەڵام دوای ئەو بینینە بۆ ماوەی چەند رۆژ بەهارم نەبینیەوە بێتەوە بۆ خوێندنگا.
بیرمە ئەوکاتەی ئێمە لە پۆلی پێنجی سەرەتایی بوین هەمیشە گوێبیستی ئەوە دەبوم کچ هەتا پۆلی پێنج بخوێنێت بەسە دواتر بدرێت بەشو باشە شو چیە؟ عەقڵمان زۆر پێی نەئەشکا.
”رۆژێ دوای گواستنەوەی خۆی سوتاند“
ئەو شەوەی بەهاریان بە بوکی دەگواستەوە من لەماڵیان بوم و زۆر گریام بۆ بەهار، چونکە ئیدی من بەتەنها ئەمامەوە، بەڵام رۆژی دواتر کە بەهاریان گواستەوە خۆی سوتاند و دوای هەفتەیەک مانەوەی لە نەخۆشخانە کۆچی دوایکرد.
ئەو نەیویست شو بکات، بەڵام بە زۆر بە شویاندا دواتر خێزانەکەی زانیان چ تاوانێکی گەورەیان کردوە بۆیە هەتا ئێستاش ویژدانیان ئازاریان دەدا دایکی و باوکی کە منیان ئەبینی دایمە چاو پڕلە فرمێسک بون بۆ بەهاری رەفیقم ئەگریان، بەڵام ئەو لەناومان نەمابو.
بەهار، بوە مایەی خێر و خۆشی بۆ خوشکەکانی دیکەی چونکە خوێندنیان تەواو کرد و بەدڵی خۆیان هاوسەرگیریان کرد ئەو ڕێگری و بەربەستە بۆ ئەوان نەما و ئێستا دڵخۆش دەژین.
بیرمە هەتا کۆتایی خوێندنی ئەو ساڵە جێگاکەی بەهار لە تەنیشتی من لە ناو پۆلدا چۆڵ بو ئازارێکی پێدام بەو منداڵیە هەتا ئێستاش لەبیرمە.
”کۆمەڵگە بۆ خۆسوتاندنی ژنان کاری تێناکات؟“
بەهار سەرەتای تراژیدیایەک بو لە خۆسوتاندن کە ئەو کاتانە بەرگوێم کەوت، لەدوای کۆچی دوایی ئەو چەندین کەسی تر لە ساڵانی دواتر لە گەڕەکەکەمان خۆیان سوتاند و گیانیان لەدەستدا.
لەناو گەڕەکەکەمان ٦ حاڵەتی خۆسوتاندنم بیرە بە هاوڕێیەکی منداڵیمەوە دەستی پێکرد و دواتر زیاد و زیاتر بو بوە باو لەناو خەڵکدا. حاڵەتێکی نامۆ، بەڵام بیستراو و بێزراو کە جەستەیەکی وەک خەڵوز سوتا و ڕەق لەدوای خۆی بەجیدێڵێت.
تا ئەم کاتەش لەگەڵ هەواڵی هەر خۆسوتاندنێک کە دەیبیستم برینی کۆچی دوایی هاوڕێی منداڵیم بیر دەکەوێتەوە و ئازارم دەدات و لە خۆم دەپرسم بۆ دەبێت کۆمەڵگایەک وەک خێزانەکەی بەهار، پەند لە خۆسوتاندنی ژنان وەرنەگرێت؟ تاکو ئەو هەموە قوربانییە بەدوای خۆیدا نەهێنیت!
من دڵنیام لەوەی هیچ شتێک شایەنی خۆسوتاند یان خۆکوشتن نیە لەم جیهانەدا، دڵنیاشم لەوەی بەهاری هاوڕێم و ئەوانەشی کە خۆیان سوتاند پەشیمانن لەو کارەی کردیان، بەڵام تازە پەشیمانی بێسودە.
تێبینی: بەهار ناویی ڕاستی هاوڕێکەم نیە.