زێڕ و بازرگانییە هەڵەکەی خانمان

2020/12/26    1218 جار بینراوە

 

ئەلەند مەحوی

شارەزای ئابوری

شتێکی باوە کە خانمانی هەرێمی کوردستان زۆرینەیان حەزیان بە کڕینی زێڕە، هەرچەندە ئەوان وەک بازرگانی زێڕ ناکڕن، بەڵام پێیان خۆشە ئەوکاتانەی کە زێڕی زۆریان هەیە، زێڕ گران ببێت و نرخەکەی بچیتەسەرەوە و بە قازانج بیفرۆشنەوە، کەواتە لە بنەمادا ئەوانیش بازرگانی دەکەن، بەڵام تا رادەیەک بە هەڵە بازرگانی زێڕ دەکەن.

 

”هەڵەی خانمان ئەوەیە خشڵ دەکڕن نەوەک زێڕ“

 

هەڵەی خانمان لە کڕینی زێڕدا ئەوەیە، کە ئەوان لە بنەمادا زێر ناکڕن، بەڵکو ئەو خشڵ و ئێکسسواراتانە دەکڕن، کە بەشێک لە پێکهاتەکانیان زێڕە، بەشێکی دیکەی (نقێم و زڕگۆن و مەتریاڵی دیکەیە)، ئەمەش لە کاتی فرۆشتنەوەدا بە دڵنیاییەوە بە زێڕ وەرناگیریتەوە لێیان.

هەڵەیەکی دیکەش لەم جۆرە بازرگانییەدا ئەوەیە، کە خانمان جۆرێک زێڕ دەکڕن، کە (حەقدەستی دیزاین)ی هەیە، کاتێکیش هەمان جۆر و بڕی زێڕ دەفرۆشنەوە، حەقدەستەکەیان پێنادرێتەوە، ئەمەش دوبارە پەیوەندی بەو هۆکارەوەیە هەیە کە خانمان خشڵ دەکڕن نەک زێڕ.

 

”خانمان دەتوان بە شێوازێکی دیکە بازرگانی بە زێرەوە بکەن“

 

رێگا راستەکەی بازرگانی زێڕ لە جیهاندا چەند جۆرێکن، کە دەکرێت لە هەرێمی کوردستانیش لە لایەن خانمانەوە پەیڕەو بکرین.

کڕینی ئەو جۆرانەی زێڕ کە حەقدەستی نییە، وەکو ئەوەی لە هەرێمی کوردستان پێی دەوترێت (لیرە، یان قاڵب، یان کیلۆ)، کە بە دڵنیاییەوە ئەم جۆرە بازرگانییەش کارێکی سادە و ئاسان نییە، نرخی زێڕ لەم جۆرە بازرگانییەدا پشتی بەستوە بە روداوەکانی جیهان و کاریگەریان لەسەر بازاڕەکانی جیهان، دەکرێت یەکێک لەو روداوانە زیادبون یان کەمبونەوەی بەرهەمهێنانی زێڕبێت، لەسەر ئاستی جیهان.

 

بازرگانی زێڕ لەبازاڕی کاغەز

 

بازرگانی زێڕ لە بازاڕی کاغەزە داراییەکان، ئێستا رێگایەکی زۆر باوە لە جیهاندا، مرۆڤ دەتوانێت لە ماڵەکەی خۆی و لە رێگەی مۆبایلەکەی خۆیەوە لە بۆڕسەدا بازرگانی زێڕ بکات، بەڵام ئەم رێگایەش رێگایەکی سادە و ئاسان نییە، پێویستی بە فێربون و تێگەیشتنە لە مامەڵەکردن لەگەڵ بازاڕە داراییەکان و روداوە ئابورییەکانی جیهان.

 

بڕیاری هەڵبژاردنی رێگە دروستەکە

 

هەمو ئەم رێگایانەش، بە رێگای یەکەمیشەوە، کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی خۆیان هەیە، بۆ نمونە لە رێگای یەکەم کە ئێستا خانمان پەیڕەوی دەکەن، زیانی دارایی کەم دەکەن، بەڵام زێڕەکەش وەک و خشڵ بەکاردەهێنن بۆ خۆڕازاندنەوە، تا رادەیەکی زۆر دڵخۆشیان دەکات.

لە رێگای دوەمیشدا هەڵگرتن و پاراستنی زێڕەکە لە (دزی)، هەمیشە گرفت دروست دەکات بۆ خاوەنەکەی، ئەمە جگە لەوەی بێ ئاگابون لە بازاڕی جیهان، ئەگەری زیانێکی دارایی زۆری هەیە، واتە دەبێت بزانیت کەی کیلۆیەک زێڕ دەکڕیت، وە کەی دەیفرۆشیت.

هەرچی پەیوەندی بە مامەڵەکردن لە بازاڕی کاغەزە داراییەکانیشەوە هەیە، لە راستیدا رێنمایی هیچ کەسێک ناکەم بەبێ شارازابون لەم بازاڕەدا، بازرگانی بە زێڕ یان هەر کاڵایەکی دیکەوە بکات، چونکە چۆن چانسی ئەوەت هەیە ئەو زێڕەی کە دەیکڕیت 100٪ قازانج بکات، بە هەمان شێوە ریسکی ئەوەشت لەسەرە بەهۆی هەڵە مامەڵەکردنەوە 100٪ زەرەر بکەیت.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,172     ژمارەی میوان 71

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە