لە بری وەڵامەکەی خاتو مرواری بۆ کەسمان پرسیاری رۆژنامەنوسەکە رامانناگرێت!

2021/09/26    1111 جار بینراوە
 
*نەوژین- پەیمان عزەدین
 
بیروباوەڕی  من و مرواری خان بە سەدو هەشتا پلە جیاوازن، بەڵام لەڕاستیا غەدر و ناهەقی و تەشهیرێکی نابەجێی پێئەکرێت، سەرەتا ئەم خاتونە خۆی نەهاتوە ژنهێنان بۆ مێردەکەی بکاتە دروشم و بانگەشەی هەڵبژاردنی، ئەو قسەیەی لە ناو چاوپێکەوتنێکدایە  لەوەڵامی رۆژنامەنوسەکەدا کەلێی ئەپرسێ ئەگەر بچیتە بەغداد چۆن قەرەبوی ئێرە ئەکەیتەوە کە مەبەستی مێردەکەی و ئەرکی هاوسەرێتیە.ئەویش لەوەڵامدا ئەڵێ من ئەوکاتە لە خزمەتی هاوسەرمام هەر بڕیارێک بدات ئەگەر بیەوێ ژنێکی تر بێنێ خۆم بۆی دێنم.
 
دواتر لە درێژەی قسەکەیدا ئەڵێ هیچ ژنێک پێی خۆش نیە هاوسەرەکەی ژنێکی تر بێنێت، بەڵام کاتێک واقعێک دێتە پێشەوە و هاوسەرەکەت قەناعەتی بۆ دروست ئەبێ ژنێکی تر بێنێ ئەبێ ئێمە ملکەچی شەریعەتی خوا بین.
 
ئەم خانمە کەسێکی باوەڕداری مولتەزیمە ،بۆ ئەبێ پێمان وابێ کە وەک 'نوال السعداوی' بیربکاتەوە لە بابەتی فرەژنیدا؟ بۆ کەسمان پرسیاری رۆژنامەنوسەکە رامانناگرێت کە بۆ ئەرکی هاوسەرێتی بۆخانمەکاندیدێک ئەبێتە جێی بایەخی!، بەڵام هیچ کات بۆ کاندیدە پیاوەکان بیر لەوە ناکاتەوە پرسیاری وای لێبکات چونکە لە تێگەیشتنی زۆرینە تەنیا ژن بەرپرسە لە بەجێگەیاندنی ئەرکی هاوسەرێتی.
 
ئەم هەڵمەتی ناوزڕاندنەی بەرامبەر خاتو مرواری بەڕێوە ئەبرێت ئاماژەیە یەکەم بۆ زاڵیی رۆحیەتی هێرش بردن و ناوزڕاندن لەناو تاکی کورددا. دوەم بڕیاردان و هەڵوێست وەرگرتن و قسەکردن لەسەر توێژاڵی بابەتەکان و گوێنەگرتن و نەخوێندنەوە و نەشارەزاییەکی قوڵ. سێیەم شەیدابونمان بە دو فاقی و دو رویی و قبوڵنەکردنی جیاوازیەکان،  پێمان خۆشە ژنێکی ئیماندار دژی فرەژنی و نایەکسانی میرات بێ و رێز لەو عیلمانیە ئەگرین کەتەنیا لە ڕەمەزاندا سەرپۆش ئەکات.
 
ئەم خاتونە کاندیدە راستگۆیە لەگەڵ خۆی و دەنگدەرانی ،بڕوای بە ئاینی ئیسلام هەیە و ئەیەوێ شەریعەتی ئیسلام جێبەجێ بکات، ئەبوایە لەسەر ئەو سەرزەنشتمان بکردایە ئەگەر دژی فرەژنی بوایە لە کاتێکدا کەخۆی ئەندامی حیزبێکی ئیسلامیە، دین بەهەمو بنەماکانیەوە یەک پاکێجە ،یا ئەبێ هەمویت قبوڵبێ یا هیچی ،هەروەک چۆن ناوزڕاندنیش یەک پاکێجە بەرامبەر دیندارێک بکرێت یان بێ دین .
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,868,527     ژمارەی میوان 1716

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە