* نەوژین- شاگوڵ موسڵح ئەنوەر، شارەزا لە زانستە سیاسییەکان
بەشداریی ئافرەت لە کایەی سیاسیدا بریتییە لەو چالاکییانەی کە ئافرەت ئەنجامیان دەدات لە پیادەکردنی مافە سیاسی و شارستانییەکانی خۆی، وەک: مافی دەنگدان و خۆکاندیدکردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنە خۆجێیەکان، بەشداریکردنی لە سەندیکا و رێکخراوەکانی ئافرەتان و ئازادیی رادەربڕین و یەکسانبونیان لەگەڵ پیاوان لە بەردەم یاسادا، وەک دەبینین لە کوردستاندا تاوەکو ئێستا ژن نەبوە بە سەرۆکی حزبێکی سیاسی، هەروەها لە هیچ کابینەیەکدا ژن نەبۆتە سەرۆک وەزیران یان جێگری سەرۆکوەزیران، لە پاریزگهگانیشدا هیچ ژنێک نەکراوە بە پارێزگار، بۆ پێگەی سەرۆکایەتیی هەرێم و جێگرەکەیشی ئەم گوتەیە هەر راستە.
بەشداریی ئافرەت لە کایەی سیاسیدا
ئاشکرایە بنەمای یەکسانی، یەکێکە لە گرنگترین بنەما سەرەکییە دەستورییەکان کە هەمو ماف و ئازادیە گشتییەکانی لەسەر بەندە، لە نێوانیشیاندا مافی سیاسی، بەڵام شتێکی تر لە پێدانی مافی ئافرەت گرنگترە، ئەویش پاراستنی سنور و کەرامەتی ئافرەتە. بە واتایەکی تر، پاراستنی پێگەی ئافرەت شوێنی باڵاتر و وردتری هەیە لە پێدانی مافەکانی. سەرباری سەرجەم یاسا و بڕیارە نێودەوڵەتی و ناوخۆیییەکانی تایبەت بە مافەکانی ئافرەت، کەچی هێشتا لە ئەرزی واقعدا ژنان بەدەست جیاکاریی جێندەرییەوە دەناڵێنن.
ئەم کێشەیەی ئافرەتان لە بڕیاردانی سیاسی، تەنیا تایبەت نییە بە کۆمەڵگەی کوردستان، بەڵکو کۆمەڵگە پێشکەوتوەکانیش زۆر جار مافی تەواویان بە رەگەزی مێیینە نەبەخشیوە. لە مێژوی حوکمڕانیی کورد دا ژن بە چەند وێستگەیەکی جیاجیا تێ پەڕیوە و بەپێی شوێن و کات لە سیاسەت و بڕیاردان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتوە، بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری رۆژهەڵات، لە هەرێمی کوردستاندا ئافرەتان لە کاروباری سیاسیدا رۆڵی کارایان هەیە و بە ئاراستەی پێشکەوتنێکی دیار دەڕوات. لە ئێستایشدا سەرۆکی پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان ئافرەتە. لە سیستەمی هەرێمییشدا رێژەی بەشداریی ژنان بۆ ٣٠٪ بۆ پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگه و ئەنجومەنە خۆجێیەکان دانراوه، بەڵام وەک ئەوەی ژنان بونەوهرێكی کۆمەڵایهتی بن و پەیوەست بن بە کاروباری کۆمەڵایەتی و پەروەردە و بواری تەندروستییهوه و تەنیا بۆ ئەم بوارانە شیاو بن، لە لیژنەکانی پەیوەست بە ئەمن و ئاسایشی نەتەوەیی و دارایی و ناوخۆ و پێشمەرگە جێگهیان نەبۆتەوە.
”شوێنی ژن ونە لە پستە باڵاکانی حکومەت و حزب“
تاکو ئێستایش هیچ ژنێک نەبۆتە سەرۆکی حزبێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا. هەروەها لە هیچ کابینەیەکدا ژن نەبۆتە سەرۆک وەزیران یان جێگری سەرۆکوەزیران، لە پاریزگهگانیشدا هیچ ژنێک نەکراوە بە پارێزگار و جێگری پارێزگار. بۆ پێگەی سەرۆکایەتیی هەرێم و جێگرەکەیشی ئەم گوتەیە هەر راستە.
کۆبونەوەی سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێـم
پرسێکی گرنگی وەک بەشداری و رۆڵی ئافرەت لە کایەی سیاسی بە شێوەیەکی یەکسان شان بە شانی پیاو، تەنیا ئەرکی دەوڵەت و حزبە سیاسییەکان نییە، چونکە ئەو دوانە لە کۆمەڵە کەسێک پێک دێن کە زۆر جار خۆیان باوەڕیان بە وەها دیاردە و پێویستییەک نییە. ئەوەی گرنگە هۆشیارکردنەوەی خودی ئافرەت خۆیەتی لەگەڵ گروپە جیاوازەکان و رێکخراوەکانی تایبەت بە مافی ئافرەت و مافی مرۆڤ بۆ ئەوەی گوشاری سیاسی دروست بکەن تا ئاستەنگەکانی بەردەم ژنان لە کاروباری سیاسی کەم بکەنەوە.
”ئافرەتی کورد لە دولایەنەوە مافی پێشێلکراوە“
پێشێڵکردنی مافی ئافرەت لە هەرێمی کوردستاندا، جیاوازە لە پێشێڵکردنی مافی ئافرەتی وڵاتانی تر، چونکە ئافرەتی کورد لە لایەک رێگەی داب و نەریتەوە مافی پێشێڵ کراوە، لە لایەکی تریشهوه وەکو مرۆڤ مافی پێشێڵ کراوە.
بەگشتی ئاستەنگەکانی بەردەم کاری سیاسیی ئافرەت لە چەند خاڵێکدا کۆ دەبێتەوە سەروەربونی ئەو چەمکانەی کە دژی مافی ئافرەتن و ئەو داب و نەریتانەی لە کۆمەڵگهدا باون و دژی کاری سیاسیی ئافرەتن، ئەمە جگە لەو بیر و بۆچونانەی کە لە مێشکی ئافرەتانیان چەسپاندوە لە ئاستی خوارەوەی کۆمەڵگەدا، کاتێک سیاسەت وەکو کایەیهکی 'گڵاو' وێنا دەکەن و باڵادەستیی پیاو دەسەلمێنن. لێرەدا ژنان بە حەزی خۆیان لە کاری سیاسەت دور دەکەونەوە بۆ ئەوەی گڵاو نەبن، ژنان بێئاگان لەوەی سیستەم لە پێناو قازانجی زیاتردا دەیەوێت ژن وەکو کاڵایەک بەکار بهێنێت و لە کاری سیاسیدا دوریان بخاتەوە و لەنێو چەند بوارێکی کاڵاییدا نوقمیان بکات، چونکە سیستەم بە ئاگایییەکی تەواو ژنان بەرەو بابەتەکانی وەک فاشن و شاجوان و رازاندنەوەی مێزی گفتۆگۆکان دەبات. تەنانەت لە دراماکانیشدا کەسایەتیی ئافرەت ئەوە نییە کە دەیەوێت کەسایەتییەکی بەهێز بێت بەڵکو زۆرتر وەک کاڵایەکی جەستەیی نمایش دەکرێت.
چوار پارێزگارەکەی هەرێـم
”ژنان خۆیان لە کاری سیاسی بە دوردەگرن“
نەبونی هۆشیاریی پێویست لای ئافرەتان خۆیان سەبارەت بە گرنگیی بەشدارییان لە کاری سیاسیدا و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی مافە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان. ژنان خۆیان لە کاروباری رۆشنبیری و سیاسەت دور رادەگرن و زیاتر خۆیان بە میدیا و گۆڤارەکانەوە سەرقاڵ کردوە.
هەروەک باڵادەستبونی پیاو و روانگە پیاوسالارییەكهی بەسەر کایە و جومگەکانی دەوڵەت و دامەزراوەکان و ئابوریی وڵات و قۆرخکردنی پلە و پۆستە باڵاکان لە لایەن پیاوانەوەو دابەشکردنی رۆڵە تەقلیدییەکان لە نێوان ژن و پیاو لە کاروباری کۆمەڵایەتی و خێزانییەکاندا، کە هەمیشە ئافرەتان لە پەروەردەکردنی منداڵ و چاودێریی خێزان و بەڕێوەبردنی ماڵدا پشکی شێریان بەردەکەوێت. لەم کۆمەڵگهیەدا هەمیشە هەوڵ دراوە پەیوەندیی ئافرەت لەگەڵ چێشتخانەکەی بکەنە پەیوەندیەکی سروشتی، ئەم بیرۆکەیەیش لە مێشکی ئافرەتاندا بسەپێنن بۆ کەمکردنەوەی رۆڵی ئافرەتان.
رۆڵی نەرێنیی ئامرازەکان و کەناڵەکانی راگەیاندن بەتایبەتیش ئەو کەناڵانەی لەژێر کاریگەریی بیری نێرسالاریدان ئافرەتیان کردۆتە دیلی ئەو بۆچونە هەڵانەی کە گوایە لە بەشداریی چالاکییە گشتییەکانی کۆمەڵگەدا کەمتوانان.
”کەمی ژمارەی ئەو رێکخراوانەی بەراستی داکۆکی لە مافی ئافرەت دەکەن“
کەمیی ئەو رێکخراوانەی کە لە بواری کاروباری ژنان و بەرگریکردنی راستەقینەی دۆزی ژنان چالاکن و، سەربەخۆبن و پاشکەوتەی حزبەکان نەبن ئەو حزبە سیاسییانەی تەنیا بۆ ئارایشی سیاسیی روی حزبەکەیان کەمێک بوار بە ئافرەت دەدەن و لە بنەڕەتدا هیچ رۆڵێکی ئەوتۆیان نییە و خاوەن بڕیاری خۆیان نین.
لەگەڵ ئەو ڕوانگە خراپەی کە بەرامبەر بە بەشداریی ژن لە کایەی سیاسیدا هەیە، زۆر جاریش ئەو خراپەکاری و رێگرییانەی لە ئافرەت دەکرێت، بەرگێکی ئایینییان بەبەردا بڕاوە. هەر ئەوەندە ژنان دەنگ هەڵێنن و داوای چەسپاندنی زیاتری مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان بکەن، زۆرێک لە پیاوانی ئایینی و بانگخوازهکان ئەم داواکارییانە بە مەترسی بۆ سەر پیرۆزیی پیاو لە قەڵەم دەدەن.
لەم سۆنگەیەوە ئەوەی لە ئێستادا باڵادەستە، سیاسەتی پیاو یان نێرسالارییە لە هەرێمی کوردستاندا. ئەگەر بەوردی سەیر بکەین، دەسەڵاتی پیاو گشتگیرترە، هەرچەندە بۆ دەستەبەرکردنی مافە سیاسییەکانی ئافرەتان هەندێک هەوڵ دراوە، بەڵام کۆششی زیاتری پێویستە لە پێناو ئاییندەیەکی باشتر، چونکە یەکێک لە پێوەرەکانی پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک، یەکسانیی ژن و پیاوە لە مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا.