کاندیدە ژنەکان پێویستە پێش هەمو کەس خزم و کەسیان پاڵپشتیان بن

2021/08/18    1036 جار بینراوە
 
* نەوژین - لانە ئامانج، پارێزەر
 
دیموکراسی واتا  ده‌سه‌ڵاتى گەل دەستا و دەستکردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە، بە مەرجی پاراستنی ماف و ژیانی هاوڵاتیان بە شێوەیەکی یەکسان، دیموکراسی سیستەمێکی کۆمەڵایەتییە کۆمەڵگە پەیڕەوی دەکات لەگەڵ رۆژگار دەبێتە بەشێک لە رۆشنبیری کۆمەڵگە بۆیە هاوڵاتیان لە هەمو دونیادا بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن و بڕیاری خۆیان دەدەن.
 
 بێگومان بەشداری ژنانیش لە سیاسەت واتا پیادەکردنی جەوهەری دیموکراسی لە وڵاتدا و بەشداریکردنی ژنان لە دەنگدان و خۆکاندیدکردن و وەرگرتنی پۆستی سیاسی واتا هەنگاونانە بەرەو کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و دابینکردنی مافەکانی مرۆڤ و پێگەیاندنی ژنان لە بواری سیاسەتدا.
 
لە وڵاتێکی وەکو ئێمە لە کوردستان بەشداریکردنی ژنان لە هەڵبژاردنەکان ئەوەندە ئاسان نییە، چونکە کۆمەڵێک ئاستەنگ و کێشەیان دوچار دەبێتەوە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبونی یەکسانی لەنێوان ژن و پیاودا و هەروەها تێڕوانینی نەرێنی کۆمەڵگە بۆ کارکردنی ژن لە مەیدانی سیاسی زاڵبونی رۆشنبیری و هەروەها نێرسالاری لەسەر کۆمەڵگادا، بێگومان ئەو بیرکردنەوە نێرسالارییە تاڕادەیەک بەسەر بەشێک لە ئەقڵیەتی ژنان زاڵە بۆیە ژنان ناتوانن رۆڵێکی کارایان هەبێ لە بواری سیاسی دا.
 
ئەو ئاستەنگیانەی کە دێتە بەردەمیان لە کۆمەڵگەوە دێت و هەروەها بەشێکیان لە لایەن خێزان و عەشیرەتەوە دوچاری ئەو ئاستەنگ و کێشانە دەبنەوە لەم کاتانەدا، ئەوانەش بە نمونە هەبون لە کوردستان کە چەندین ئافرەتمان هەبوە کە خێزانەکەی خۆیی پشتگیری نەکردوە کۆمەڵێک ئاستەنگ و کێشەی بۆ دروست بوە ئەمە وایکردوە دورکەوێتەوە لە کارەکەی خۆی و هەروەها لە بواری سیاسەتدا.
 
گرنگترین شت ئەوەیە لە هەڵبژاردنەکاندا ئەو ژنانەی کە خۆیان کاندید دەکەن بتوانن سەربکەون سود لە ژنانی پێش خۆیان وەربگرن و بتوانن ئەو ئاستەنگانە تێپەرێنن، هەروەها راگەیاندن رۆڵێكى باڵای هەیە لەو کاتانەدا کە بتوانێ بە شێوازێکی جوان و رێک ئەو بیرکردنەوە و توانایەی کە لە ئافرەتەکەدا هەیە دەریبخات، ژنان لەو کاتانەی کە دوچاری ئەو حاڵاتانە دەبنەوە کە تەشهیر دەکرێن یاخود سوکایەتیان پێدەکرێت زۆرجار بێدەنگی هەڵدەبژێرن ناچن سکاڵا تۆمار بکەن لەلایان پۆلیس و یاخود توندوتیژی ئافرەتان بێگومان ئەگەر سکاڵا تۆمار بکەن کەیسەکان بچێتە دادگاوە وئەو دیاردەیە کەمتر دەبێتەوە ژنان کەمتر توشی ئە کێشانە دەبنەوە ئەگەر دەنگ هەڵبرن.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,359,275     ژمارەی میوان 1461

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە